کۆشکی سپی: لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵین بۆئەوەی هاوکارییان بکەین
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێت، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵن بۆئەوەی هاوکاریی لێقەوماوان بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
رۆژی دووشەممە 6ی شووباتی 2023 کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریاوە "زۆر نیگەران بووە. ئامادەین هەر هاوکارییەکیان پێ بگەیێنین."
کۆشکی سپی دەشڵێت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاژانسی ئەمریکای بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی USAID و هاوبەشەکانی دیکەی فیدراڵی راسپاردووە بۆئەوەی هاوکاریی ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لای خۆیەوە جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی سووریا و تورکیاوە زۆر نیگەران بووە." دەشڵێت، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵە و ئامادەیی ئەمریکای پێ راگەیاندوون کە "هەر هاوکارییەکیان پێویست بوو پێیان بگەیێنین."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە بە هاوئاهەنگیی تورکیا چاودێریی دۆخەکە بکەین."
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری مەڕەشی هەژاندووە.
شاری مەڕەش دەکەوێتە باکووری کوردستان؛ بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 117 کەس گیانیان لەدەستداوە.