لە سنە 22 کەس کە بەهۆی هەرەسی بەفرەوە گیریان خواردبوو، رزگارکران

06-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، تیمەکانیان 22 کەسیان لە ملەی خان لەسەر رێگەی نێوان بانە و سەقز رزگار کردووە کە بەهۆی هەرەسی بەفرەوە گیریان خواردبوو.
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی نوێی بارینی بەفر زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت پارێزگای سنەی گرتووەتەوە. بە هۆی بارینی بەفرەوە، لە هەندێک ناوچە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروست بووە و لە هەندێک شوێن رێگەکان بۆ ماوەیەک بە رووی هاتووچۆدا داخران، کە دواتر لە لایەن تیمەکانی رێگەوبانەوە کرانەوە.
 
فەرزاد حەسەنی، بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنە، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ملەی خان کە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکیی بانە-سەقز، بە هۆی هەرەسی بەفرەوە سەرنشینانی پاسێک و چەندین ئۆتۆمبێلی تایبەت گیریان خوارد.
 
بە گوتەی فەرزاد حەسەنی، 22 کەس لە سەرنشینەکانی ئەو پاسە و ئەو ئۆتۆمبێلانە کە لە ملەی خان گیریان خواردبوو، لە لایەن تیمەکانیانەوە و بە هاوکاری پۆلیسی رێگەوبان رزگارکران. گوتیشی، لە ملەی خان هێشتا مەترسی هەرەسی بەفر هەیە و داوای لە هاونیشتمانیان کرد تاوەکو ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، لەو رێگەیەوە هاتووچۆ نەکەن.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، رێگەی نێوان شارەکانی دیواندەرە-سەقز کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی بەفر و کڕێوەوە داخرابوو، ئێستا لەلایەن تیمەکانیانەوە کراوەتەوە.
 
سەبارەت بە ملەی ژاڵانە کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا و ناوچەی هەورامانی پارێزگای سنە، بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنە دەڵێت، بەهۆی بەردەوامبوونی بارینی بەفر و هەرەسی بەفر لە هەندێک شوێن، ملەی ژاڵانە بە داخراوەیی ماوەتەوە، بەڵام تیمەکانیان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی رێگەکە بکرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە