خەڵکی عەفرین بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووە رووخاوەکانیان دار زەیتوونەکانیان دەفرۆشن
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتووانی شارۆچکەی جندرێسی سەر بە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، کە لە بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023ـدا زیانی زۆر بەر خانووەکانیان کەوتبوو، ناچارن دار زەیتوونەکانیان بفرۆشن بۆ ئەوەی بتوانن خانووە رووخاوەکانیانی پێ نۆژەن بکەنەوە.
هاونیشتمانییەک لە شارۆچکەی جندرێس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێکخراوە مرۆیی و خێرخوازییەکان تائێستا بە شێوەیەکی جیدی هاوکاری زیانلێکەوتووانی جندرێسیان نەکردووە، بۆیە هاونیشتیمانیان ناچارن دار زەیتوونەکانیان بفرۆشن بۆ ئەوەی بە پارەی دارەکان، خانووەکانیان دروست بکەنەوە.
بەگوتەی هەمان هاونیشتمانی، کە لە بوومەلەرزەکەدا ماڵ و دووکانەکانی وێران بووە، ئەو ناچار بووە 50 دار زەیتوونی خۆی بفرۆشێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ماڵە رووخاوەکەی نۆژەن بکاتەوە.
ئەو هاونیشتمانییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەشڵێت هیچ رێکخراوێکی مرۆیی یان خێرخوازی، تەنانەت یەک لیرەی سووریش هاوکاریی نەکردووە و خۆی تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ماڵ و دووکانەکانی دابین کردووە.
بەپێی قسەی ئەو هاونیشتمانییە، تائێستا نزیکەی 50٪ـی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە لە جندرێس لە دەرەوەی ماڵەکانیاندا دەژین، بەهۆی ئەوەی خانووەکانیان وێران بووە و لەلایەن عەرەبە هاوردەکان و چەکدارانەوە ئەو ماڵانە وەک شوێنی بازرگانیکردن یان شووشتنگەی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنن.
رۆژی شەشی شووباتی 2023 دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە شارۆچکەکانی پازارجخ و ئەلبستان سەر بە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان روویاندا، بوومەلەرزەکان زیانیان بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان، سێ پارێزگای تورکیا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیاند.
بەگوێرەی ئەو ئامارە فەرمییانەی پێشتر راگەیێندرابوون، بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە 50 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا و شەش هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستدابوو.