زانکۆی سۆران خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشێتە بەرنامەی بێستوون تۆک

رووداو دیجیتاڵ 

زانکۆی سۆران خەڵاتی رێزلێنانی بە بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداو بەخشی. سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت: "بەرنامەی بێستوون تۆک توانیویەتی کاربەدەستان و خەڵکی ئاسایی لەیەکدی نزیک بکاتەوە، بۆیە بە شایەنی ئەو رێزلێنانەی دەزانین".
 
بێستوون تۆک بەرنامەیەکی مەیدانی، شۆئامێزی تۆڕی میدیایی رووداوە کە لە مانگی ئایاری ساڵی 2023ـەوە دەستی بە پەخش کردووە. ئامانجی بەرنامەکەش کردنەوەی دەرگەیەکی نوێیە لە نێوان خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.
 
د. شێروان شەریف، سەرۆکی زانکۆی سۆران لەکاتی پێدانی خەڵاتەکە بە بەرنامەی بێستوون تۆک رایگەیاند: "بێستوون عوسمان شایەنی ئەو رێزلێنانەیە، لەبەر ئەوەی بەرنامەکەی زۆر کاریگەرە، مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکەمان بە چاوی رەخنەوە چاودێریی بەرنامەکە دەکەن، بۆیەش بە بەرنامەیەکی کاریگەری دەزانین، چونکە توانیویەتی بڕیاربەدەستان و خەڵکی ئاسایی لەیەکدی نزیک بکاتەوە".
 
بێستوون تۆک سەکۆیەکی ئازادە کە تێیدا گەنجان راشکاوانە پرسیارە نەکراوەکان لە بەرپرسان دەکەن و راستەوخۆ وردەکارییەکانی دۆخی هەرێمی کوردستان لە زاری بەرپرسانەوە دەبیستن، وەکو د. شێروان شەریف گوتی: "قوتابیانی زانکۆی سۆران دڵخۆشن بەوەی بەشدارییان لە بەرنامەی بێستوون تۆک کردووە و بەرنامەیەکیش هەر لە زانکۆکەی ئێمەدا بەڕێوەچووە، واتا قوتابیانمان ئەو بەشدارییەیان وەکو رێزلێنانێک لە خۆیان بینیوە".
 
27 قوتابی زانکۆی سۆران وەکو خۆبەخش هاوکاریی بەرنامەی بێستوون تۆک دەکەن و سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت، "ئەو قوتابیانە خۆیان چەند گرووپێکیان پێکهێناوە و لەگەڵ بێستوون عوسمان لەسەرهێڵن. بڕیاریشە لە بەرنامەیەکی دیکەی رووداودا خوێندکارانی ئێمە بەشداربن و رۆڵی کاریگەریان هەبێت".
 
بێستوون عوسمان، پێشکەشاری تۆڕی میدیایی رووداو وەرگرتنی خەڵاتی رێزلێنان لە زانکۆی سۆران بە شانازیی دەزانێت و دەڵێت؛ "زانکۆی سۆران بۆ من لەنێو هەموو زانکۆکانی کوردستان و عێراقیشدا جێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە و یەکێکە لە ترۆپکی ئەو زانکۆیانەی بە کردار زانستی تێدا بەرهەمدێت".
 
بە گوتەی بێستوون عوسمان، زانکۆی سۆران چەندین توێژینەوەی لە بوارەکانی زانست و تەکنەلۆجیا لە جیهاندا تۆمار کردووە و هەموو ئەو لێکۆڵینەوە زانستییانەی لە بوارەکانی فیزیا و کیمیا و نانۆ تەکنەلۆجی لەو زانکۆیە دەکرێت، لە میدیا زۆر باشەکانی جیهاندا بڵاودەکرێنەوە.
 
بێستوون عوسمان گوتیشی: "ئەگەر زانکۆیەکی لەم شێوەیە ئاستبەرز کارەکانی ئێمەیان بەدڵبێت و دەستخۆشیمان لێبکەن، جێگەی شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە. لەگەڵ ئەوەش پەیوەندی و هاوئاهەنگی نێوان زانکۆکان و میدیا بەرپرسیار و نیشتمانییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندن و توانای گەنجان".
 
لە هەر بەرنامەیەکدا بێستوون تۆک لە زانکۆ یان پەیمانگەیەکی هەرێمی کوردستان میوانداریی بەرپرسانی باڵا لە بوارە جیاوازەکان دەکات، لە رێگەی پرسیاری خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان، باس لە مژارەکانی رۆژی پەیوەست بە گەنجان دەکات و هەوڵدەدات چارەسەر بۆ کێشەکانی گەنجان بدۆزێتەوە و دەنگیان بە دەسەڵاتداران بگەیێنێت.