شارەزایانی کشتوکاڵی: دانەوێڵە روواوەکان سوود لەم شەپۆلی بارانە نابینن

06-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شارەزایان دەڵێن، ئەم شەپۆلە بارانەی کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە وادەی خۆی دواکەوتووە. بە گوتەی شارەزایەکی کشتوکاڵ، دانەوێڵە چێندراوەکانی سنووری دەشتاییەکانی باشوور و رۆژئاوای هەولێر وشکبوون و ئەم بارانە سوودی بۆیان نابێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025، شاخەوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسیی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئەم بڕە بارانەی کە ئێستا دەبارێت و بەردەوامە، سوودی دەبێت، بەڵام بەوپێیەی لە وادەی پێویستی خۆیدا نەبوو، سوودەکەی بۆ نیوە کەمبووەتەوە."
 
بە گوتەی شاخەوان حەمەسەعید، "ئەم بارانەی ئێستا ئەگەر لە نێوەڕاستی مانگی یەکدا بوایە، بە رێژەی 100٪ سوودی بە دانەوێڵە دەگەیاند."
 
ئەو بەڕێوەبەرەی بەشی کەشناسیی کشتوکاڵی هەولێر هۆشداری دەدات و دەڵێت، "بەداخەوە ئێمە بەهۆی درەنگکەوتنی بارانبارینەوە لە سنووری هەولێر و دهۆک لە وشکەساڵی کشتوکاڵی نزیک بووینەتەوە و مەترسی سەر بەرهەمی کشتوکاڵی ئەم ساڵ زۆرە."
 
هەر ئەمڕۆ، موسلیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی گوت، "ئەو دانەوێڵانەی کە سەریان لە خاک دەرهێناوە، وشکبوون و ئەم بارانە سوودی بۆیان نابێت، بەڵام ئەوانەی کە درەنگتر چێندراون و تۆوەکانیان هێشتا لە ژێر زەویدان، ئەم بارانە سوودێکی باشیان پێدەگەیێنێت."
 
هاوکات هیشام عەبدولخالق، شارەزای بواری کشتوکاڵی بە رووداوی راگەیاند، "دانەوێڵە چێندراوەکانی سنووری دەشتاییەکانی باشوور و رۆژئاوای هەولێر وشکبوون و ئەم بارانە سوودی بۆیان نابێت، بەڵام دەشتاییەکانی هەریر و رۆژهەڵاتی هەولێر بەگشتیی ئەم بارانە سوودیان پێدەگەیێنێت و زەوییەکانیان پڕئاو دەبن."
 
محەممەد کەمال، کە شارەزایەکی کەشناسییە بە رووداوی گوت، "ئەم شەپۆلە بارانبارینە سەرتاسەرییە تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و هەفتەی داهاتووش هەفتەی بەفربارین دەبێت."
 
بە گوتەی ئەو شارەزای کەشناسییە، "پێشبینی دەکەین لەم شەپۆلە بارانبارینەدا، لە سنووری هەولێر 12 بۆ 22 میلیمەتر؛ دهۆک 10 بۆ 19 میلیمەتر؛ سلێمانی 20 بۆ 30 میلیمەتر؛ هەڵەبجە 30 بۆ 55 میلیمەتر باران ببارێت."
 
کۆتا شەپۆلی بارانبارینی سەرتاسەریی لە هەرێمی کوردستان رۆژی 12ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ بوو، کە نزیکەی 24 کاژێری خایاند. لەو شەپۆلەدا بڕی بارانبارین لە هیچ پارێزگایەک لە 10 میلیمەتر زیاتر نەبوو؛ بە جۆرێک لە سلێمانی زۆرترین بوو کە 9.5 میلیمەتر باری و دهۆکیش بە میلیمەترێک کەمترین بوو.
 
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە