وەزارەتی بارزگانیى هەرێمى کوردستان دڵنیایی دەدات و دەڵێت، 'بێ گەنم نابین'
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرى گشتیی بارزگانى لە وەزارەتى بازرگانیی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، حکومەتى عێراقى بەشی دوو مانگى دیکە گەنمى کۆگەکراوی هەیە و 150 هەزار تۆن گەنمیشى لە ئوسترالیا کڕیوە، دەشڵێت، "بێ گەنم و ئارد نابین".
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بارزگانى لە وەزارەتى بازرگانیى هەرێمى کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، ئاماژەى بەوەدا کە حکومەتى عێراقى بەشی دوو مانگى دیکە گەنمى کۆگەکراوی هەیە و لە مانگى نیساندا گەنمى ناوچەکانى نێوەڕاست و باشووری عێراق پێدەگات، ئەوە جگە لەوەى 150 هەزار تۆن گەنمى لە ئوسترالیا کڕیوە و بەڕێوەیە و گوتى، "بێ گەنم و ئارد نابین".
نەوزاد شێخ کامیل، ئاشکرایکرد کە رێژەى هاوردەى هەرێمى کوردستان لە ئۆکرایناوە ناگاتە 20٪ و دەروازەى دیکە هەیە کە هەرێمى کوردستان خۆراک و کاڵاى لێوە هاوردە دەکات و گوتى، "بازرگانانى هەرێمى کوردستان دڵنیایان کردووینەتەوە کە ناهێڵن بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان بێ خۆراک بن".
بەڕێوەبەرى گشتیى بارزگانى گوتیشى، "تاوەکو ئێستا جەنگى ئۆکراینا و رووسیا کاریگەریى راستەوخۆى لەسەر هەرێمى کوردستان نەبووە، چونکە کۆگەکانمان کاڵایەکى زۆرى تێدایە".
لەبارەى گرانبوونى هەندێک خۆراک، ئەو بەرپرسەى وەزارەتى بازرگانى ئاماژەى بەوەدا کە ئەو هەنگاوە بەشێک لە بازرگانەکان ناویانە، ئاشکرایکرد کە ئەمڕۆ یەکشەممە (6ى ئازار) داوایان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى چاودێریى بازرگانى کردووە چاودێریی تووند بخەنە سەر بازاڕ و گوتیشى، "رێوشوێن لە دژى ئەو بازرگانانە دەگرینەبەر کە نرخ زیاد دەکەن".
ئەو گوتانەى بەرپرسەکەى وەزارەتى بازرگانى لەکاتێکدایە، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە مانگى رەمەزان نرخى بەشێک لە خۆراکەکان زیادیکردووە.
بەڕێوەبەرى گشتیى بارزگانى لە وەزارەتى بازرگانى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەدا کە وەزارەتى بازرگانیی عێراق ئاگادارى کردوونەتەوە کە بۆ مانگى رەمەزان دوو سەبەتە خۆراکى مانگانە دابەشدەکرێت، بەشی یەکەم بەر لەو مانگە و بەشەکەى دیکە لە ناوەڕاستى رەمەزاندا دابەشدەکرێت.