وەزیری پەروەردەی عێراق لیژنەیەکی باڵا لەبارەی خوێندن لە شنگال پێکدەهێنێت

06-03-2024
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن شنگال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی عێراق، لیژنەیەکی باڵا لەبارەی خوێندن لە قەزای شنگال پێکدەهێنێت، لیژنەکە سەردانی قەزاکە دەکات و لە دۆخی پەروەردە دەکۆڵێتەوە. 
 
کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6ـی ئاداری 2024) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئیبراهیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق بڕیاریدا لیژنەی باڵا لە وەزارەت پێکبهێنرێت بۆ سەردانی شنگال، لیژنەکە لە دۆخی پەروەردە لە قەزاکە دەکۆڵێتەوە بۆ شیاندنەوە و پشتیوانیکردنی کەرتی پەروەردە لە هەموو ئاستەکاندا.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت، پێکهێنانی لیژنەکە لەسەر بنەمای سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ  قەزای شنگال کە لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دۆخی قەزاکە کرد.
 
سوودانی، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە سەردانی شنگالی کرد، تێیدا سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای کرد و لە نزیکە لە رەوشی شنگالی کۆڵییەوە.
 
رۆژی سێشەممەش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سوودانی باسی خراپیی دۆخی خزمەتگوزاری لە شنگال و پێویستیی زەمینەسازی کرد تاوەکو ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەروەها داوای لە وەزیرەکان کرد هەریەکەیان بەدواداچوون بۆ دۆخی شنگال بکات، فەرمانگەکانیان لە شنگال بکەنەوە و خزمەتگوزاری پێشکێش بە قەزاکە بکەن.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی سێشەممە 6ـی ئاداری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی ئامار و داتای وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە پێیاندراوە، نزیکەی 10 هەزار مامۆستای سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تەنسیب لە نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەوام دەکەن."
 
عەلی عەباس کە هاوکات بەرپرسی لقەکانە لە وەزارەت دەڵێت، ئەو مامۆستایانە خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، سەلاحەدین و کەرکووکن، ئەمەش لەکاتێکدایە قوتابخانەکانی ناوچە ئازادکراوەکان گرفتارن بەدەست کەمیی مامۆستاوە.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، کۆتاییە و پێویست بوو دوو ساڵ لەمەوبەر بدرێت، بەڵام ئەوکات بەهۆی کاریگەریی پەرلەمانتاران ئەو بڕیارە دواکەوت، کە ئێستا هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە داخستنی کەمپەکان بۆ کۆتایهێنان بە دۆسییەی ئاوارەکان.
 
13ـی شوباتی 2024 وەزارەتی پەروەردەی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتەکەی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، 30ـی تەمموزی 2024ـی دیاریکردووە بۆ داخستنی کەمپەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان؛ بۆیە پاڵپشت بەوە بڕیاریانداوە لەو رۆژەدا نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەیان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێت.
 
وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوا دەکات لەو کاتەی کە ماوە؛ رێکاری پێویست و بەپەلە بگرنەبەر، تاوەکو لە رۆژی ئاماژەپێکراودا نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێن.   
 
رۆژی 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەکان بڕیاریدا، پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دابینبکرێت و رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان. 
 
بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و زەوینەسازیی تەواو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، مانگێکی دیکە وادەی داخستنی کەمپەکانمان درێژکردووەتەوە. دەبێت تاوەکو 30ـی تەمموزی ئەم ساڵ، سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن."
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کە بە رووداوی داوە، لە هەرێمی کوردستان 24 کەمپ هەن، کە نزیکەی 35 بۆ 37 هەزار خێزانی ئاوارە لەنێویاندا هەن و ژمارەیان نزیکەی 120 هەزار کەسە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە