بلینکن بۆ نادیە موراد: پاڵپشتی لە ئێزدییەکان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن لەگەڵ نادیە موراد کۆبووەوە و پاڵپشتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کوردانی ئێزدی دووپاتکردەوە.
رۆژی چوارشەممە، 6ـی شوباتی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، لە پۆستێکدا لە ئێکس پاڵپشتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کوردانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش راگەیاند.
بلینکن لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نادیە موراد نووسیوویەتی، "پاڵپشتیی نەگۆڕمان بۆ دادپەروەری و چاکبوونەوەی ئێزدییەکان و ئەوانەشی رزگاربووی جینۆسایدن لە عێراق و سووریا دووپاتکردەوە".
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند.
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بۆ رووداو، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 575 کوردی ئێزدی لەدوای رفاندنیانەوە رزگار کراون.
هێرشەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی بەشی زۆری کوردانی ئێزدی لە سنووری شنگال و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 280 هەزار کەسیان لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەژین. ئەوە جگە لەوەی لە هەمان کاتدا 130 هەزار کوردی ئێزدیش چوونە دەرەوەی وڵات.