رووداو دیجیتاڵ
دەوروبەری گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرا. دژەتیرۆری کوردستان باس لە کوژران و برینداربوونی پێنج کەس دەکات و قایمقامی ماوەتیش دەڵێت، ئەو ناوچانە جموجۆڵی چەکدارانی پەکەکەی تێدایە.
بەپێی زانیاریی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025، "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، دوو ئۆتۆمبێل و حەشارگەیەکی چەکدارانی پەکەکەیان بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە بەرپرسێکی سەربازی و 2 چەکدار کوژران."
هاوکات کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 10:40ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بوو و ناوچەکانی باسکی قەلێ، کوێستانەکانی خەندەک و گۆمەسپ لە دەوروبەری گوندی گەڵاڵە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومان کران، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانین زیانەکانی چی بوونە، چونکە ناوچەکان دوورەدەست و شاخاوین."
بە گوتەی قایمقامی قەزای ماوەت، ئەو ناوچانە درێژکراوەی زنجیرەچیای ئاسۆسن و چەکدارانی پەکەکەش لەو ناوچانە هەن، "بەڵام ناتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە کە لەو بۆردوومانەدا زیانەکان چەندن."
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی (CPT) ـی ئەمریکی، "لە 9 مانگی ساڵی رابردوودا، تورکیا نزیکەی هەزار و 600 جار خاکی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، لەکاتێکدا بەدرێژایی ساڵی 2023 هەزار و 548 جار بۆردوومانی کردبوو".
هەر بەپێی ئاماری رێکخراوەکە، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا، زیاتر لە 170 گوندی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون و 602 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ