کورسیی پێکهاتەکان سەرەکیترین خاڵی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
دوای رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئێستا 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان سەرەکیترین ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەنێویشیاندا یەکێتی و پارتی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە پێویستی دەزانێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن چاوەڕوانی رێککەوتنی لایەنەکانە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێنجشەممە (02-03-2023) لە کۆڕبەندی دووەمی هەولێر رایگەیاند "دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکەین. ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە و کاریگەری لەسەر هەموو شتێک دەکات و بەتایبەتی پرسی رەوایەتیی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەداخەوە ساڵی رابردوو هێزە سیاسییەکان لەسەر کۆمەڵێک شت پێکنەهاتن بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە بکرێت. ئێمە ئێستا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەستمان کردووە بە دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان. هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پرسی هەڵبژاردن بە بابەتێکی جیدی وەربگرن. ئەمە مافی خەڵکی کوردستانە و هیچ هێزێکی سیاسی، نە پارتی و نە یەکێتی و نە گۆڕان و نە هیچ لایەنێکی دیکە ناتوانێت ئەو مافە لە خەڵک بسەنێت".
یەکێتی داوا دەکات لە 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان چوار کورسیان بۆ پارێزگای سلێمانی دابنرێن. بەشێوەیەک پێکهاتەکانی سریانی و ئاشووری دوو کورسی و تورکمانەکانیش دوو کورسییان هەبێت.
رۆژی 01-03-2023 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کۆڕبەندی هەولێر گوتی "من، پێموانییە هەڵبژاردن کێشەکانمان چارەسەر بکات، بەتایبەتی لە هەندێ لەو شتانەی دەیبیستمەوە کە هەندێک لە برادەران لەنێو پارتی دەیانەوێ لەم هەڵبژاردنەدا بیکەن، ئەگەر ئەمانە بکەن، بەو خوایە کێشە بۆ هەڵبژاردن دروست دەبێت، بەو خوایە هەڵبژاردن رەنگە هەر نەکرێت".
گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتووش داوادەکەن بۆ پێکهاتەکانیش فرەبازنەیی پەیڕەو بکرێت و تۆماری تایبەت بە خۆیان هەبێت و خۆیان دەنگ بە خۆیان بدەن، پارتیش دەڵێت، ئەوان لەگەڵ داوای پێکهاتەکاندان.
04-03-2023 فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو گوتی "100 ماڵی مەسیحی لە سلێمانی هەن، بەڵام لە پارێزگای هەولێر 600 ماڵی مەسیحی هەیە. ئایا دەکرێ مەسیحییەکان لە هەولێر یەک کورسییان هەبێت؟ با هەموویان یەک بازنە بن. مەسیحییەکی خەڵکی سلێمانی لەنێو یەک بازنە دەربچێت، کەس رێگری ناکات".
بڕیاربوو 1ـی تشرینی یەکەمی 2022 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، نەتوانرا لەو بەروارە هەڵبژاردن بکرێت و لە 09-10-2022 تەمەنی پەرلەمان بۆ کۆتایی 2023 درێژکرایەوە بۆ ئەوەی لەو رێککەوتە هەڵبژاردن بکرێت.