حکومەت خانووە کۆنەکانی رواندز نۆژەندەکاتەوە و وەکو ناوچەی شوێنەواری تۆماریان دەکات

06-03-2023
ئەندام جەبار
خانوویەکی کۆن لە رواندز
خانوویەکی کۆن لە رواندز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بە ئامانجی بەزیندوو هێشتنەوەی کولتوور و دەستی کاری وەستاکارانی سەردەمی میرنشینی سۆران، حکومەت خانووە کۆنەکانی رواندز دەکڕێتەوە و لە هەنگاوی سەرەتاشدا نۆژەنیان دەکاتەوە، خاوەن خانووەکانیش داوای قەرەبوو دەکەن. 
 
خێریا ژوور بە ژووری خانووەکەیان دەگەڕێت کە نیوەی زیاتری تەمەنی تێیدا بەسەر بردووە و دەیان بیرەوەری خۆش و ناخۆشی تێیدا تۆمارکردووە، بۆ ئەوەی خانووەکە بچێتە لیستی شوێنەواری رادەستی حکومەتی دەکەن. 
 
خێریا قادر، خاوەنی یەکێک لە خانووە کۆنەکانی رواندزە و دەڵێت: بە خۆشی و بە ناخۆشی لەم خانووە ژیاوین چوار کوڕم و دوو کچم لێرە هاوسەرگیرییان کردووە، دوو منداڵیشم هەر لەم خانووەدا لەدایکبوون. 
 
فاروق حوسێن، خاوەن خانوویەکی دیکەیە و دەڵێت: داواکاریمان ئەوەیە شوێنێکمان هەبێت تێیدا بژین، من خانەنشینی پێشمەرگەم، لەمەودوا خانووم پێناکڕدرێت و دروستناکرێت، داواکارم خانوویەکمان پێبدەن تاوەکو ئەو تەمەنەی ماومانە بتوانین تێیدا بژین. 
 
هەنگاوی سەرەتای حکومەت نۆژەنکردنەوەی 10 خانووی کۆن و کولتووری رواندزە، دواتر خەمڵاندنی نرخ و کڕینەوەیانە لە خاوەنەکانیان، ئامانجیانە دەستکردی وەستاکارانی سەردەمی میرنشینی سۆران بپارێزن. 
 
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو خانووانە نزیکبوون لە داڕمان هەریەک لەو خانووانەش خاوەنی خۆی هەیە، ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین لە داڕمان بیانپارێزین دوای وەرگرتنی رەزامەندی دەستمان کرد بە نۆژەنکردنەوەیان لە داهاتووش کارمان لەسەر کردووە و زیاتریش کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی خاوەندارێتییان بگوازینەوە بۆ شوێنەوار." 
 
ئەو هەنگاوە پێکەوەییەی خەڵک و حکومەت رواندز لە بواری شوێنەواری دەباتە قۆناخێکی دیکەوە. 
 
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران بە رووداوی گوت: خانووە کەلەپورییەکان هەمیشە رەمزێکی گرنگی شارەکەمانن؛ هەروەها لایەنێکی کۆن و دێرینی ئەو شارەن کە تائێستاش ماون، بۆیە دەکرێت لەو رێگەیەوە گوزەر بکەی بۆ ئەو ساڵانەی کە ساڵانێکی مێژوویین، بۆ نموونە سەردەمی میر محەممەد.  
 
لە رواندز هەشت هەزار خانوو هەن و بەسەر 13 گەڕەکدا دابەشبوون، ژمارەی ئەو خانووانەی مێژوویان بۆ سەدەیەک و زیاتریش دەگەڕێتەوە نزیکەی 30 خانوون. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.