لە مانگێکدا شەش کۆڵبەر کوژراون و 49ـی دیکەش بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەیەکی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە یەکەم مانگی ساڵی 2024ـدا لانیکەم شەش کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و، 49 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە، لە مانگی رابردوودا 39 کۆڵبەر بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوون و دوو کەسیش بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بریندار و کوژراون.
بەپێی ئەو راپۆرتە، حەوت کەس لەو کۆڵبەرانەی بریندار بوون، تەمەنیان کەمتر لە 18 ساڵ بووە.
کۆڵبەرەکان دەڵێن، لەبەر نەبوونی هەلی کار و نەبوویی، بە ناچاریی کاری کۆڵبەریی دەکەن.
لەم ساڵانەدا بەهۆی خراپتربوونی دۆخی ئابووریی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، توێژە جیاوازەکانی خەڵکیش روویان لە کۆڵبەریی کردووە، ئێستا ژنان، بەساڵاچووان و منداڵانیش کۆڵبەریی دەکەن.
کۆڵبەرەکان لەپێناو بڕە پارەیەکدا کەلوپەلی بازرگانان لە ناوچە سنوورییەکانی باشوور و باکووری کوردستانەوە، بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەگوازنەوە.
حکومەتی ئێران ساڵانێکی زۆرە هەوڵدەدات رێگری لە کاری کۆڵبەرەکان بکات و زۆر لە رێڕەوە سنوورییەکانی داخستووە و ئێستا تەنیا لە هەندێ ناوچەی سنووردارەوە کۆڵبەری دەکرێت.
سنووری هەنگەژاڵی بانە، سەر بە پارێزگای سنە و سنووری نەوسوود لە سنووری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان زیاترین کۆڵبەرییان تێدا دەکرێت و زۆرینەی کۆڵبەرە کوژراو و بریندارەکانیش لەم دوو ناوچەیەدا بوون.