بەدواداچوونێکی رووداو؛ لە 11 جۆری رۆنی ئۆتۆمبێل تەنیا چواریان لە پشکنینی کوالێتی دەرچوون

06-02-2024
نزار جەزا
بەشێکی رۆنەکان رێژەی گۆگردیان کەمێک بەرزە و داخووران لە بزووێنەردا دروستدەکەن
بەشێکی رۆنەکان رێژەی گۆگردیان کەمێک بەرزە و داخووران لە بزووێنەردا دروستدەکەن
نیشانەکردن رۆنی ئۆتۆمبێل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رووداو بۆ کوالێتیی رۆنی ئۆتۆمبێل، 11 جۆری دیاری رۆنی ئۆتۆمبێل وەک نموونە وەرگیران، کەچی تەنیا چوار دانەیان لە پشکنین دەرچوون، ئەوانەی دیکە یان شیاو نەبوون، یان لە کوالێتیی عێراق رێگەپێدانیان نییە، جۆرێکیان لە هەموویان خراپتر دەرچووە کە بە ناوی رۆنی ئەڵمانی دەفرۆشرێت، هەروەها دەرکەوت بەشێک لەو رۆنانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێن، لە ریسایکلکردنی رۆنی بەکارهاتووەوەن و لەسەر دەبەکانیشیان ناوی هەرێمی کوردستان و عێراقیش نانووسرێت.
 
بەمەبەستی لێکۆڵینەوە، رووداو 11 جۆر رۆنی بزووێنەری بردووەتەوە دوو تاقیگە لە هەرێمی کوردستان. سەرەتا نموونەی رۆنەکان لە بەشی کۆنترۆڵی جۆری لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی سلێمانی بەپێی کوالێتی عێراقی پشکنینیان بۆ کرا، لەو 11 رۆنە، دوو دانەیان دەرنەچوون و شیاو نین بۆ بەکارهێنان، پێنج دانەیان لە جۆری 5W-30 لە کوالێتیی عێراق ئاماژەیان پێنەدراوە، کە بۆ ئۆتۆمبێلە نوێیەکان بەکاردێن، بۆیە ئەنجاممان دەستنەکەوت، بەگشتیش تەنیا چواریان لە پشکنینەکان دەرچوون.
 
بەمەبەستی پشکنینی ئەو رۆنانەی لە کوالێتیی عێراقی ئاماژەیان پێنەدراوە، هەروەها تەمەن و توانای بەرگەگرتنی رۆنەکان، رووداو نموونەی رۆنەکانی بردە تاقیگەی کۆلێژی زانستیی زانکۆی سەڵاحەدین. بەپێی پشکنینەکان، چوار جۆری رۆن دەرنەچوون، هەندێکیان بەهۆی خراپیی کوالێتییانەوە دوای ماوەیەکی کەم، دەبنە بەشێک لە هۆکاری داخوورانی بزووێنەر، بەڵام بەپێی پشکنینەکان لە هەمووی خراپتر جۆرێکە کە ئاڵای ئەڵمانیای لەسەرە و بێ سەرەتایە و لیتری بە سێ هەزار دینارە، زیاتر ئۆتۆمبێلی کۆن بەکاریدەهێنن و تەنیا 1000 کیلۆمەتر دەڕوات.
 
د. سەنگەر ساڵح، سەرۆکی بەشی کیمیا لە زانکۆی سەڵاحەدین دوای ئەنجامی پشکنینی رۆنەکە بە رووداوی راگەیاند: بەشێوەیەکی گشتی دوو کێشەمان هەبوو، یەکەم چوار دانەیان بەپێی کوالێتیی عێراق دەرنەچوون، دووەم ئەوانەی دیکەش رێژەی گۆگردیان کەمێک بەرزە، کە داخووران لە بزووێنەردا دروستدەکات، هەروەها یەکێکیان زۆر کارەسات بوو، کە ئەگەر بکرێتە نێو هەر ئۆتۆمبێلێکەوە، رەنگە بەشی 1000 کیلۆمەتر نەکات و بزووێنەرەکە تووشی کێشە بکات.
 
کاریگەرییە خراپەکانی رۆنی خراپ لەسەر ئۆتۆمبێل:
 
- رۆنی بزووێنەر (مەکینەی ئۆتۆمبێل) زوو دەسووتێت.
- ژەنگ لەنێو بزووێنەری ئۆتۆمبێلدا دروستدەکات.
- دەبێتە هۆی داخوران و دروستبوونی کەلێن.
- دووکەڵی رەش و بۆنی ناخۆش لە ئۆتۆمبێلەکەوە دەردەچێت.
- تەمەنی بزووێنەری ئۆتۆمبێل کەمدەکاتەوە.
 
ئەگەر کوالێتیی رۆن باش بێت، بزووێنەر 10 ساڵ بەرگەدەگرێت، بەڵام ئەگەر خراپ بێت، تەمەنی بۆ 4 بۆ 5 ساڵ کەم دەکات.
 
زیانی مادی بەهۆی خراپی رۆنەوە:
 
تێچووی چاککردنەوە یان گۆڕینی بزووێنەرێکی ئۆتۆمبێل لە 300 دۆلارەوە تاوەکو 2500 دۆلارە، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە گرانبەها بێت، هەندێکجار تێچووەکە دەگاتە حەوت هەزار و 500 دۆلار، ئەمە لەکاتێکدایە گرانترین رۆنگۆڕین، ئەگەر باشترین رۆنیش بێت، نزیکەی 100 دۆلاری تێدەچێت.
 
وەستا هەرێم مارف، فیتەرە لە سلێمانی و دەڵێ ''رێژەی 95٪ـی رۆنی بزووێنەری ئۆتۆمبێل بە باش نازانم، بۆیە کێشەیەکی گەورەی بۆ ئۆتۆمبێلەکان دروستکردووە." باسی مەکینەی ئۆتۆمبێلێک دەکات کە لەبەردەستییەتی و دەڵێ " ئەمە هی ئۆتۆمبێلێکی 2017ـیە و کێشەی رۆنی خراپی هەیە، وایکردووە مەکینەکە بکەینەوە، لەنێوەوە وایکردووە یاتاخ بسووڕێ، نێو مەکینەکە داخوراوە، پستۆن و قۆڵەکانی بزووێنەرەکە خراپ بوون. هەفتانە دوو بۆ سێ ئۆتۆمبێل دەهێنرێنە لامان کە هەمان کێشەیان هەیە''.
 
رۆنی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان:
 
سەرچاوەی جۆرە جیاوازەکانی رۆن لە هەرێمی کوردستاندا بە تەنیا بازاڕی دەرەوە نین، بەڵکو لە نێوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا رۆن بەرهەمدەهنرێن، بەتایبەتی هەندێکیان دوای ریسایکلکردنی رۆنی بەکارهاتوو بەرهەمدێن.
 
بەرزان محەممەد، بازرگانی رۆنی بزووێنەر دەڵێت: لەسەر لەیبڵی دەبەکان هەندێک تایبەتمەندی دەنووسرێت، کە بەوجۆرە نییە، ئاڵا و ناوی هەندێک وڵات بەکاردەهێنرێت کە وانییە، لە کوردستانیشدا هەندێک رۆن دروستدەکرێن کە لەسەری نەنووسراوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە.
 
زانیاری سەر دەبەکە و کوالێتیی رۆنەکە هاوتا نین:
 
لە خاڵە سنوورییەکان رێنمایی ساڵی 2019 بۆ پشکنینی کوالێتیی رۆن بەکاردێت، بەپێی ئەوەی پێوەرەکە هەندێک پێنوێنی تێدا نییە، لەوانە پێنوێنی جۆری 5W-30، هاوکات هەندێک جۆری پشکنینی پێویستی تێدا نییە، ئەمانە دەرفەتێکی رەخساندووە هەندێک لە بازرگانەکان ئەو هەلە بقۆزنەوە و رۆنی کوالێتی نزم هاوردە بکەن.
 
لە ئەنجامی ئەم بەدواداچوونەی رووداودا دەرکەوت:
 
پێش هاوردەکردنی رۆن، پێویستە گۆڕانکاری لە جۆری پشکنینەکان لە خاڵە سنوورییەکان و چاودێریی زیاتری بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و کارگەکانی نێوخۆ بکرێت.
 
هەروەها لەو 11 رۆنەی لەنێو بازاڕەکاندا رووداو بەدواداچوونی بۆ کوالێتییەکەیان کردووە، دەرکەوت تەنیا پێنج دانەیان ماڵپەڕی خۆیان هەیە، ئەنجامی ئەو پشکنینانەی بۆشمانکردن، هاوتانەبوون لەگەڵ زانیاریی نێو ماڵپەڕەکانی خۆیان، واتە رۆنەکان بە کوالێتیی نزمتر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دروستکراون، یان لە کارگەی دیکە ساختەکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 گردبوونەوەی ناڕەزایی راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد، دەڵێن شەش مانگ مەشق و راهێنانیان پێکردوون و بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام چوار ساڵە کەسیان دانەمەزراون.