ترەمپ بۆ بارزانی: بە هاوبەشی دەتوانین بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵبین

رووداو - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە هاوبەشی بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵدەبین.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نامەیەکدا بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر "هاوکاری و شەراکەتی نێوان هەردوولا کردووەتەوە و رایگەیاندووە، کە بە هاوبەشی دەتوانین بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵبین".

لەو نامەیەدا، دۆناڵد ترەمپ سوپاسی بارزانی کردووە، کە لەکاتی هەڵبژاردنیدا وەک سەرۆکی ئەمریکا، نامەی پیرۆزبایی ناردووە و تەئکیدی کردووەتەوە "ئەگەرچی تەحەدیاتی زۆر لە رێگاماندا هەن، بەڵام بە هاوبەشی دەتوانین بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵبین و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان بپارێزین و ئاشتی و سەقامگیری و بووژانەوە دابینبکەین".

رۆژی 9-11-2016 بارزانی لە نامەیەکدا پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئەمریکا.

لە نامەکەدا بارزانی رایگەیاندبوو "هیوادارم لەو ئەرك و بەرپرسیاریەتییە گرنگ و تازەتان سەركەوتوو بن. گەلی كوردستان ماوەیەكی درێژە كەوتووەتە بەر زوڵمێكی زۆر و ناچار بووین لەپێناو پاراستنی پێناسەی نەتەوەیی خۆمان و لەپێناو ئازادیدا خەبات بكەین. ئێستایش لە شەڕێكی قورس و گەورەداین لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش كە رێكخراوێكی تیرۆریستیی جیهانییە و لەو ڕێگەیەیشدا قوربانیی زۆرمان داوە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندبوو "هیواخوازین ئەو یارمەتی و هاوپەیمانییەمان لە ئاییندەدا زیاتر بەردەوام و پتەوتر بێت. گەلی كوردستان چاوەڕوانی پشتیوانییەكی تەواو لە جەنابتان دەكات بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانی".

داڕشتنەوە: حەکیم داود