رووداو دیجیتاڵ
رێگەی سەرەکیی نێوان تەلەعەفەر- شنگال- بەعاج چاک دەکرێت، راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ پڕۆژەکە گرنگە چونکە هەفتانە رووداوی هاتووچۆ لەسەر ئەو رێگەیە روودەدەن و قوربانییان لێدەکەوێتەوە.
خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06-02-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە ئەو رێگایە چاکنەکراوە، کە سێ قەزای سەرەکی؛ شنگال، تەلەعەفەر و بەعاج بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
بەگوتەی خەلەف شنگالی، ئەو داواکاریی چاککردنی رێگەکەی پێشکێشی سەرۆکوەزیران کردووە، ئەویش نووسراوەکەی کردووە، کە تێیدا داوای کردووە چاککردنی رێگەکە بخرێتە نێو پڕۆژەکانی ئەم ساڵ و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وێنەیەکی نووسراوەکەی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەست تۆڕی میدیای رووداو کەوتووە، کە رۆژی 27-01-2025 بۆ هەریەک لە وەزیرانی پلادانان، دارایی و ئاوەدانکردنەوە، هەروەها پارێزگاری نەینەوا ناردویێتی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی رێگەی سەرەکی نێوان تەلەعەفەر- شنگال- بەعاج و سنوونێ.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆ لەسەر ئەو رێگەیە، ''رێکاری پێویست بگرنەبەر و هاوئاهەنگ بن، تاوەکو پڕۆژەی ئەو رێگەیە بخرێتە پڕۆژەکانی ئەم ساڵ و بدرێتە کۆمپانیایەکی پسپۆڕ، بۆ ئەوەی رێگاکە بە کواڵێتییەکی باش و لە ماوەی دیاریکراودا تەواو بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ