رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر بەرزکردنەوەی پلەی 8168 پێشمەرگە و پلەداری وەزارەتەکە کرد.
رۆژی پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، "پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە خراوەتەسەر رێچکەی ئاسایی و یاسایی خۆی".
بڕیارەکە بە ژمارە 2307، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-02-2025، بە واژۆی وەزیری پێشمەرگە دەرچووە. ئەو پێشمەرگە و پلەدارانە پلەیان بەرزکراوەتەوە، کە لە خشتەی ئەیلوولی 2024دان.
وەزیری پێشمەرگە، پیرۆزبایی لەو پلەدارانە کردووە و دەڵێت، "دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، لەپێشینەی کاری وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازییە".
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی 2ـی ئایاری 2023، بڵاوکرایەوە، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "دوای دەرچوونی فەرمانی هەرێمی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و رەزامەندیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2020 و 2021 لەگەڵ پاشکۆی خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2018 و 2019ـی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەت و فەرمانەکە لەلایەن فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە واژۆی لەسەر کرا."
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 2024، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان گەڕانەوەی پێنج خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی 70 و 80 و بەشێک لە ئەفسەرانی وەزارەتەکەی راگەیاند.
پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە تاوەکو پلەی جێگری ئەفسەر، راستەوخۆ بە فەرمانی وەزیر دەکرێت؛ پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت و دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دەربچێت و دواتر رەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێتەوە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ