بوومەلەرزە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا؛ گیانلەدەستدان 33 هەزاری تێپەڕاند

بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر باکووری کوردستانی هەژاند و لە باشووری کوردستان و چەندین وڵاتی ناوچەکە هەستی پێکرا؛ ژمارەی گیانلەدەستدان 33 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و دەیان هەزار دیکەش بریندارن.

10-02-2023

17:51

گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گەیشتە سەروو 33 هەزار کەس

باڵەخانەیەکی رووخاو لە مەرەشی باکووری کوردستان. وێنە: ئەحمەد عومەر - رووداو

گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکووری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ 33 هەزار و 179 کەس بەرزبووەوە. نەتەوەیەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات کە دەکرێت ژمارەکە دوو هێندەی لێ بێت. 

رۆژی یەکشەممە 12-2-2023، سەرۆکایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە بۆ 29 هەزار و 605 کەس بەرزبووەتەوە. هەر لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە 80 هەزار و 276 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا برینداربوون. 

ئەوەی کە پەیوەندی بە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە هەیە، بەگوێرەی ئامارەکان، 3 هەزار و 575 کەس گیانیان لەدەستداوە. 

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی سووریا، هەزار و 408 کەس لەوان لەو ناوچانە گیانیان لەدەستداوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدان؛ هاوکات 2 هەزار و 167 کەس لەو ناوچانە گیانیان لەدەستداوە لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتن. 

زۆرترین گیانلەدەستدان لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان تۆمارکراوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ژمارەیەک گرووپی چەکداری نزیک لە تورکیادایە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نزیکەی 800 کەس لە هەرێمی عەفرین گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی 700 کەسیان لە شارۆچکەی جندرێس بوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیکەی 310 هاونیشتمانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان ناویان لەنێو لیستی گیانلەدەستداوان تۆمارکراوە. 

ئەوە لە کاتێكدایە، مارتن گریفیس، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی شەممە، 11ـی شوباتی 2023 هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 و رایگەیاند، 50 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت. 

زیاتر بخوێنەوە

17:00

دوایین ئاماری گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا

دوایین ئاماری گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا
 
بەپێی دوایین ئاماری ئافاد، گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 29 هەزار و 605 کەس.

زیاتر بخوێنەوە

14:18

وەزیری کشتوکاڵی تورکیا: دزەکردنی ئاو لە بەنداوەکاندا رووینەداوە

ڤاهیت کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا لەنێو هێلیکۆپتەر سەیری بەنداوەکان دەکات. وێنە: AA

وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا کە بە مەبەستی چاودێریکردن و بەسەرکردنەوەی بەنداوەکان سەردانی باشووری تورکیای کردووە، رایگەیاند کە بەنداوەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و هیچ دزەکردنێکی ئاو نییە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک سەبارەت بە تەقینی بەنداوەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان، ڤاهیت کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-2-2023، سەردانی پارێزگای ئەدەنەی کرد و رایگەیاند، "بەنداوەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و لە هیچیاندا دزەی ئاو بەدی نەکراوە".
 
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئاشکرایکرد، 110 بەنداو و 30 پۆند لە ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو هەن و گوتی: "لەو 140 بەنداو و پۆندەدا هیچ کێشەیەک دروستنەبووە و رۆژانە پشکنینیان بۆ دەکرێت. لە 132یاندا تیمەکانمان دڵنیابوونەتەوە لەوەی هیچ بەهاناوەچوونێک پێویست نییە. پشکنینی هەشت بەنداویش بەردەوامە".
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 11-2-2023، لەکاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری لە شارۆچکەی ئەنتاکیای سەر بە پارێزگای هاتای تورکیا لە هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی خەڵک لە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوام بوون، دەنگۆی تەقینی بەنداو بڵاوبووەوە. بەشێک لەو کەسانەی وەک خۆبەخش هاوکاریی تیمەکانیان دەکرد، لەگەڵ تیمەکانی فریاگوزاری کارەکانیان جێهێشت و دەروازەکانی ئەنتاکیا قەرەباڵخییان تێدا دروستبوو، بەڵام دواتر پۆلیس بانگەوازی کرد و رایگەیاند، ئەو ناوچەیە هیچ بەنداوێکی لێ نییە.
 
هەروەها بەشێک لە چالاکڤان و هاووڵاتییانی ئەنتاکیا چوونەسەر شەقامەکان و داوایان لە خۆبەخش و ئەندامانی تیمەکان کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و باوەڕ بەو دەنگۆیە نەکەن؛ هەروەها دەیانگوت کەسانێک ئەو دەنگۆیانەیان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە کەسی تێدا نەمێنێت و ئەوان کەلوپەل بدزن.
 
ڤاهیت کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئەوکاتە لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە: "هەواڵی تەقینی بەنداو لە هاتای راست نییە. بەنداو و دەریاچەکانی ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵدان".
 
کیریشچی هەروەها رایگەیاند تەنیا لە رۆژی هەینیدا سێجار پشکنین بۆ بەنداو و دەریاچەکانی هاتای کراوە و دڵنیاییدا لەوەی هیچ کێشەیەک لە بەنداوەکاندا نییە و سەردانی ناوچەکەش دەکات. 
 
رۆژی 6-2-2023 پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بە بوومەلەرزەیەکی 7.8 پلەی رێختەر هەژا. تائێستا زیاتر لە 24 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 80 هەزار کەسیش بریندارن.

 

زیاتر بخوێنەوە

12:16

لە هاتای دوای 150 کاژێر منداڵێک لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک رزگارکرا

وێنەی ئەو منداڵەی دوای 150 کاژێر لە هاتای رزگارکرا. وێنە: AA
 
لە 150یەمین کاژێری دوای بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان، منداڵێک لە پارێزگای هاتای لە ژێر داروپەردوودا رزگار کرا.
 
تیمەکانی فریاگوزاریی (UMKE) لە ناوەندی پارێزگای هاتای باشووری تورکیا، دوای 150 کاژێر مانەوە لە ژێر داروپەردوودا؛ منداڵێکیان بە برینداری دەرهێنا. منداڵەکە رووخساری بە سووکی بریندار بووە. تیمەکانی فریاگوزاری چارەسەری سەرەتاییان بۆ کرد و گواستیانەوە نێو ئەمبوڵانس. دوای ئەوەی ژیناوی بۆ هەڵواسرا و چەند چارەسەرێکی وشکبوونەوەی جەستەی بۆ کرا و رەوانەی نەخۆشخانەی ساهرا کرا.
 
هەر لە حەوتەمین رۆژی بوومەلەرزەکەی مەرەش. دوای 140 کاژێر منداڵێکی حەوت مانگی لە شارۆچکەی ئانتاکیا سەر بە پارێزگای هاتای تورکیا رزگارکرا. 
 
منداڵەکە کە ناوی حەمزە بوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی شوباتی 2023، لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکدا لە شەقامی فەوزی چاکماک لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی گەورەشارەوانیی کۆجائەلی رزگار کرا.
 
ئاماری قوربانییانی بوومەلەرزەکەی مەرەش بەردەوام لە هەڵکشاندایە و لە حەوتەمین رۆژی بوومەلەرزەکەدا ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 24 هەزار و 617 کەس و 80 هەزار و 278 کەسی دیکەش بریندارن.

 

زیاتر بخوێنەوە

10:00

لە تورکیا 12 کەس بە تۆمەتی کەموکوڕی لە دروستکردنی باڵەخانەکاندا دەستگیرکران

چەند باڵەخانەیەکی رووخاو لە شاری هاتایی تورکیا. وێنە: AA
 
پۆلیسی تورکیا 12 کەس لەسەر رووخانی باڵەخانەکان دەستگیردەکات. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە بەهۆی بوومەلەرزەی 6ـی شوباتەوە هەزاران باڵەخانە لە باکووری کوردستان و تورکیا رووخان.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 11ـی شوباتی 2023، میدیای نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، کە ئەو 12 کەسە گوێزراونەتەوە بۆ گرتووخانە. لەکاتێکدا لانیکەم شەش هەزار باڵەخانە و خانوو لەدوای بوومەلەرزەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان، کە گوڕەکەی 7.7 بوو، رووخاون.
 
یەكێک لەوانەی کە دەستگیرکراوە، بەگوێرەی میدیای نێوخۆی وڵاتەکە، بەڵێندەرێکی دروستکردنی باڵەخانەیە لە دیلۆکی باکووری کوردستان. گوتیشی کە بەڵێندەرەکە لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکراوە. 
 
پێشتر، هەر رۆژی شەممە، فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند کە بەهۆی کەموکوڕی لە دروستکردنی باڵەخانەکاندا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 113 کەس دەرکراوە. 
 
وەزارەتی دادی تورکیاش فەرمانی بە دادوەران کردووە بۆ ئەوەی لە 10 پارێزگا "نووسینگەی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بوومەلەرزە" بکەنەوە.
 
رۆژی هەینی، پۆلیسی تورکیا بەڵێندەرێکی دەستگیرکرد، کە بەرپرس بووە لە دروستکردنی باڵەخانەیەک لە هاتای. باڵەخانەکە لەدوای بوومەلەرزەکە داڕما. بەگوێرەی پۆلیس، بەڵێندەرەکە لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ دەستگیرکراوە. 

 

زیاتر بخوێنەوە

09:24

دوای 140 کاژێر هاووڵاتییەکی سووریایی لە مەرەش رزگارکرا

کاتی رزگارکردنی محەممەد حەبیب. وێنە: AA
 
لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان، هاووڵاتییەکی سووریایی دوای 140 کاژێر لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە رزگارکرا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی شوباتی 2023، تیمەکانی فریاکەوتن لە شاری مەرەش کەسێکیان بە ناوی محەممەد حەبیب لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکدا رزگار کرد کە هاوڵاتییەکی سوریاییە و تەمەنی 26 ساڵە. 
 
ئەو هاووڵاتییە کە ناوی محەممەد حەبیبە، لە یەکەمین رۆژی بوومەلەرزەکەی مەرەش کە لە شەشی شوباتدا بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر روویدا، لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی 11 نهۆمیدا گیری خواردبوو، دوای ئەوەی تیمەکانی فریاکەوتن گوێیان لە دەنگی بوو، دەستیان بە کارکردن کرد بۆ رزگارکردنی. 
 
دوای 12 کاژێر کارکردن ئەو هاووڵاتییە سووریاییە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکە هێندرایە دەرەوە. کەسە رزگاربووەکە دوای رزگارکردنی هەر لە شوێنەکە چارەسەرێکی سەرەتایی بۆ کرا و دواتر گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە و باری تەندروستیی باشە.

 

زیاتر بخوێنەوە

07:44

لە باکووری کوردستان و تورکیا 24 هەزار و 617 کەس گیانیان لەدەستداوە

دیمەنی باڵەخانەیەکی رووخاو لە گەڕەکی ئەسڵان لە نورداخی باکووری کوردستان. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو

ئاماری قوربانییانی بومەلەرزەکەی باکووری کوردستان بەردەوام لە هەڵکشاندایە و لە حەوتەمین رۆژی بوومەلەرزەکەدا ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 24 هەزار و 617 کەس و 80 هەزار و 278 کەسی دیکەش بریندارن.

فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە بەرپرسی باڵەخانە وێرانبووەکان رایگەیاند، بەرپرسیاریێتی 131 تۆمەتبار لە باڵەخانە وێرانبووەکانی بوومەلەرزەکە دیاریکرا. لەوانە یەک کەس دەستگیرکراوە و 113ـیان فەرمانی دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرکراوە.

ئۆکتای رایگەیاند، 32 هەزار و 71 تیمی گەڕان و فریاگوزاری کار دەکەن و شەش هەزار کارمەندیش بەردەوامن لە کارکردن لەسەر هەڵسەنگاندنی زیانەکان. 

بەهۆی دوو بوومەلەرزەکەی مەرەش کە رۆژی 6ی شوباتی 2023، بە گوڕی 7.7 و 7.6 لە شارۆچکەکانی پازارجخ و ئەلبیستانی دا، دەیان هەزاران کەس گیانلەدەستداوە و تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری بە یارمەتی ئامێری بیناسازی پێشکەوتوو درێژە بە چالاکییەکانی رزگارکردن و هێنانە دەرەوەی تەرم لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان دەدەن. 

لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا تاوەکو [ کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی یەکشەممە 12-2-2023] سەرووی 3 هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا سەرووی 28 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

زیاتر بخوێنەوە

17:57

گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گەیشتە 25 هەزار و 401 کەس

هەڵدانەوەی داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاو لە دیلۆک. وێنە: AA
گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریا 25 هەزار کەسی تێپەڕاند و زۆربەی ئەوانیش لە باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانن. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە 11-2-2023 لە شاری رووهای باکووری کوردستان قسەی کرد و گوتی، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو 21848 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و 80 هەزار و 104 کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
ئەردۆغان لەبارەی زیانەکان لە رووها قسەی کرد و گوتی، 335 کەس لەو پارێزگایەی باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە، 5 هەزار و 752 کەس برینداربوون، 19 باڵەخانە بە تەواوی رووخاون و 164 باڵەخانەی دیکەش هێندە زیانیان بەرکەوتووە کە چی دیکە بە کەڵکی ژیان و مانەوە تێیاندا نایەن. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە هەیە، بە گوێرەی ئامارە کۆکراوەکان، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 553 کەس گیانیان لەدەستداوە و بەو جۆرەش ژمارەی مردووان لە باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا گەیشتە 25 هەزار و 401 کەس. 
 
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا زۆرترین زیان بەر شارۆچکەی جندرێس لە هەرێمی عەفرین کەوتووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 کەس لەو شارۆچکەیە گیانیان لەدەستداوە. 
 
هەر لە جندرێس، 267 خانوو و باڵەخانە رووخاون و 1110 خانوو و باڵەخانەش زیانیان بەرکەوتووە. لە هەمان کاتدا، 789 خێزان لەنێو چادر دەمێننەوە و 2418 خێزانی دیکەش تەنیا لەو شارۆچکەیە پێویستیان بە یارمەتییە. 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

17:16

ئەردۆغان لە باکووری کوردستان: بە زووترین کات دەست بە ئاوەدانکردنەوە دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دوایین ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 21 هەزار و 848کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رووهای باکووری کوردستانەوە لە گوتارێکدا رایگەیاند، بە زووترین کات دەست بە ئاوەدانکردنەوە دەکەن. 
 
وەک سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، 80 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە برینداربوون. 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

14:44

ئەردۆغان: گیانلەدەستدان گەیشتە 21 هەزار و 43 کەس

رووداو

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دوایین ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 21 هەزار و 43 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغا، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئامەدی باکووری کوردستانەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا تاوەکو ئێستا 21 هەزار و 43 کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 هەزار و 97 کەسیش بریندار بوون.
 
سەرۆککۆماری تورکیا کاژێر 02:40ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 11-02-2023، ئەم قسانەی کرد و گوتیشی، نزیکەی 13 ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە.

 

 
زیاتر بخوێنەوە

11:58

گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا 20 هەزار کەسی تێپەڕاند

تیمەکانی فریاگوزاری لە مەرەشی باکووری کوردستان بەردەوامن لە کارکردن. وێنە: AA


دوای تێپەڕبوونی شەش رۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان، ژمارەی گیانلەدەستدان 20 هەزار و 300 کەسی تێپەڕاند.
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد، کاژێر 08:30ـی بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 11-2-2023، دوایین ئاماری بوومەلەرزەکەی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، تاوەکو ئێستا 20 هەزار و 665 کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 هەزار و 88 کەسیش بریندارن.
 
ئافاد ئاماژەی بەوەکردووە کە 141 هەزار و 318 کارمەندی تیمەکانی فریاگوزاری بە 5582 ئامێری کار و 919 کرێن لە لابردنی داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکان بۆ رزگارکردنی خەڵک بەردەوامن؛ هەروەها 6625 کارمەندی فریاگوزاریی بیانی بە هاوئاهەنگیی ئافاد کاردەکەن. 
 
بە گشتی 11 هەزار و 302 باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە و 6444 باڵەخانەش بە تەواوی رووخاون؛ ملیۆنێک و 60 هەزار هاووڵاتی گوێزراونەتەوە ناوچەی ئارام (دەرەوەی 10 پارێزگاکە)، 500 هەزار کەس لەناو 137 هەزار و 973 چادرن لە 10 پارێزگاکە. تاوەکو ئێستا 1604 پاشلەرزە روویانداوە کە 6 پاشلەرزەیان 6 پلەی رێختەر بوون و 24 پاشلەرزەش 5 پلەی رێختەر بوون.
 
ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی کەمتەرخەمانی باڵەخانەکان دەستیپێکردووە
 
بە بڕیاری وەزارەتی دادی تورکیا، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەستیپێکردووە کە هۆکاربوونە لەوەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستانەوە بەشێكی باڵەخانەکان رووخاون. 
 
لەو چوارچێوەیەدا کاژێر 11.00ـی شەوی رابردوو 10-2-2023 شەش کەس بە تۆمەتی لابردنی ستوونی باڵەخانە لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی عوسمانییەی تورکیا دەستگیرکران و بە بڕیاری دادوەر چواریان خرانە زیندان و دووانەکەی دیکەش بە مەرج ئازادکران. بەگوێرەی راپۆرتی داواکاری گشتیی عوسمانییە، ئەو کەسانە بە مەبەستی فراوانکردنی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیل، ستوونی نهۆمی ژێرەوەی باڵەخانەیان لابردووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 170 پارێزەر واژۆیان کۆکردەوە و سکاڵای یاساییان دژی ئەو کەسانە تۆمارکرد کە گوایە نابەرپرسیارانە ستوونی باڵەخانەکانیان لابردوون. 
 
لە لایەکی دیکەوە بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی هەینی 10-2-2023 لە نووسینگەی ئامەدی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان باسی لەم بابەتە کرد و رایگەیاند، تیمی دادوەرانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی تورکیا دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەو باڵەخانانەی بەتەواوەتی رووخاون. 
 
بۆزداغ گوتی: "هەموو هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و دەستنیشانکردنی بەرپرسیاران لە بەڵێندەران، بازرگانان، وەبەرهێنەران، کۆمپانیاکان و کارگەکان دەدرێت. رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە رووخانی باڵەخانەکان. ئەو کەسانە لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگەوە دەدرێن، دەستبەسەر دەکرێن و ئەگەر نەتوانرا بدۆزرێنەوە، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکرێت و گەشتکردنیان لێ قەدەخە دەکرێت".
 
لە هاتای تیمەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵێک رایانکرد
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 11-2-2023، لە پارێزگای هاتای باشووری تورکیادا دەنگۆی تەقینی بەنداو بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە تیمەکانی فریاگوزاری کارەکانیان راگرت و شوێنەکەیان جێهێشت. 
 
لەکاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری لە شارۆچکەی ئەنتاکیای سەر بە پارێزگای هاتای تورکیادا بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی خەڵک لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا، دەنگۆیەک لەبارەی تەقینی بەنداو بڵاوبووەوە. لە ئەنجامدا بەشێک لەو کەسانەی وەکو خۆبەخش هاوکاریی تیمەکانیان دەکرد، لەگەڵ تیمەکانی فریاگوزاری کارەکانیان جێهێشت. 
 
لە ئەنجامی ئەوە، دەروازەکانی ئەنتاکیا قەرەباڵخییان تێدا دروستبوو، بەڵام دواتر پۆلیس بانگەوازی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو ناوچەیە بەنداوێکی لێ نییە.
 
هەروەها بەشێک لە چالاکڤان و هاووڵاتیانی ئەنتاکیا چوونە سەر شەقامەکان و داوایان لە خۆبەخشەکان و ئەندامانی تیمەکان کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. ئەوان رایانگەیاند، کەسانێک ئەو دەنگۆیانەیان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە کەسی لێ نەمینێت و ئەوان کەلوپەل بدزن.
 
ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا سەردانی هاتای دەکات
 
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تەقینی بەنداو و دروستبوونی پشێوی لە ئەنتاکیا، ڤاهیت کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا بڵاویکردەوە: "هەواڵی تەقینی بەنداوی یارسەلی لە هاتای بێ بنەمایە. بەنداو و دەریاچەکانی ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵدان".
 
کیریشچی هەروەها لە پەخشی راستەوخۆی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند تەنیا لە رۆژی هەینیدا سێجار پشکنین بۆ بەنداو و دەریاچەکانی ناوچەکە کراوە، دڵنیاییدا لەوەی هیچ کێشەیەک لە بەنداوەکاندا نییە و رۆژی شەممە 11-2-2023 سەردانی ناوچەکە دەکات.
 
سەلاحەددین دەمیرتاش ئامارەکانی حکومەت لەبارەی بوومەلەرزە بە نادروست ناودەبات 
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە کە لە 2016ـەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنەیە، درەنگانی شەوی رابردوو 10-2-2023 لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تویتەر رەخنەی لە حکومەت گرت و رایگەیاند: "بەداخەوە ئامارەکانی بوومەلەرزەش هاوشێوەی ئامارەکانی کۆرۆنا دروست نین. بەداخەوە کە ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لەژێر داروپەردوودان. دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی لەدەستمانداون 30 هەزاری تێپەڕاندبێت".
 
دەمیرتاش هەروەها رووی دەمی لە بەرپرسان دەکات و تۆمەتباریان دەکات بەوەی لە سەرەتای بوومەلەرزەکەدا گەورەیی رووداوەکەیان لە خەڵک شاردەوە، بۆئەوەی کاردانەوەی لەناکاو دروستنەبێت. دەمیرتاش دەڵێت، بەرپرسان بەو کارەیان خەڵکیان لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان دواخست.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:21

چوار کەس بە تۆمەتی کەموکورتی لە دروستکردنی باڵەخانە لە تورکیا زیندانی کران

دیمەنی باڵەخانەیەکی رووخاو لە مەرەشی باکووری کوردستان. وێنە: AA
 
لە تورکیا شەش کەس بە تۆمەتی لابردنی ستوونی باڵەخانە دەستبەسەرکران و بە بڕیاری دادوەریش چوار کەسیان خرانە زیندانەوە.
 
بە بڕیاری وەزارەتی دادی تورکیا، لێکۆڵینەوە لەو باڵەخانانە دەستیپێکردووە کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023ـی مەرەش رووخان. کاژێر 11.00ـی شەوی رابردوو شەش کەس بە تۆمەتی لابردنی ستوونی باڵەخانەیەک لە عوسمانییە لەلایەن تیمەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەرکران. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی داواکاری گشتیی عوسمانییە، ئەو کەسانە بە مەبەستی فراوانکردنی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیل، ستوونی نهۆمی ژێرەوەی باڵەخانەکەیان لابردووە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 170 پارێزەر واژۆیان کۆکردەوە و سکاڵای یاساییان دژی ئەو کەسانە تۆمارکرد کە ستوونی باڵەخانەکانیان لابردووە. 
 
دوێنێ هەینی، 10-2-2023، بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا لە نووسینگەی ئامەدی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان باسی لەم باباتە کرد و رایگەیاند، تیمی دادوەرانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی تورکیا دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەو باڵەخانانەی رووخاون و زانینی کەمتەرخەمییەکان لە سەرجەم پارێزگاکاندا. 
 
بۆزداغ گوتی: "هەموو هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و دەستنیشانکردنی بەرپرسیاران لە بەڵێندەران، بازرگانان، وەبەرهێنەران، کۆمپانیاکان و کارگەکان دەدرێت. رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە رووخانی باڵەخانەکان. ئەو کەسانە لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگەوە دەدرێن، دەستبەسەر دەکرێن و ئەگەر نەتوانرا بدۆزرێنەوە، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکرێت و گەشتکردنیان لێ قەدەخە دەکرێت".
 
رۆژی دووشەممە، 06-02-2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر لە ژمارەیەک شاری باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریای دا.  
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئافاد، تاوەکو کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 11ـی شوباتی 2023، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 20 هەزار و 665 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە 80 هەزار و 88 کەس.

 

زیاتر بخوێنەوە

08:50

تیمی فریاگوزاری بەهۆی دەنگۆی تەقینی بەنداوی هاتای کارەکانیان راگرت

تیمێکی فریاگوزاری لە هاتای کارەکانیان راگرتووە. وێنە: AA
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لە پارێزگای هاتای باشووری تورکیا، دەنگۆی تەقینی بەنداو بڵاوبووەوە و تیمەکانی فریاگوزاری کارەکانیان راگرت و لە شوێنەکە دوورکەوتنەوە.
 
لەکاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری لە شارۆچکەی ئەنتاکیای سەر بە پارێزگای هاتای تورکیا لە هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی خەڵک لە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوام بوون، دەنگۆی تەقینی بەنداو بڵاوبووەوە. بەشێک لەو کەسانەی وەک خۆبەخش هاوکاریی تیمەکانیان دەکرد، لەگەڵ تیمەکانی فریاگوزاری کارەکانیان جێهێشت و دەروازەکانی ئەنتاکیا قەرەباڵخییان تێدا دروستبوو، بەڵام دواتر پۆلیس بانگەوازی کرد و رایگەیاند، ئەو ناوچەیە هیچ بەنداوێکی لێ نییە.
 
هەروەها بەشێک لە چالاکڤان و هاووڵاتییانی ئەنتاکیا چوونە سەر شەقامەکان و داوایان لە خۆبەخش و ئەندامانی تیمەکان کرد بگەڕێنەوە سەر کەرەکانیان و باوەڕ بەو دەنگۆیە نەکەن؛ هەروەها دەیانگوت کەسانێک ئەو دەنگۆیانەیان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە کەسی تێدا نەمینێت و ئەوان کەلوپەل بدزن.
 
ڤاهیت کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە: "هەواڵی تەقینی بەنداو لە هاتای راست نییە. بەنداو و دەریاچەکانی ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵدان".
 
کیریشچی هەروەها لە پەخشی راستەوخۆی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، تەنیا لە رۆژی هەینیدا سێجار پشکنین بۆ بەنداو و دەریاچەکانی هاتای کراوە و دڵنیاییدا لەوەی هیچ کێشەیەک لە بەنداوەکاندا نییە و رۆژی شەممە 11-2-2023 سەردانی ناوچەکە دەکات. 
 
رۆژی، 6-2-2023، پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بە بوومەلەرزەیەکی 7.7 پلەی رێختەر هەژا. تائێستا زیاتر لە 20 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 80 هەزار کەسیش بریندارن.

 

زیاتر بخوێنەوە

08:31

گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 20 هەزار و 318 کەس

تیمەکان لە مەرەشی باکووری کوردستان لە گەڕان بە دوای بێسەروشوێنبووانی بوومەلەرزەکە بەردەوامن. وێنە: AA


سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە دوایین ئاماری بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 20 هەزار و 318 کەس. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، تاوەکو کاژێر 02:18ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 11ـی شوباتی 2023، لەو بوومەلەرزەیەی کە چەقەکەی پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 20 هەزار و 318 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ هەروەها ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکە گەیشتە 80 هەزار و 88 کەس.
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، 141 هەزار و 318 کارمەندی تیمی فریاگوزاریی نێوخۆیی بە 5582 ئامێری کار و 919 کرێن لە لابردنی داروپەردووی خانوو و باڵەخانەکان بۆ رزگارکردنی خەڵک بەردەوامن؛ هەروەها 6625 کارمەندی فریاگوزاریی بیانی بە هاوئاهەنگیی ئافاد کاردەکەن. 
 
بەگشتی 11 هەزار و 302 باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە و 6444 باڵەخانەش بە تەواوی رووخاون؛ ملیۆنێک و 60 هەزار هاووڵاتی گوێزراونەتەوە ناوچەی ئارام (دەرەوەی 10 پارێزگاکە)، 500 هەزار کەس لەنێو 137 هەزار و 973 چادرن لە 10 پارێزگاکە.
 
وەک ئافاد دەڵێت، تاوەکو ئێستا 1604 پاشلەرزە روویانداوە کە 6 پاشلەرزەیان 6 پلەی رێختەر بوون و 24 پاشلەرزەش 5 پلەی رێختەر بوون.
 
زیاتر بخوێنەوە

21:57

تاوەکو 20ـی شوبات لە قوتابخانە و زانکۆکانی باکووری کوردستان و تورکیا پشووە

وێنەکە شاری هاتای تورکیایە بەهۆی بوومەلەرزەوە بەشێکی باڵەخانەکانی رووخاون. وێنە: AA
 
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەڵێت، پشووی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکان لە باکووری کوردستان و تورکیا تاوەکو 20ـی شوباتی 2023 بەردەوام دەبێت. 
 
رۆژی 7ـی شوبات، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا پشووی فەرمی لە تەواوی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان تا 12ـی شوبات راگەیاند، بەڵام ئەمڕۆ هەینی، 10ـی شوبات لە نوێترین راگەیێندراویدا پشووە فەرمییەکەی تا رۆژی 20ـی شوبات درێژکردەوە. 
 
دوای راگەیێندراوی یەکەم، خوێندکارانی زانکۆ لە رێگەی راگرەکانیانەوە داوای درێژکردنەوەی پشووەکەیان کرد، بەهۆی ئەوەی سەرقاڵی کاری خۆبەخشین بۆ هاوکاریکردنی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکەی هەر 10 پارێزگاکەی باکووری کوردستان و تورکیا و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون. 
 
لەسەر بنچینەی ئەو داواکارییە، پشووی فەرمیی قوتابخانە و زانکۆکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ رۆژی 20ـی شوبات درێژکرایەوە. 
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی و کاژێر 12:43 خولەکی نیوەڕۆی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 19 هەزار و 875 کەس گیانیان لەدەستداوە و 79 هەزار و 717 کەسیش برینداربوون.
 
زیاتر بخوێنەوە

21:53

وەزیری تەندروستیی تورکیا: 20 هەزار و 212 کەس گیانیان لەدەستداوە

رووداو


وەزیری تەندروستیی تورکیا لەبارەی نوێترین ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 20 هەزار و 212 کەس.
 
فەخرەددین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا دەڵێت، هەر بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تاوەکو ئێستا 80 هەزار و 52 کەس بریندارن.

 

 
زیاتر بخوێنەوە

21:11

گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 19 هەزار و 875 کەس

رووداو
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا -ئافاد دەڵێت، گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بۆ 19 هەزار و 875 کەس بەرزبووەوە.
 
ئەمشەو هەینی، 10-02-2023، سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا -ئافاد رایگەیاند، 79 هەزار و 717 کەس برینداربوون و تاوەکو ئێستا 1604 پاشلەرزە روویداوە.

 

زیاتر بخوێنەوە

18:29

ئاژانسێکی ئەمریکی زیانەکانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات بە 4 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت

 
ئاژانسێکی هەڵسەنگاندن، زیانەکانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا بە 4 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت. 

رۆژی پێنجشەممە، 9ـی شوباتی 2023، ئاژانسی فیچ بۆ هەڵسەنگاندن کە بنکەی سەرەکیی لە نیویۆرکی ئەمریکایە، رایگەیاند: "قورسە زیانی ئابووری مەزەندە بکرێت لەکاتێکدا کە دۆخەکە بەردەوام پەرەدەسێنێت، بەڵام وادەردەکەوێت دوو ملیار دۆلار تێپەڕ بکات و دەکرێت بگاتە چوار ملیار دۆلار و زیاتریش". 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە تەنیا لە باکووری کوردستان و تورکیا سەروو شەش هەزار باڵەخانە و خانوو رووخاون. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کاژێر 05:20ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 10-02-2023، لە مەلەتیی باکووری کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا باسی لەوە کرد، لە هەر 10 شارەکەی باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تاوەکو 19 هەزار و 388 کەس گیانیان لەدەستداوە و 77 هەزار و 711 کەس بریندار بوون.
 
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، تاوەکو ئێستا نزیکەی 3377 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە گیانیان لەدەستداوە. زیاتر لە 1000 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستانن.
 
رۆژی 6ـی شوبات، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر باکووری کوردستانی هەژاند کە چەقەکەی پارێزگای مەرەش بوو. شەپۆڵی بوومەلەرزەکە ئەوەندە بەهێز بوو، وێرانییەکی زۆری لە رۆژئاوای کوردستان، سووریا و تورکیاش دروستکرد. 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:26

ئەردۆغان: 19 هەزار و 388 کەس گیانیان لەدەستداوە

رووداو

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گەیشتووەتە 19 هەزار و 388 کەس.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کاژێر 05:20ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 10-02-2023، لە مەلەتیی باکووری کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا باسی لەوە کرد، لە هەر 10 شارەکەی باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تاوەکو ئێستا 77 هەزار و 711 کەس بریندار بوون.
 
سەرۆککۆماری تورکیا جارێکی دیکە دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە هەموو کارێک دەکەن بۆ رزگارکردنی ئەوانەی هێشتا لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون و گوتیشی، "ئەوەی روویداوە کارەساتێکی گەورەیە."
 
ئەردۆغان گوتیشی، مانگانە دوو هەزار لیرە دەدەنە ئەو خێزانانەی کە دەبنە کرێچی و ناهێڵن هیچ کەسێک بێ ماڵوحاڵ بمێنێتەوە.

 

 
زیاتر بخوێنەوە

15:13

ئەردۆغان ئاماری نوێی بوومەلەرزەکەی راگەیاند: نزیکەی 19 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە سەمسووری باکووری کوردستان. وێنە: AA
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماری نوێی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیای راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 19 هەزار کەس تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 75 هەزار و 500 کەسیش بریندار بوون.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە سەمسووری باکووری کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 18,991 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 75,570 کەسش بریندار بوون.

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵدەدەن لە ماوەی ساڵێکدا تەواوی ئەو ناوچانە ئاوەدان بکەنەوە، "دەستی دەوڵەت دەگاتە هەموو لێقەوماوێک و هاوکارییان دەکات."

ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو، باری نائاساییان راگەیاندووە و رێگە لە تاوانکاری دەگرن. باسی لەوەش کرد کە 24 وڵات هاوکارییان پێشکێش دەکەن.

 

زیاتر بخوێنەوە

12:17

پەکەکە چالاکییەکانی لە دژی سوپای تورکیا راگرت

دوو گەریلای پەکەکە لە باشووری کوردستان. وێنە: AFP
 
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شووباتی 2023 چالاکییەکانی لە دژی سوپای تورکیا رادەگرێت.
 
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە، کە باڵی سیاسیی پەکەکەیە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە گەریلاکانی پەکەکە کرد، سەرجەم چالاکییە سەربازییەکان دژی تورکیا لە هەموو ناوچەکان رابگرن.
 
پەیامە ڤیدیۆییەکەی جەمیل بایک، ماوەکەی 13 خولەک و 33 چرکەیە و رۆژی هەینی، 10-02-2023 لە رێگەی میدیاکانی پەکەکەوە بڵاوکراوەتەوە.
 
لە پەیامەکەیدا جەمیل بایک دەڵێت، "بوومەلەرزەکە رێگەی لەبەردەم کارەساتێکی گەورە کردووەتەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیا و سووریا گەلی ئێمە لەنێو زەحمەتییەکی سەختدایە، بەتایبەت لەبەر سیاسەت و کارەکانی دەوڵەتی تورک، گەل زەحمەتیی زیاتر دەبینێت."
 
هاوسەرۆکی کەجەکە دەشڵێت، "هەستی کۆمەڵایەتی زۆر کاریگەریی لەسەر ئێمە دروستکرد، بۆیە بۆ ئەوانەی کە گیانیان لەدەستداوە داوای لێخۆشبوونیان لە خودا بۆ دەخوازین و ئەوانەشی بریندار بوون چاکبوونەوە دەخوازین، ئێمە هەست بە ئازار و ناڕەحەتییەکانتان دەکەین."
 
لە بەشێکی قسەکانیدا جەمیل بایک هێرش دەکاتە سەر دەوڵەتی تورکیا و دەڵێت، "بەداخەوە بوومەلەرزە لە هەموو جیهان روودەدات، بەڵام زۆر وڵات ئاگاداریی پێشوەختە دەگرنەبەر بۆئەوەی رووخان کەم بێت و کوشتن کەمتر بێت، بەڵام تورکیا ئەوەی نەکردووە، بۆیە کارەساتەکە قورستر بووە."
 
هاوسەرۆکی کەجەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە سەرجەم چالاکییەکانیان لە دژی سوپای تورکیا رادەگرن "لەبەر ئەوەی ریز لە گەلان دەگرین و ئێمە ئازارەکان زیاد ناکەین و دوای ئەوەی رەوشەکانمان خەمڵاند، داوا لە هێزەکانمان دەکەین چالاکییە سەربازییەکانیان رابگرن تاوەکو ئەو کاتەی دەوڵەت هێرش نەکاتە سەرمان هیچ هێرشێک ناکەین، بۆئەوەی ئازارەکانمان کەم بکەین و برینەکان چارەسەر بکەن."
 
کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی رۆژی هەینی 10-02-2023، سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە لە 10 شارەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 18 هەزار و 342 کەس و 74 هەزار و 242 کەسیش بریندار بوون.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:28

لە ئامەد بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 216 کەس گیانیان لەدەستداوە

رزگارکردنی منداڵێک لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی ئامەد. وێنە: AA
 
تاوەکو ئێستا لانیکەم 216 کەس لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شووباتەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی هەینی، 10ی شووباتی 2023 عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد لە زاری بەرپرسانی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا - ئافاد رایگەیاند، تائێستا لانیکەم 216 کەس لە ئامەدی باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
 
تیمەکانی فریاکەوتن لە 6 باڵەخانەدا لە هەوڵەکانی گەڕان بەردەوامن کە مەزەندە دەکرێت 250 کەس لەژێر داروپەردوویاندا مابن.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تائێستا 899 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە یانیش بریندار بوون، کە 30 لەوانە گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. هاوکات، هەوڵەکانی گەڕان لە پلەی گەرمیی خوار سفرەوە بەردەوامن.
 
ئەمڕۆ هەینی، دایکێک و منداڵەکەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان رزگارکران و "تەندروستییان باشە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو 70%ی نەخۆشخانەکانی شاری ئامەد پڕ بوون. ئەوەش لەبەر ئەوەی شارەکە لەو شارانەوە نزیکە کە ببوونە چەقی بوومەلەرزەکە و تائێستا سەروو 200 کەس لە شارەکانی مەرەش، مەلەتی و سەمسووری باکووری کوردستانەوە گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئامەد.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا، بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شووباتەوە کە گوڕەکەی 7.8 بوو، 18 هەزار و 342 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:16

لە سەرجەم مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان نوێژی مردوو لەسەر قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەکرێت

لە هاتای تیمەکان هەوڵی رزگارکردنی گەنجێک دەدەن. وێنە: AA
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاردراوە دوای کۆتاییهاتنی گوتاری نوێژی هەینی، نوێژی مردوو لەسەر قوربانیانی بوومەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بکرێت، دەشڵێت "لە گوتاری هەینیدا باس لە کارەساتە جەرگبڕەکە و ئەوەی کە چۆن بتوانین دەستی هاوکاری بۆ لێقەوماوان درێژ بکەین، دەکرێت."
 
رۆژی هەینی 10-02-2023 نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لە نزیکەی 3500 مزگەوتی هەرێمی کوردستان نوێژی مردوو لەسەر قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای سووریا دەکرێت، لە هەولێر ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان و بەرپرسانی دیکە لە مزگەوتی جەلیل خەیات بەشداریی نوێژەکە دەکەن."
 
سەبارەت بە ناوەرۆکی گوتاری ئەمڕۆ هەینی لە مزگەوتەکانی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی گوتی، "بریتی دەبێت لە باسکردنی ئەو بوومەلەرزەیە و چۆن بتوانرێت هۆشیاریی ئایینی و نیشتمانی بڵاوبکرێتەوە کە لەکاتی کارەساتەکاندا گیانی لێبووردەیی بڵاوبکرێتەوە و هاوکاریی لێقەوماوان بکرێت."
 
شەوی پێنجشەممە 09-02-2023 وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان وەکو هاوسۆزییەک لەگەڵ قوربانیانی رووداوەکە و کەسوکارانیان بڕیاری راگرتنی سەرجەم چالاکییە ئاهەنگ ئامێزەکانی دا، لەنێویاندا چالاکییەکانی تایبەت بە رۆژی خۆشەویستی ناسراو بە (ڤالانتاین).
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 06-02-2023، کاژێر 04:17 بوومەلەرزەیەک باکووری کوردستانی هەژاند، چەقی بوومەلەرزەکە ناوچەی بازارجخی سەر بە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بوو، بەڵام لە بەشێکی هەرێمی کوردستانیش هەستی پێکرا، بوومەلەرزەکە بەشێکی زۆری ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و ژمارەیەک ناوچەی تورکیا و سووریای گرتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا -ئافاد رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە 10 شارەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 18 هەزار و 342 کەس و 72 هەزار و 242 کەسیش بریندار بوون.
 
هەروەها ژمارەی گیانلەدەستدان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیشتووەتە سێ هەزار و 317 کەس، زیاتر لە 7000 کەسیش بریندارن.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:07

تیمەکان لە مەلەتی پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکەن؛ 'هیوامان هەیە دوای 7 رۆژیش خەڵک رزگار بکەین'

ئەندامانی تیمێکی رزگارکردن بێدەنگ بوون و گوێ دەگرن بۆ بیستنی دەنگی ئەوانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک. وێنە: رووداو
ئەندامانی تیمێکی رزگارکردن بێدەنگ بوون و گوێ دەگرن بۆ بیستنی دەنگی ئەوانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک. وێنە: رووداو
 
تیمی رزگارکردنی قوربانیان لە مەلەتی باکووری کوردستان ناوبەناو داوا دەکەن هەمووان لە شوێنی خۆیان دابنیشن و بە تەواوەتی بێدەنگ بن، ئەوەش لەوکاتەی کە ئامێرێکی هەستیاری دەنگ شۆڕ دەکەنەوە و چاوەڕوانن، دەنگێک یان ناڵەیەک لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاودا ببیستن، بۆئەوەی بەهانایەوە بچن.
 
تیمەکان کاتی زۆریان لەبەردەستدا نەماوە و هیوای دۆزینەوەی قوربانییان بە زیندوویی تادێت کەمتر دەبێتەوە.
 
عومەر ئاکسو، خۆبەخش ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە ئەو دۆخەمان لە بوومەلەرزەکانی پێشتریشدا بینی و دوای تێپەڕبوونی شەش حەوت رۆژ، خەڵکمان رزگار کرد. بۆیە ئەزموونەکان پێمان دەڵێن نابێت بێهیوا بین. ئەگەر توانیبێتمان لە کۆتایی شەشەم و حەوتەم رۆژدا مرۆڤەکان بە زیندوویی دەربهێنین دڵنیام دۆخەکە دووبارە دەبینینەوە."
 
تیمی هاوکاریی وڵاتانی دیکە گەیشتوونەتە مەلەتی، هەندێک ئامێری پێشکەوتوویان لەگەڵ خۆیان هێناوە، بە هیوای ئەوەی لەو کاتە کەمەی کە ماوە، ژیانی هەندێک لە قوربانییەکانی پێ رزگار بکەن.
 
کریسمان مێرلیکا، ملازمی سوپای ئەلبانیا دەڵێت، "تیمی رزگارکەری ئێمە ئامێری مۆدێرنیان پێیە بۆئەوەی باڵەخانە رووخاوەکان بپشکنن و لە رێگەی کامێراوە ئەودیوی بەربەستەکان ببینن. تیمەکانی ئێمە لەگەڵ تیمەکانی تورکیا، کە بە AFAD ناسراون، کار دەکەن، ئەوان داوای چی بکەن ئێمە ئەوە دەکەین."
 
فاتیح روزگەر، ئەندامی تیمی گەڕانی تورکیا دەڵێت، "هیچ هیوایەکمان نەبوو، لەو باوەڕەدا بووم تەنیا تەرم دەردەهێنین، بەڵام هاوڕێیانمان لە تیمەکانی جەندرمە بە ئامێری لێزەری تایبەت دەریانخست کە هێشتا کەسی زیندوو لەژێر داروپەردووەکاندا هەن. لەڕاستیدا پێشبینیی دەرهێنانی تەرممان دەکرد، لەلایەکی دیکەشەوە کەمێک هیوام هەبوو بەوەی پەرچوو روودەدات. دوای هەڵدانەوەی پێنج چینی گەورەی کۆنکرێت، لە دوایین دوو چینی خوارەوەدا لە کاتی بڕینی ئاسنەکاندا، گوێم لە دەنگی منداڵ بوو. دوای بڕینی ئاسنەکە، منداڵەکەم بینی و زۆر دڵخۆش بووم."
 
هەزار هاونیشتمانیی باکووری کوردستان لە بوومەلەرزەکە گیانیان لە دەستداوە و تادێت ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزتر دەبێتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:59

لە ئامەد دوای 101 کاژێر دایک و کوڕێک رزگار دەکرێن

لە ئامەد دوای 101 کاژێر دایک و کوڕێک رزگار دەکرێن

لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان دوای تێپەڕبوونی 101 کاژێر بەسەر بوومەلەرزەکەی مەرەشدا، دایکێک و کوڕەکەی بە زیندوویی رزگار کران.
 
ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزاری لە ئامەد بەردەوامە و ئەمڕۆ هەینی 10ـی شوباتی 2023 سەباحەت ڤارلی، تەمەن 32 ساڵ و کوڕەکەی دوای 101 کاژێر لە شارۆچکەی رەزان لە ناوەندی شاری ئامەد لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەیەکدا هێندرانە دەرەوە.
 
سەباحەت ڤارلی و سەرهەد ڤارلی کوڕی، کە تەمەنی 10 ساڵە، لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
لە چوارەمین رۆژی بوومەلەرزەکەی مەرەش ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە پارێزگاکانی رووها و کیلیس لە باکووری کوردستان و عوسمانییە لە تورکیا تەواو بوون؛ بەڵام لە حەوت پارێزگاکەی دیکە کارەکان بەردەوامن و هیوای رزگارکردنی لێقەوماوان کەم دەبێتەوە.
 
بەپێی دوایین ئاماری سەرۆکایەتی بەرێوەبردنی کارەسات و رووداوی لە ناکاو (ئافاد) بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەڕەش 18 هەزار و 342 کەس گیانیانلەدەستداوە و 74 هەزار و 242 کەسیش بریندارن.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:52

لە مەرەشی باکووری کوردستان دوای 99 کاژێر گەنجێکی سووری رزگار دەکرێت

دیمەنی کاتی رزگارکردنی گەنجە سوورییەکە لە مەرەشی باکووری کوردستان
 
لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن. دوای تێپەڕبوونی 99 کاژێر گەنجێکی سووری لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاودا دەرهێندرا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 10ی شووباتی 2023 تیمەکانی رزگارکردن لە ناوەندی شاری مەرەش لە شەقامی "عەلی سەزایی ئەفەندی" هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماونەتەوە.
 
لەگەڵ بیستنی دەنگ، تیمەکان دەستیان بەکارکردن کرد لە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمیدا و دوای 14 کاژێر کارکردن کچێکی سووریی تەمەن 26 ساڵیان بەناوی "فاتمە کاروش" رزگار کرد کە ماوەی پێنج رۆژ لەژێر ئەو باڵەخانەیەدا مابووەوە.
 
بەهۆی دوو بوومەلەرزەکەی مەرەش کە رۆژی 6ی شووباتی 2023، بە گوڕی 7.7 و 7.6 لە شارۆچکەکانی پازارجخ و ئەلبیستانی دا، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 18,342 کەس بەرزبووەوە و 74 هەزار و 242 کەسیش بریندارن.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە پارێزگای مەرەش 4879 کەس گیانیان لەدەستداوە 9243 کەس بریندارن.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:50

ئەمریکا 85 ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆیی دەداتە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە

باڵەخانەیەکی رووخاو لە دیلۆکی باکووری کوردستان. وێنە: AA
 
ئەمریکا بڕی 85 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاریی مرۆیی دەداتە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا بۆئەوەی قەرەبووی بەشێکی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی 6ی شووبات بکرێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 9ی شووباتی 2023 ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە دەدەنە هاوبەشەکانیان بۆئەوەی "هاوکاریی هەنووکەیی بگەیێندرێتە ملیۆنان کەس" لەنێویاندا لەڕێگەی دابینکردنی خۆراک، پەناگە و خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە.
 
ئاژانسەکەی ئەمریکا دەشڵێت، بڕە پارەکە لە رێگەی دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە و کەلوپەلی پاکوخاوێن بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی خەرجدەکرێت.
 
ئەو راگەیێندراوە لەدوای ئەوە هات کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغلۆ، هاوتا تورکییەکەی بە تەلەفۆن قسەی کرد بۆئەوەی تاوتوێی پێداویستییەکانی تورکیا بکەن.
 
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەیەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "جێگەی شانازییە کە دەچینە ریزی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆئەوەی هاوکاریی تورکیا بکەین، هەروەک چۆن تورکیا لە رابردوودا لە رێگەی شارەزایانی رزگارکردنی مرۆییەوە هاوکاریی ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی دیکەی کردووە."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شووباتەوە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا تاوەکو ئێستا سەروو 21 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:41

بانکی جیهانی بۆ قەرەبووی زیانەکانی بوومەلەرزەکە 1.78 ملیار دۆلار دەداتە تورکیا

گەڕان بەدوای قوربانییان لە سەمسووری باکووری کوردستان. وێنە: AA
 
بانکی جیهانی بە بڕی 1.78 ملیار دۆلار هاوکاری دەداتە تورکیا بۆئەوەی قەرەبووی زیانەکانی بوومەلەرزەی 6ی شووبات بکاتەوە، کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەروو 21 هەزار کەس لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا.
 
رۆژی پێنجشەممە 10ی شووباتی 2023 دەیڤید ماڵپاس، سەرۆکی بانکی جیهانی رایگەیاند، "هاوکاریی دەستبەجێ دابیندەکەین و ئامادەکاری بۆ هەڵسەنگاندنێکی خێرا دەکەین لەبارەی پێداویستییە گەورە و هەنووکەییەکانەوە."
 
سەرۆکی بانکی جیهانی گوتیشی، "دەستنیشانی ئەو ناوچانە دەکەین کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و بوونیاتنانەوەیە، لە کاتێکدا کار بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانە دەکەین کە پێویستیان بە هاوکارییە."
 
بانکی جیهانی دەڵێت، هاوکاریی هەنووکەیی بە بڕی 780 ملیۆن دۆلار لە رێگەی ئاژانسی وەڵامدانەوەی خێراوە دابین دەکرێت. باس لەوەش دەکات کە "هاوکارییەکە بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی سەرەکی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەکاردەهێندرێت."
 
هاوکات، بانکی جیهانی دەڵێت، بڕی یەک ملیار دۆلاری دیکەش لە هاوکاریکردنی ئەو خەڵکە خەرج دەکرێت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شووباتەوە کە گوڕەکەی 7.8 پلەی رێختەر بوو، تاوەکو ئێستا لانیکەم 18,342 کەس لە باکووری کودستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و 74 هەزار و 242 کەسی دیکەش بریندار بوونە. سێ هەزار و 377 کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:53

لە مەلەتیی باکووری کوردستان دوو بوومەلەرزەی دیکە روویاندا

نیشاندەری پێوەری گوڕی بوومەلەرزە
 
لە پارێزگای مەلەتی باکووری کوردستان دوو بوومەلەرزەی دیکە بە گوڕی 4.1 و 5.0 پلەی رێختەر روویاندا.
 
بوومەلەرزەی یەکەم کاژێر 07:53ی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 10ی شووباتی 2023 بە گوڕی 4.1 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی بەتاڵگازی سەر بە پارێزگای مەلەتی روویدا.
 
هەروەها بوومەلەرزەی دووەم کە گوڕەکەی 5.0 پلەی رێختەر بووە، کاژێر 07:50 خولەک لە شارۆچکەی یەشیلیورت روویداوە.
 
دوای ئەو دوو بوومەلەرزەیەی کە رۆژی 6ی شووباتی 2023 بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە شارۆچکەکانی پازارجخ و ئەلبیستانی مەرەشی دا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1400 پاشلەرزە روویانداوە، کە 6 پاشلەرزە 6 پلەی رێختەر بووە و 25 پاشلەرزە 5 پلەی رێختەر بووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:46

لە دوو باڵەخانەدا لە هاتای هەوڵی رزگارکردنی 15 کەس دەدرێت

گەڕان بەدوای قوربانییانی بوومەلەرزە لە هاتای. وێنە: AFP
 
لە شاری هاتای تورکیا هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن و لە پێنجەمین رۆژی بوومەلەرزەکەی مەرەش لەژێر داروپەردووی دوو باڵەخانەی ئەو شارەدا دەنگی 15 کەس بیستراوە و تیمەکان هەوڵی رزگارکردنیان دەدەن.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 10ی شووباتی 2023 دوای 97 کاژێر لە روودانی بوومەرزەکەی مەرەش، لە گەڕەکی "چای" لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمیدا دەنگی هەشت کەس و لە گەڕەکی "گوزەل بورچ" دەنگی حەوت کەس بیستراوە.
 
تیمەکان بە یارمەتیی ئامێری بیناسازی و بە وردی چالاکییەکانی رزگارکردنیان دەستپێکردووە و هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ رزگارکردنی ئەو 15 کەسە.
 
بەر لە دەستنیشانکردنی ئەو 15 کەسە، لە 95ـەمین کاژێری دوای بوومەلەرزەکەدا منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ بەناوی "ئاسیا دۆنمەز" لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاو لە شاری هاتای رزگار کرا.
 
بەهۆی دوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی مەرەش کە رۆژی 6ی شووباتی 2023 بە گوڕی 7.7 و 7.6 لە شارۆچکەکانی پازارجخ و ئەلبیستانی دا، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 17674 کەس بەرزبووەوە و 72879 کەسیش بریندارن.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:43

ئەمریکا سزاکانی سەر سووریا سووک دەکات تاوەکو وڵاتان بتوانن هاوکاریی مرۆیی بۆ بنێرن

منداڵێک لە باڵەخانەیەکی رووخاوی عەفرین رزگار دەکرێت. وێنە: AFP
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هەندێک لیخۆشبوونیان لە سزاکانی سەر سووریا کردووە تاوەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بتوانن بە ئاسانی هاوکاریی مرۆیی بگەیێننە قوربانیانی بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
 
رۆژی پێنجشەممە 9ی شووباتی 2023 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەندێک لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر سووریا بۆ ماوەی شەش مانگ دەکات، تاوەکو بتوانرێت هاوکاریی مرۆیی لەلایەن وڵاتانەوە بگاتە دەست لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کە تاوەکو ئێستا هەزاران کەسی کردووەتە قوربانی.
 
لەوبارەیەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەمڕۆ وەزارەت و بەشی کۆنترۆڵکردنی سامانی بیانی، مۆڵەتێکی تایبەتی 180 رۆژەی دەرکرد، کە رێگە بە هەموو هاوکارییەک دەدات کە لە رابردوودا و بەگوێرەی سزاکانی سەر سووریا، هەندێک لەو هاوکارییانە قەدەخە بوون."
 
هەروەها واڵی ئادیامۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بەو هەنگاوەی ئیدارەی بایدن رایگەیاند، هیچ سزایەکی ئەمریکا رێگر نابێت لە گەیاندنی کۆمەک و هاوکاریی مرۆیی بە سووریا.
 
لەگەڵ ئەوەش ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو لێخۆشبوونە موڵک و سامانی ئەو سووریانە ناگرێتەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە بلۆک کراون و دەستیان بەسەردا گیراوە بەگوێرەی سزاکانی سەر سووریا.
 
حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو بڕیاری لێخۆشبوون و ئاسانکاریانەی لەسەر سزاکانی سووریا، پابەندیی ئیدارەی ئەمریکا پێشاندەدات بۆ گەیاندنی هاوکاری و پێداویستیی مرۆیی بۆ خەڵکی سووریا.
 
پاش بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا داوای لە حکومەتی سووریا کرد سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ئەو وڵاتە بکاتەوە، تاوەکو وڵاتان بە زووترین کات هاوکاری بگەیێننە ئەو خەڵکەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە دووچاری زیانێکی زۆر بوونەتەوە.
 
لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "داوا لە رژێمی ئەسەد دەکەین بە زووترین کات رێگە بدات هاوکاری بە سەرجەم دەروازەکاندا تێپەڕێت و رێگە بدات هاوکارییەکان دابەش بکرێن بۆ سەرجەم ئەو ناوچانەی بوومەلەرزە لێیداون و هاوکارییەکان بگاتە دەست سەرجەم خەڵکی سووریا کە پێویستیان بە یارمەتییە، بەبێ هیچ مەرجێک."
 
لەدوای بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی شووباتی رابردوو کە زیانی بە چەندین ناوچەی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سووریا گەیاند، رۆژی پێنجشەممە یەکەم کاروانی هاوکاریی مرۆیی بە سەرپەرشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەروازەی باب ئەلهەوا لە باکووری سوویا گەیشتە ئەو وڵاتە و چاوەڕێش دەکرێت هاوکاریی زیاتر لە چەند رۆژی داهاتوودا بگات.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:42

ئافاد: ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 18 هەزار و 342 کەس

ئافاد: ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 18 هەزار و 342 کەس
 
کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی رۆژی هەینی، 10-02-2023، سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا -ئافاد رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە لە 10 شارەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 18 هەزار و 342 کەس و 74 هەزار و 242 کەسیش بریندار بوون.
 
بەپێی دوایین ئامار کە دەست رووداو کەوتووە، لە باکووری کوردستان و تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریاش زیاتر لە 22 هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستداوە. هاوکات زیاتر لە 80 هەزار کەسیش برینداربوون.

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

09:20

گیانلەدەستدان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 3800 کەسی تێپەڕاند

گیانلەدەستدان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 3800 کەسی تێپەڕاند
 
تیمە فریاگوزارییەکان 24 کاژێر کاردەکەن بۆ رزگارکردنی ئەوانەی لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە؛ هەتاوەکو کاتیش زیاتر تێدەپەڕێت، ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداران زیاتر دەبن.
 
بەپێی دوایین ئامارەکان، لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، سێ هەزار و 840 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار کەسیش برینداربوون.

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

08:51

ئاماری نوێی گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا

دیمەنی کاتی رزگارکردنی کچێک لە هاتای تورکیا. وێنە: AFP
 
بەپێی نوێترین ئامار کە ئافاد بڵاویکردووەتەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیا 17 هەزار و 674 کەس بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە نزیکەی 73 هەزار کەس.

 

 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:48

تیمێکی بەریتانی لە تورکیا بە سەگی راهێنراو هەوڵی رزگارکردنی ئەوانە دەدات کە هێشتا لەژێر باڵەخانەکاندان

تیمە بەریتانییەکە لە هاتای تورکیا لەکاتی کارکردن
تیمە بەریتانییەکە لە هاتای تورکیا لەکاتی کارکردن
 
تیمێکی فریاگوزاریی بەریتانی لە شاری ئەنتاکیای پارێزگای هاتای لە باشووری تورکیا بەدوای ئەوانەدا دەگەڕێن کە هێشتا لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندان.
 
مارک دەیڤی، ئەندامی تیمی فریاگوزاریی بەریتانی دەڵێت، "لێرەین بۆ پشکنین و هەڵمەتی رزگارکردن لەم ناوچەیە و هەڵسەنگاندنیشی بۆ دەکەین، پشکنین بۆ تەواوی ناوچەکە دەکەین. لەو بڕوایەدام نزیکەی 40 تیمی پشکنین و رزگارکردن لێرەن و شەقام بە شەقام دەگەڕێین و زانیاری کۆدەکەینەوە. دواتر ئەو زانیارییانە دەنێرینەوە سەنتەر و لەوێ ئامادەکاری دەکەین، بە کەلوپەلی پێویستەوە دێینەوە بە هیوای ئەوەی هەواڵێکی خۆش بدەینە کەسوکاریان."
 
لەدوای بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، نزیکەی 24 وڵات تیمی فریاگوزارییان بۆ تورکیا و سووریا ناردووە، بەو هیوایەی ئومێد بۆ خەڵکە لێقەوماوەکە بگەڕێننەوە.
 
جەنگیز تەبوور، کەسوکاری رزگاربوو دەڵێت، "مامم و دوو ئامۆزام رزگار کران، خۆشحاڵم. دوو کاژێر دەبێت رزگار کراون. رەوانەی نەخۆشخانەمان کردن و دۆخیان باشە، سوپاس بۆ خودا."
 
حوسێن کالکان، کەسوکاری قوربانی دەڵێت، "چوار رۆژە تیمی گەڕان و رزگارکردن هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ رزگارکردنی خەڵکەکە، ئەگەر رۆژی یەکەم یان دووەم بووایە، هیوا هەبوو بە زیندوویی رزگاریان بکەین، بەڵام کە بووەتە چوارەم رۆژ، هیوامان لەدەستداوە."
 
بەریتانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لە یەکەم رۆژەوە تیمێکی 76 کارمەندیی فریاگوزاریی لەگەڵ کەلوپەلی تایبەتی گەڕان و رزگارکردن و سەگی راهێنراوی رەوانەی تورکیا کرد بۆ هاوکاریکردن لە گەڕان بەدوای قوربانیاندا.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:45

لە سەمسووری باکووری کوردستان بەهۆی بوومەلەرزەوە 3105 کەس گیانیان لەدەستداوە

بە گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا، لە پارێزگای سەمسوور 1939 باڵەخانە رووخاون
 
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا رایگەیاند، لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان بەهۆی بوومەلەزرەکەی مەرەش 3105 کەس گیانیان لەدەستداوە و 9716 کەسیش بریندارن.
 
عادل کارائیسماعیلئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 10ی شووباتی 2023 لەگەڵ محەممەد مووش، وەزیری بازرگانی لە زانکۆی سەمسوور کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد.
 
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا گوتی، "بەداخەوە بەهۆی بوومەلەرزەوە لە سەرتاسەری پارێزگای سەمسوور 3105 هاووڵاتیمان لەدەستدا کە 2195 کەسیان لە ناوەندی شارن، هەروەها 9716 بریندارمان هەیە کە 7385یان لە ناوەندی شارن."
 
بە گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا، لە پارێزگای سەمسوور 1939 باڵەخانە رووخاون و 923 لەو باڵەخانانە لە ناوەندی شاری سەمسوورن.
 
کەرائیسماعیلئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بوومەلەزەیەی لە مەرەش روویدا یەکێکە لە "گەورەترین کارەساتەکانی جیهان" و گوتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی سەمسوور دەکات.
 
زیاتر بخوێنەوە

22:16

ژمارەی گیانلەدەستدان لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا 20 هەزار کەسی تێپەڕاند

تیمەکان لە شاری هاتای تورکیا بە شەو و رۆژ بەردەوامن لە کارکردن. وێنە: AA


بەپێی دوایین ئامار؛ ژمارەی گیانلەدەستدان لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا بەهۆی بوومەلەرزەوە 20 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
 
کاژێر 10:00ـی ئەمشەو پێنجشەممە، 09-02-2023، سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا -ئافاد رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە لە 10 شارەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 17 هەزار و 406 کەس و 71 هەزار و 446 کەسیش بریندار بوون.
 
هەروەها ژمارەی گیانلەدەستدان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیشتە سێ هەزار و 317 کەس، بەوەش لە بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا ژمارەی گیانلەدەستدان 20 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

 

زیاتر بخوێنەوە

18:51

ئەردۆغان: 16 هەزار و 546 کەس گیانیان لەدەستداوە

رووداو


سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دوایین ئاماری گیانلەدەستدان و بریندارانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 16 هەزار و 546 کەس گیانیان لەدەستداوە و 66 هەزار و 132 کەسیش بریندار بوون.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت، بەردەوام هاوکارییان پێدەگات و دەشڵێت، "هەموو توانایەکمان خستووەتەگەڕ بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان."
 
سەرۆککۆماری تورکیا باس لەوەش دەکات کە "هیچ هاووڵاتییەک بە تەنیا جێناهێڵین" و دەشڵێت، "هەمووان دەبنە خاوەن ماڵی نوێ."

 

 
زیاتر بخوێنەوە

14:57

چیرۆکەکانی بوومەلەرزە؛ دووجار ئاوارەبوون

چیرۆکەکانی بوومەلەرزە؛ دووجار ئاوارەبوون

بوومەلەرزە، دیمەنێکی دووبارەبووەوەی لە جندرێسی سەر بە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دروستکردووە، هەزاران کەس ئاوارە بوون و لەسەر شەقامەکان و لەژێر چڵە زەیتوونەکان لە کەشوهەوایێکی سارددا دەمێننەوە.
 
محەمەد هەینی، ئێستا لە جندرێس ئاوارەبووە، دەڵێ "ئێمە لەنێو ئۆتۆمبێل دەخەوین، بەهۆی بوومەلەرزەوە خانوومان زیانی بەرکەوت. ناتوانین بگەڕێینەوە نێوی، چونکە دەترسین خانووەکە بە هەر پاشلەرزەیەک بەسەرماندا بڕوخێت. دۆخمان ئاوایە؛ لەسەر شۆستە یان لەنێو ئۆتۆمبێل دەمێنینەوە. من و خێزانەکەم کەوتووینەتە سەر شەقام".

 

 
زیاتر بخوێنەوە

14:29

لە کیلیس کارەکانی رزگارکردنی قوربانیانی بوومەلەرزەکە کۆتاییان هات

کاتی رزگارکردنی کەسێک لەلایەن تیمێکەوە لە باکووری کوردستان. وێنە: AA

لەدوای پارێزگای رووها، سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردنیان لە کیلیسی باکووری کوردستانیش تەواو کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی شووباتی 2023 سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد لە کاژێر 12:43 خولەکدا رایگەیاند، "تیمەکانمان هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردنیان لە کیلیس تەواو کردووە و تیمەکانیان لە کیلیس رەوانەی پارێزگاکانی دیکە کردووە کە کارەکان تێیاندا بەردەوامە."

بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان، لە پارێزگای کیلیس 22 کەس گیانیان لەدەستدا و 417ی دیکەش بریندار بوون، 50 خانوو و باڵەخانە لەو پارێزگایەدا رووخان.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کەمێک لەمەوبەر سەردانی شاری دیلۆکی باکووری کوردستانی کرد، بڕیارە هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی پارێزگاکانی کیلیسی باکووری کوردستان و عوسمانییەی تورکیا بکات.

زیاتر بخوێنەوە

14:27

دوایین ئاماری باکووری کوردستان و تورکیا

 
 
ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 14 هەزار و 351 کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ نزیکەی 64 هەزار کەس بەرزبووەوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

13:30

گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا 14 هەزار کەسی تێپەڕاند

هەڵمەتی رزگارکردنی قوربانیان لە ئامەدی باکووری کوردستان. وێنە: AA
 
بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە راگەیێندرا، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان گەیشتووەتە سەروو 14 هەزار کەس. پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زیاتر روو لە هەڵکشان بکات بەو پێیەی هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 09-02-2023 رایگەیاند،"14 هەزار و 14 کەس بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 63 هەزار و 794 کەس."
 
تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن بەردەوامن لە هەوڵەکانیان؛ لە دیلۆکی باکووری کوردستان بەپێی ئەو ئامارانەی ئەردۆغان باسی کرد، 944 باڵەخانە رووخاون و 1415 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە؛ هاوکات 10 هەزار و 935 هاونیشتمانیش بریندار بوون.
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، 10 هەزار لیرە دەدرێتە هەر ماڵباتێک کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان پێگەیشتووە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

13:29

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین - سووریا: هەندێک چەکدار پارە و زێڕی قوربانییەکانی بوومەلەرزە دەدزن

ناوچەیەکی زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزە لە عەفرین. وێنە: AA
 
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین - سووریا دەڵێت، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تاوەکو ئێستا لە حەلەب و ئیدلیب 1900 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2950 کەسیش بریندار بوون، زۆرینەی قوربانییەکان لە جندرێسی عەفرینن. دەشڵێت، "لە عەفرین و جندرێس بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان پارە و زێڕی قوربانییەکان دەدزن و دەست بەسەر هاوکاریی خێرخوازان دەگرن و نایدەنە کوردەکان."
 
مستەفا شێخۆ، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین - سووریا بە رادیۆی رووداوی گوت، تاوەکو دوێنێ 1900 کەس لە ئیدلب و حەلەب گیانیان لەدەستداوە و 2950 کەسیش بریندارن. بەگوێرەی دوایین راپۆرتی ئەنجوومەنی خۆجێیی جندرێس، لەو شارەدا 1107 باڵەخانە و خانوو زیانیان پێگەیشتووە.
 
بە گوتەی مستەفا شێخۆ، زۆرینەی زیانەکان بەر سنووری جندرێس کەوتووە، لە زۆرینەی گوندەکانی سنووری عەفرین قوربانی هەن کە تاوەکو دوێنێ 820 قوربانی لە جندرێس هەبوون و هێشتا خەڵکێکی زۆریش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون و دەرنەهێنراون.
 
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین - سووریا ئاماژەی بەوە کرد، "نزیکەی 82 کاژێر تێپەڕیوە بەسەر رووداوەکەدا و ئەوانەی رزگار نەکراون، ئەگەری مانیان لە ژیاندا زۆر ئەستەم بووە، چونکە دۆخی ناوچەکە زۆر ساردە، لە رۆژی یەکەم و دووەمدا دەنگی ئەوانە دەبیسترا لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا بوون، ئێستا هیچ دەنگێک نەماوە و ئەگەری مانەوەی ئەوانەی لەژێر داروپەردووی خانووەکانن، زۆر ئەستەمە."
 
مستەفا شێخۆ باس لە دەرهێنانی گەنجێک دەکات لەژێر دارەپەردووی خانوویەکی رووخاودا لە جندرێس کە هیچ بریندار نەبووە، بەڵام دوای بینینی وێرانەیی گوندەکەیان گیانی لەدەستداوە، دەڵێت: "دوێنێ لە گوندی چەقەڵاجومێ لە جندرێس، گەنجێک بەناوی (بارزان محەممەد) لە ژێر داروپەردووی خانوویەکی رووخاو دەرهێندرا، داوای ئاوی کرد و ئاوی خواردەوە، دوایی گوتی: ئەوە چی بەسەر جندرێس هاتووە، یەکسەر گیانی لەدەستدا، نە بریندار بوو نە هیچ، بەڵام تووشی شۆک بوو و گیانی لەدەستدا."
 
لەبارەی هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی قوربانیانی ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکان، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین - سووریا گوتی، "عەفرین و جندرێس لە هەر چوارلاوە گەمارۆ دراون و هیچ کەسێک بە هانای خەڵکی ناوچەکەوە نایەت، هەروەک رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانیش هیچ هاوکارییەکی عەفرین و جندرێسیان نەکردووە."
 
مستەفا شێخۆ دەڵێت، لە عەفرین و جندرێس بەشێک لە چەکداران پارە و زێڕی قوربانییەکان دەدزن، "لە سنووری عەفرین و جندرێس، خەڵکی ناوچەکە و بەرگریی شارستانی قوربانییەکان دەردەکەن، بەڵام بەشێک لەو چەکدارانە دەچن خەڵک لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا دەردەهێنن، پارە و زێڕەکانیان دەدزن."
 
لەبارەی دۆخی بریندارانەوە، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین - سووریا دەڵێت، "تاوەکو ئێستا 150 تەرم لە نەخۆشخانەی عەفرینن، بەڵام کەس نایانناسێتەوە، بریندارەکانیش دەبرێنە نەخۆشخانەی سەربازیی عەفرین، بەڵام دۆخی نەخۆشخانەکەش زۆر خراپە و لەوێ ئۆکسجین و دەرمان نەماوە، دۆخێکی زۆر نالەبارە."
 
مستەفا شێخۆ ئەوەشی خستەڕوو، "عەفرین لە هەر چوارلاوە گەمارۆدراوە، پێنج ساڵە هاوار دەکەین هیچ رێکخراوێک وەڵاممان نادەنەوە و بانگەوازمان بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە بۆ بەهاناوە هاتنی خەڵکی ناوچەکە، بەڵام هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوە."
 
لەبارەی چوونی هاوکارییەکان بۆ سنووری عەفرین و جندرێس، باسی لەوە کرد، "ئەو هاوکاری و پێداویستییانەی لەلایەن خێرخوازانەوە دێنە سنوورەکە، گرووپە چەکدارەکان دەستی بەسەردا دەگرن و جیاوازی دەکەن لە دابەشکردنیدا، یان دەدرێتە عەرەب، یان دەدزرێت."
 
زیاتر بخوێنەوە

12:43

پڕۆفیسۆرێکی جیۆفیزیا لە تورکیا: 192 هەزار کەس کەوتوونەتە ژێر داروپەردوو

گەڕان بەدوای قوربانییەکانی بوومەلەرزە لە مەرەشی باکووری کوردستان. وێنە: AA
 
پڕۆفیسۆرێکی جیۆفیزیک کە هاوکات مامۆستای زانکۆی بۆغازئیچییە رایگەیاند، 192 هەزار کەس کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکان و لە هەر 25 کەس، یەکێکیان رزگار دەکرێت.
 
ئۆڤگون ئەحمەد ئەرجان، پڕۆفیسۆری جیۆفیزیک کە هاوکات مامۆستای زانکۆی بۆغازئیچییە، رۆژێک دوای بوومەلەرزەکە بڵاویکردەوە، "شەش هەزار باڵەخانە و خانوو رووخاون. چوار نهۆمی هەشت شوقەیی دەکاتە 48 شوقە. واتە ئەگەر لەسەر چوار کەس هەژماری بکەین، 192 هەزار کەس لەژێر دار و پەردوو ماونەتەوە."
 
هەروەها لەبارەی ژمارەی رزگارکراوان و ئەوانەی لەژێر داروپەردوو ماون رایگەیاند، "8000 کەس رزگارکران. 184 هەزار کەس کەوتنە ژێر دار و پەردوو. رێژەی رزگارکردن 1 کەسە لە 25 کەس."
 
لە تویتێکی دیکەیدا ئۆڤگون ئەحمەد ئەرجان نووسیویەتی، پرۆسەی رزگارکردنی کەسێک بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی بەر بکەوێت، دوو رۆژی پێویستە. هەروەها نووسیویەتی، "ئەگەر کەسی گیرخواردوو لە شوێنێکی بێ ئۆکسجین بێت، کاژێرێک لە ژیاندا دەمێنێتەوە. ئەگەر کەسێک خوێنبەربوونی هەبێت، دوو کاژێر، ئەگەر تەنیا سەری بەر شتێک کەوتبێت 3 کاژێر لە ژیاندا دەمێنێتەوە. ئەگەر کەسی گیرخواردوو بێ ئاو بێت، لە کۆتایی رۆژی دووەمدا ئەگەری مانەوەی 10%یە. بە شێوەیەکی تێکڕایی کۆتایی شەشەمین رۆژ، ئەوانەی بێ ئاون لە تینووێتیدا گیان لەدەستدەدەن. لە نۆیەمین رۆژدا ئەگەری گیانلەدەستدانی تینووەکان 90% دەبێت."
 
بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان گەیشتووەتە 12 هەزار و 391 کەس، هەروەها رایگەیاند 62 هەزار و 937 کەس بریندارن.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:56

دوایین ئامار لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە

دوایین ئامار لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە
 
 
ژمارەی گیانلەدەستدان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکە بۆ 3162 کەس بەرزبووەوە، هاوکات ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 6100 کەس. 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:30

چەند تیمێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هاوکاریی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دەچنە باکوور و رۆژئاوای کوردستان

کارمەندێکی تیمەکانی فریاکەوتن لە مەرەشی باکووری کوردستان سەرقاڵی کارکردنە. وێنە: AA
 
بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای کرماشان رایگەیاند، تیمێکی پسپۆڕی رزگارکردنی خەڵکی لێقەوماو بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا زیانیان بەرکەوتووە، رەوانەی ئەو وڵاتە کراون.
 
محەممەد باقر محەممەدی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای کرماشان، دەڵێت، "ئەو تیمە پێکدێن لە شارەزا لە ئامێری دۆزینەوەی خەڵکی زیندوو، شارەزای لابردنی داروپەردووی خانووە رووخاوەکان و تیمێک کە سەگی دۆزینەوەی خەڵکی زیندوویان پێیە."
 
بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای کرماشان گوتیشی، ئەگەر پێویست بکات مانگی سووری پارێزگای کرماشان ئامادەیە تیمی شارەزای دیکەش رەوانەی باکووری کوردستان و تورکیا بکات.
 
دوو رۆژ لەمەوبەریش بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، هێزە یارمەتیدەرەکانیان بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماوی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و سووریا و تورکیا، رەوانەی ئەو وڵاتانە کراون.
 
حەمید مەحبوبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ باسی لەوەش کرد، "ئەگەر پێویست بکات، ئامادەییان هەیە، تیمی یارمەتیدەری دیکەش رەوانەی ئەو وڵاتانە بکرێت."
 
تیمەکانی پارێزگای ورمێش شارەزاییان لە بواری لابردنی داروپەردووی رووخاوی خانوو و باڵەخانەکان و رزگارکردنی خەڵکی ژێر خانووە رووخاوەکاندا، هەیە.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:51

25 ئەندامی بنەماڵەیەکی ئاوارە لە ئیدلیب بە بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا

25 ئەندامی بنەماڵەیەک کە لەترسی شەڕ لە سەراقیبەوە ئاوارەی ئیدلب ببوون، بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستدا. ئەحمەد ئیدریس تاکە رزگاربووی بنەماڵەکە تەرمی نەوەکەی لەباوەش گرتووە و دەڵێت "بە هەموو ئەو شتانەی کە روویاندا، دڵم شکا".
 
ئەحمەد ئیدریس، تاکە رزگاربووی بنەماڵەکەی دەڵێ "کچەکەم لەدەستداوە و دوو کوڕەکەشی، مەبەستم نەوەکانمە. خێزانی هاوژینەکەم، باوکی و دایکی و منداڵەکانی. خەزوور و خەسووی کچەکەم و کوڕەکانیان کە یەکێکیان منداڵیان هەبوو. خێزانێکی گەورە بوون و چەند منداڵێکیان هەبوو. بە هەمووی نزیکەی 25 کەس بووین".
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

09:50

گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 12 هەزار و 873

گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 12 هەزار و 873
 
بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان گەیشتووەتە 12 هەزار و 873 کەس، هەروەها رایگەیاند 62 هەزار و 937 کەس بریندارن.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئافاد کە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-2-2023 بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: "ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکە گەیشتە 12 هەزار و 873 کەس. هەروەها ژمارەی برینداران بۆ 62 هەزار و 937 بەرزبووەوە".
 
تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن بەردەوامن لە هەوڵەکانیان و ئەمڕۆش کە سێ رۆژ بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە، زیاتر لە 5 کەس رزگارکراون. 
 
ئافاد دەڵێت، لە 6ـی شوباتەوە و لەدوای بوومەلەرزە بەهێزەکە، 1117 پاشلەرزەی دیکە تۆمارکراون. 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:27

گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیشتە 3162 کەس

 
 
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستدا گەیشتە زیاتر لە 3100 کەس و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 6100 کەس بریندار بوون.
 
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هێشتا گەڕان بەدوای قوربانیانی بوومەلەرزەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش 3162 کەس گیانیان لەدەستداوە و 6100 کەسی دیکەش بریندار بوون، زیاتر لە 1000 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستانن.
 
لە باکووری کوردستان و تورکیاش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 12 هەزار و 391 کەس و 62 هەزار و 914 برینداریش تۆمارکراون. کۆی گشتیی ئەو کەسانەش لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا گیانیان لەدەستداوە، تائێستا 16000 کەسی تێپەڕاندووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

07:11

ئاماری نوێ؛ ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی مەرەش گەیشتە 12 هەزار و 391 کەس

ئاماری نوێ؛ ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی مەرەش گەیشتە 12 هەزار و 391 کەس
 
بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان گەیشتووەتە 12 هەزار و 391 کەس.
 
ئافاد درەنگانی شەو بڵاویکردەوە: "ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش گەیشتە 12 هەزار و 391 کەس؛ هەروەها 62 هەزار و 914 کەس بریندارن."
 
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانیش، تاوەکو ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەلایەنی کەمەوە 2992 کەس گیانیان لەدەستداوە و گەڕان بەشوێن خەڵک بۆ رزگارکردنیان و دەرهێنانی تەرمەکان بەردەوامە؛ واش چاوەڕوان دەکرێت ئامارەکانی گیانلەدەستدان بە خێرایی بەرزببنەوە. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

23:25

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا: زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی گواستراونەتەوە شوێنی ئارام

کاتی گەیشتنی ژمارەیەک رزگاربووی بوومەلەرزەکە بۆ ئەنقەرە. وێنە: AA


یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرایکرد، لە ماوەی 45 کاژێری دوای رووداوی بوومەلەرزەکانی هەر 10 پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا ملیۆنێک و 60 هەزار هاووڵاتییان گواستووەتەوە شوێنی ئارام و پرۆسەکەش بەردەوامە. 
 
فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کاریگەرییەکانی ئەم بوومەلەرزەیەی کە لە 10 پارێزگای داوە "هێندەی کاریگەری بۆمبێکی ئەتۆم بەهێزە" و وێنە و دیمەنەکان دەریدەخەن کە چ وزەیەکی بەهێز لەژێر توێکڵ و چینەکانی ژێرزەویدا هاتوونەتە دەرەوە و باسی لەو دیمەنەی تێکچوونی هێڵی شەمەندەفەر کرد کە چۆن خوار بووەتەوە. 
 
فوئاد ئۆکتای ئاشکرای کرد، دوای بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانیی رۆژی 6ـی شوبات، تاوەکو ئێستا 790 پاشلەرزە روویانداوە، شەش بوومەلەرزە بە 6 پلەی رێختەر و 24 بوومەلەرزەش بە 5 پلەی رێختەر بووە. 
 
ئۆکتای ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، 103 هەزار و 800 کارمەندی نێوخۆیی بە سوپا، پۆلیس، جەندرمە و دەزگای ئافاد و تیمە تەندروستییەکان بە 5531 ئامێری کارکردن و 900 کرێنی گەورە لە 21 هەزار و 600 خاڵدا کاردەکەن بۆ رزگارکردن و دۆزینەوەی هاووڵاتییان کە تاوەکو ئێستا لەژێر داروپەردووەکاندا ماونەتەوە. 
 
راشیگەیاند، 4491 کارمەندی فریاگوزاریی بیانیش لە 66 وڵاتەوە هاتوون و لە گۆڕەپانەکاندان، بڕیارە ئەمشەو 1756 کارمەندی دیکەی تیمە فریاگوزارییە بیانییەکان بگەنە ئیستەنبووڵ و لەوێشەوە دەگوازرێنەوە شوێنە کارەساتبارەکان. 
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023؛ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر و کاژێر 12:43 خولەکی هەمان رۆژ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، پارێزگاکانی مەرەش، ئامەد، رووها، دیلۆک، کیلیس، مەلەتێ، سەمسوور، عوسمانییە، هاتای و ئادانا-ی لە تورکیا و باکووری کوردستان گرتەوە و کاریگەری بەسەر خارپێتیش هەبوو. 
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 60 هەزار کەسیش برینداربوون و 6444 باڵەخانە بەتەواوەتی رووخاون. 
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەکرد، دۆخی پارێزگاکانی کلیس، دیلۆک، ئادانا، رووها و مەلەتی بەراورد بە پارێزگاکانی مەرەش، ئامەد، سەمسوور، عوسمانییە و هاتای باشترە و لەسەر ئەم بنەمایە قورسایی کارەکانیان زیاتر لەو پارێزگانەیە کە پێویستی زیاتریان بە پرۆسەی رزگارکردن هەیە. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا لە ماوەی 45 کاژێری دوای رووداوی بوومەلەرزەکانی هەر 10 پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا ملیۆنێک و 60 هەزار هاووڵاتی گواستراونەتەوە شوێنی ئارام و پرۆسەکەش بەردەوامە. 
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا روونیکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ تەواوی کێشەکانی تۆڕی بۆرییەکانی گازی سرووشتیی چارەسەر کران و پشکنینی کۆتایی ماوە دوای تەواوبوونی دەست بەپێدانی گازی سرووشتی دەکەن کە بە مەبەستی خۆگەرمکردنەوە بەکاردەهێندرێن، هاوکات بۆ چارەسەرکردنی تۆڕی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان (مۆبایل) کارەبایان بۆ وێستگەکان دابینکردووە و ئیدی تۆڕی پەیوەندییەکان کۆمپانیاکانی مۆبایل گەڕاوەتەوە. 
 
باسی لەوەشکرد، لە رێگەی 10 کەشتیی سەربازیی و مەدەنی، 50 فڕۆکەی کارگۆی سەربازیی و مەدەنی لەگەڵ 72 هێلیکۆپتەری سەربازیی و مەدەنی لە گۆڕەپانەکاندا بەردەوامن لە گەیاندنی هاوکارییە پێویستەکان و گواستنەوەی تیمەکان و ئامێر و کەلوپەلەکان و خەڵکی لێقەوماو. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری دا بڕی 10 هەزار لیرە بداتە هەر خێزانێکی لێقەوماو، فوئاد ئۆکتای گوتی: "بەزووترین کات پێیان دەگات". 

 

زیاتر بخوێنەوە

22:17

ئیسرائیل نەخۆشخانەی مەیدانی لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دروست دەکات

تیمێکی ئیسرائیلی لە مەرەشی باکووری کوردستان. وێنە: AA


بەمەبەستی دروستکردنی نەخۆشخانەی مەیدانی لە ناوچە کارەساتبارەکانی بوومەلەرزە لە تورکیا و باکووری کوردستاندا، ئیسرائیل تیمێکی 230 کەسی رەوانەی تورکیا کرد.

بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، تیمێکی 230 کەسی کە پێکهاتووە لە کارمەندانی تیمی گەڕان و رزگارکردن، پزیشک، پەرستار و کارمەندی دیکەی تەندروستیی، گەیشتوونەتە تورکیا.
 
تیمە ئیسرائیلییەکە، بەو کەرەستانەی پێیانە نەخۆشخانەیەکی مەیدانی لە ناوچە کارەساتبارەکەدا دروست دەکەن.
 
باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەنقەرە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە تێکڕای ژمارەی ئەو کەسانەی لە پاش روودانی بوومەلەرزەکە لە ئیسرائیلەوە گەیشتوونەتە تورکیا 450 کەسی تێپەڕاندووە.
 
ئاماژە بەوەیش کرا کە تائێستا تیمە ئیسرائیلییەکان چوار کەسیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان رزگارکردووە.
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023؛ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر و کاژێر 12:43 خولەکی هەمان رۆژ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، پارێزگاکانی مەرەش، ئامەد، رووها، دیلۆک، کیلیس، مەلەتێ، سەمسوور، عوسمانییە، هاتای و ئادانا-ی لە تورکیا و باکووری کوردستان گرتەوە و کاریگەری بەسەر خارپێتیش هەبوو. 
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 60 هەزار کەسیش برینداربوون و 6444 باڵەخانە بەتەواوەتی رووخاون. 

 

زیاتر بخوێنەوە

22:09

زانایەکی ئەڵمانی هۆشداری لە بوومەلەرزەیەکی زۆر بەهێز لە مەرەش دەدات

تیمەکان لە مەرەشی باکووری کوردستان خەریکی دەرهێنانی تەرمی بێسەروشوێنبووانی بوومەلەرزەکە. وێنە: AA

بوومەلەرزەزانێکی ئەڵمانی هۆشداریی دەدات لە روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە مەرەشی باکووری کوردستان و دەڵێت: رەنگە بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر بێت. 
 
پرۆفیسۆر دکتۆر مارکۆ بۆهنوف، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی بوومەلەرزەی ئەڵمانیا (GFZ) بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، سترێس و ناسەقامگیری لە چینەکانی زەویدا بەشێوەیەکی پەرش و بڵاو بەدیدەکرێن و لە داهاتوودا ئەگەری بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە هەمان شوێندا کە چەقەکەی مەرەش دەبێت؛ روودەدات.  
 
جەختی لەوەکردەوە، کە مەترسییەکان بەردەوامن و گوتی: "پێموایە هەردوو بوومەلەرزەکەی مەرەش کە بەگوڕی 7.7 و 7.6 بوو، بوومەلەرزە گەورەکە نەبووە، رەنگە هەر لەم چوارچێوەیەدا بوومەلەرزەیەکی زۆر بەهێزتر رووبدات و بەڵگەی ناسەقامگیریش ئەوەیە کە رۆژانە بەردەوام پاشلەرزەی بەهێز روودەدات کە زۆربەیان نزیکە لە 5 پلە و هەندێکیان زیاتریشە. رەنگە بەدوای ئەم ناسەقامگیرییە بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر بەگوڕی 7.8 پلە رووبدات". 
 
لە ئاماژەیەکی بۆ کاریگەریی بومەلەرزەکان بۆسەر ئیستەنبووڵ، مارکۆ بۆهنوف رایگەیاند، راستە کەم و زۆر کاریگەریی دەبێت، بەڵام مەترسییەکی ئەوتۆ لەم قۆناخەدا لەسەر ئیستەنبووڵ نییە. 
 
لەبارەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بەر لە روودانی بوومەلەرزەکاندا، ئەم زانا ئەڵمانییە رایگەیاند، سەرباری ئەوەی تەکنۆلۆژیای بەرز لەم رووەدا بەدیدەکرێن، بەڵام هەندێکجار دۆخەکە هێندە ئاڵۆزە ناتوانرێت هۆشداریی پێشوەختە بدرێت، یاخود رەنگە هۆشداری و ئاگادارکردنەوەکان هێندە کاتی نەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی خۆیان رزگار بکەن. 
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023؛ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر و کاژێر 12:43 خولەکی هەمان رۆژ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، پارێزگاکانی مەرەش، ئامەد، رووها، دیلۆک، کیلیس، مەلەتێ، سەمسوور، عوسمانییە، هاتای و ئادانا-ی لە تورکیا و باکووری کوردستان گرتەوە و کاریگەری بەسەر خارپێتیش هەبوو. 
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 60 هەزار کەسیش برینداربوون و 6444 باڵەخانە بەتەواوەتی رووخاون. 
 
زیاتر بخوێنەوە

18:35

ئەردۆغان: 9057 کەس گیانیان لەدەستداوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا


سەرۆککۆماری تورکیا لە شاری هاتای تورکیا لەبارەی دوایین ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 9 هەزار و 57 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 52 هەزار کەسیش بریندار بوون.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کاژێر 06:20ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-02-2023، لە شاری هاتای لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا گوتی، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە شەش هەزار و 444 خانوو و باڵەخانە رووخاون.
 
باسی لەوەش کرد کە 52 هەزار و 979 کەس بریندارن و تیمەکانی ئافاد بێ وەستان بەهانای لێقەوماوانەوە دەچن. دەشڵێت، "60 وڵات هاریکاریی زۆریان رەوانەی تورکیا کردووە."

 

 
زیاتر بخوێنەوە

15:54

مافی مرۆڤی عەفرین: نزیکەی 90٪ـی جندرێس بە تەواوی وێران بووە

مافی مرۆڤی عەفرین: نزیکەی 90٪ـی جندرێس بە تەواوی وێران بووە
 
 
 
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایدەگەیێنێت، تورکیا دەروازە سنوورییەکانی داخستووە و حکومەتی سووریاش رێگرە لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ عەفرین؛ دەشڵێت: "نزیکەی 84 باڵەخانەلە جندرێس رووخاون و تاوەکو ئێستا تەنیا 10 باڵەخانەی خەڵکەکەی رزگارکراون، نزیکەی 5 هەزار کەسیش هێشتا لەژێر دارپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندان."

 

مستەفا شێخۆ، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا بە رادیۆی رووداوی گوت، "دۆخی هەرێمی عەفرین و جندرێس زۆر کارەستبارە، چونکە نزیکەی 90٪ـی جندرێس بە تەواوی وێران بووە و دەڵێت، "هیچ کەس گوێی لە هاوار و ناڵەی خەڵکی عەفرین و جندرێس نییە!"
 
مستەفا شێخۆ گوتیشی، لە جندرێس کە نزیکەی 90٪ی شارەکە وێران بووە و تاوەکو ئێستا 84 باڵەخانە لە جندرێس داڕووخاون و لەو ژمارەیە تەنیا 10 باڵەخانەی ئەو کەسانەی بوون بە ژێرییەوە دەرهێندراون، ئەویش لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و تیمە خۆجێییەکانەوە بووە.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، تورکیا دەروازە سنوورییەکانی لە باب ئەلهەوا و گوندی حەمام داخستووە و رێگەنادات هاتووچۆ بکرێت، هەروەک هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە نزیکن لە تورکیاوە رێگرن لە گەیشتنی هاوکارییەکان و رێڤەبەری خۆسەر و هەسەدە ویستوویانە هاوکاری بگەیەننە عەفرین، بەڵام رێگەیان نەداوە، هاوکات رژێمی سووریاش ئاستەنگ بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان دروست دەکات.
 
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە عەفرین 450 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە، ئێستا نزیکەی 400 تەرم لە نەخۆشخانەی سەربازیی عەفرینن کە بەشێک لە تەرمەکان ناناسرێنەوە.
 
هەروەها دەشڵێت، بە نزیکەی چوار بۆ پێنج هەزار کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕووخاوەکانن، ئەگەر هاوکارییە مرۆییەکان نەگەیێندرێنە ناوچەکە، دۆخی خەڵکەکە سەختتر دەبێت و ئەوانەی لەژێر باڵەخانە داڕووخاوەکاندا ماون ئەوانیش دەمرن.
 
بەکر قاسم، هاووڵاتییەکی سوورییە و خەڵکی جندرێسە لە هەرێمی عەفرین، بە رادیۆی رووداوی گوت، "لە بوومەلەرزەکەدا 11 ئەندامی خێزانەکەم گیانیان لەدەستداوە و خەڵک لە عەفرین و جندرێس لە دۆخێکی زۆر دژوار و سەختدان."
 
گوتیشی، "تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بۆ رزگارکردن و دەرکردنی ئەوانەی بوون بە ژێر دارووپەردووەوە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیچ رێکخراو و وڵاتێک بەدەم خەڵکی لێقەوماوەوە نەهاتووە."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

13:54

گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا 8500 کەسی تێپەڕاند

گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا 8500 کەسی تێپەڕاند
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی مەرەشی باکووری کوردستانی کرد و رایگەیاند، 8 هەزار و 574 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 49 هەزار و 133 کەسیش برینداربوون. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 6444 باڵەخانە رووخاون. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

12:35

وەزیری ژینگە و شارەوانی: لە دیلۆک 900 باڵەخانە رووخاون و 551 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە

موراد کوروم، وەزیری ژینگە و شارەوانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری دیلۆک رایگەیاند، هەزاران تیم بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان پێکهێنراون و "400 ئامێری هەڵکەندن و دۆزینەوەمان رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کردووە". 
 
موراد کوروم، ئاماژەی بەوەدا، لە پارێزگای دیلۆک 900 باڵەخانە رووخاون و 551 کەس گیانیان لەدەستداوە. پێنج هەزار و 942 کەس بە برینداری لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا رزگارکراون و لە نەخۆشخانەکانی ئیسلاحییە و نورداغ و نەخۆشخانەی گەڕۆک چارەسەر وەردەگرن. 
 
چەندین رێگە داخراون و زیان بە تاوەرەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن گەیشتووە. وەزیری ژینگە و شارەوانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، دۆخەکە هێشتا هەستیارە و داوایکرد خەڵکی نەگەڕێنەوە بۆ ئەو خانوو و باڵەخانانەی، بەهۆی بوومەلەرزە زیانیان بەرکەوتووە. 
زیاتر بخوێنەوە

12:17

ژمارەی برینداران لە باکووری کوردستان و تورکیا 40 هەزاری تێپەڕاند

ژمارەی برینداران لە باکووری کوردستان و تورکیا 40 هەزاری تێپەڕاند
 
ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداران بەهۆی بوومەلەرزەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا بەرزبووەوە، تاوەکو ئێستا 7108 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارانیش 40 هەزار کەسی تێپەڕاندووە. 
 
هاوکات سەرجەمی باڵەخانە رووخاوەکان بریتین لە 5 هەزار و 776 باڵەخانە. 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

12:04

بۆرسەی ئیستەنبووڵ داخرا

 
بەهۆی کاریگەریی زیانەکانی بوومەلەرزەکە و دابەزینی بەهای لیرە، هەموو جۆرەکانی مامەڵە لە بۆرسەی ئیستەنبووڵ دادەخرێت کە یەکەم جارە لە ماوەی 24 ساڵی رابردوودا بەو قەبارەیە دابخرێت. 
 
لە دوای بوومەلەرزەکە بەهای بۆرسەی ئیستەنبووڵ بە رێژەی 11.32٪ دابەزیوە؛ هاوکات بەهای لیرەی تورکیش بەرامبەر دۆلار دابەزی و یەک دۆلاری ئەمریکی بە 18.83 لیرەیە.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

11:48

ئیسلاحیەی باکووری کوردستان بووەتە وێرانە

تیمی رووداو لە شارۆچکەی ئیسلاحیەن لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، شارۆچکەکە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە بووەتە وێرانە.
 
راوین ستێرک، نێردراوی رووداو لە شارۆچکەکە دەڵێ "ئیسلاحیە یەکێکە لەو شوێنانەی باکووری کوردستان کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بەجۆرێک نیوەی شارۆچکەکە بەتەواوی وێران بووە".
   
هەتاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکە لە شارۆچکەکە نازانرێت و بەگوتەی پەیامنێری رووداو، خەڵک ناڕازین لەوەی تیمەکانی فریاکەوتن زۆر کەمن و پرۆسەی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بەهێواشی بەڕێوەدەچێت.

زیاتر بخوێنەوە

11:40

ژمارەی گیانلەدەستدان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 2500 کەسی تێپەڕاند

ژمارەی گیانلەدەستدان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 2500 کەسی تێپەڕاند
 
گەڕان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا بەردەوامە بۆ رزگارکردنی خەڵک و دەرهێنانی تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە. بەپێی دوایین ئامارەکان، لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 530 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 654 کەسیش بریندارن. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

09:41

لە دوێنێوە 21 بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون

 
تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 21 بوومەلەرزە بە گوڕی جیاواز لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون، کە بەهێزترینیان 5.4 پلەی رێختەر بووە.
 
بەگوێرەی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا کە بوومەلەرزەکان لە سەرانسەری جیهان تۆماردەکات، لە دوێنێوە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-2-2023، لە تورکیا و باکووری کوردستان 21 بوومەلەرزە تۆمارکراون.
 
19 لەو بوومەلەرزانە لە ناوچەکانی باکووری کوردستان تۆمارکراون، بەتایبەتی لە دەوروبەری شارۆچکەی مەرەش. دوو بوومەلەرزەش لە شاری هاتای تۆمارکراون.
 
بەهێزترین بوومەلەرزەی 24 کاژێری رابردوو لە شارۆچکەی سنجاقی سەر بە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان تۆمارکراوە کە گوڕەکەی 5.4 پلەی رێختەر بووە.
 
گوڕی بوومەلەرزەرەکانی دیکە لە 4 بۆ 4.5 پلەی رێختەر بووە.
 
دوایین ئامار
 
بەگوێرەی دوایین ئامار، بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی رابردووی باکووری کوردستان کە کاریگەری لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو، سەرووی هەشت هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا نزیکەی 6234 کەس گیانیان لەدەستداوە و گەڕان لەژێر خانوو و باڵەخانە رووخاوەکانیش بەردەوامە، هاوکات نزیکەی 35 هەزار کەس بریندرابوون.
 
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، 2370 کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی سێ هەزار کەسیش برینداربوون.
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەو ئامارانە گۆڕانکارییان بەسەردابێت، بەتایبەتی کە ئێستا 24 کاژێر گەڕان بە دوای تەرم و رزگاربووان لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوامە.

 

زیاتر بخوێنەوە

07:17

لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 2370 کەس گیانیان لەدەستداوە

لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 2370 کەس گیانیان لەدەستداوە
 
بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان کە کاریگەری لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو، تاوەکو ئێستا لەو دوو ناوچەیە 2370 کەس گیانیان لەدەستداوە. هاوکات 2554 کەسیش بریندار بوون. 
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەو ئامارانە گۆڕانکارییان بەسەردابێت، بەتایبەتی کە ئێستا 24 کاژێر گەڕان بە دوای تەرم و رزگاربووان لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوامە. 
زیاتر بخوێنەوە

07:10

گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ نزیکەی شەش هەزار بەرزبووەوە

 
 
فوئاد ئۆکتای، جێگرى سه‌رۆکكۆمارى توركیا رایگه‌یاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە کە ناوەندەکەی مەرەشی باکووری کوردستانە، بۆ پێنج هەزار و 894 کەس و ژمارەی بریندارەکان بۆ 34 هەزار و 810 کەس بەرزبووەتەوە.
 
هاوکات خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی هەوڵی تیمەکانی رزگارکردن و بەشداریی سوپای وڵاتەکە گوتی، نزیکەی حەوت هەزار و 500 سەربازیان لە ناوچەکان لە ئەرکدان بۆ هاوکاریی خەڵک، بڕیارە لە رۆژی چوارشەممەوە ژمارەکە بۆ نۆ هەزار سەرباز زیاد بکرێت. 
 
زیاتر بخوێنەوە

23:26

3 هەزار و 218 کەس لە باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە

تیمەکان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای بێسەروشوێنبووانی بوومەلەرزەکەی مەرەش. وێنە: AA

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستیی تورکیا کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 7-2-2023، لەبارەی بوومەلەرزەکەی مەرەش بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 218 کەس لە باکووری کوردستان و دوو هەزار و 316 کەسیش لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
 
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا ئاماری تایبەتی لەبارەی ئەو 11 پارێزگایەی باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە کە زەرەرمەندی بوومەلەرزەکەن. هەشت لەو پارێزگایانە دەکەونە باکووری کوردستان و سێیەکەی دیکەیان دەکەونە تورکیا. 
 
بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 218 کەس لە باکووری کوردستان لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 411 کەسیش برینداربوون کە بەم جۆرەیە:
 
لە پارێزگای دیلۆک 504 کەس گیانیان لەدەستداوە و 4809 کەس برینداربوون؛ لە رووها 127 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2551 کەسی دیکە برینداربوون؛ لە ئامەد 120 کەس گیانیان لەدەستداوە و 854 کەسی دیکە برینداربوون؛ لە مەرەش 1343 کەس گیانیان لەدەستداوە و 5000 کەسی دیکە برینداربوون.
 
هەر بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیی تورکیا؛ لە پارێزگای سەمسوور 896 کەس گیانیان لەدەستداوە و 400 کەسی دیکە برینداربوون؛ لە پارێزگای مەڵەتی 201 کەس گیانیان لەدەستداوە و 4900 کەسی دیکە برینداربوون؛ لە پارێزگای کیلیس 22 کەس گیانیان لەدەستداوە و 518 کەسی دیکە برینداربوون؛ لە پارێزگای خارپێت 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 379 کەس برینداربوون. 
 
هەروەها لە سێ پارێزگاکەی تورکیادا دوو هەزار و 316 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 هەزار و 366 کەسیش بریندار بوون کە بەم جۆرەیە: 
 
لە پارێزگای هاتای 1647 گیانیان لەدەستداوە و 6 هەزار و 200 کەسیش بریندارن؛ لە پارێزگای ئەدەنە 167 گیانیان لەدەستداوە و 3 هەزار و 993 کەسیش بریندارن؛ لە پارێزگای عوسمانیە 502 گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 173 بریندار هەن.
 
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 6-2-2023، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە

23:08

وڵاتانی جیهان بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا کەوتوونەتە جووڵە

کاتی بەڕێکەوتنی تیمێکی ئەمریکی بۆ هاوکاریی لێقەوماوانی باکووری کوردستان و تورکیا. وێنە: AA


وڵاتانی جیهان کەوتوونەتە خۆیان بۆ ناردنی یارمەتیی بەپەلە و تیمی فریاگوزاری بۆ باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، سووریا و تورکیا دوای ئەوەی کە بوومەلەرزەیەکی بەهێز بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە شەش هەزار و 200 کەس.
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی تورکیا؛ تاوەکو کاژێر 10ـی شەوی سێشەممە، 07-02-2023، سێ هەزار و 218 کەس لە باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە، لە پارێزگاکانی هاتای، ئەدەنە و عوسمانییەی تورکیاش دوو هەزار و 316 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
یەکێتیی ئەوروپا
 
یەکێتیی ئەوروپا 27 تیمی گەڕان و فریاکەوتن و پزیشکی لە 19 وڵاتەوە ناردووە بۆ یارمەتیدانی تورکیا. تیمەکان لە هەزار و 150 کارمەند و 70 سەگ پێکدێن. 
 
یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، سەرچاوەی دارایی بۆ ئەو رێکخراوە مرۆییانەش دابین دەکات کە لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بە دوای تەرمەکاندا دەگەڕێن و خەڵک لەژێر داروپەردوودا دەردێنن. هەروەها یەکێتییەکە ئاو، کەلوپەلی پاقژکردن و بەتانی بۆ زیانبەرکەوتووان دابین دەکات. 
 
ئەمریکا
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، تیمەکانی وڵاتەکەی بەخێرایی دەنێردرێن "بۆ ئەوەی دەست بە یارمەتیدانی هەوڵەکانی گەڕان و فریاکەوتنی تورکیا بکەن."
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش گوتی، ئەمریکا دوو تیمی گەڕان و فریاکەوتن دەنێرێت کە هەر یەکەیان لە 79 کەس پێکدێت. هاوکات پێنتاگۆن و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکاش لەگەڵ هاوتا تورکییەکانیان لەسەر هێڵن. 
 
چین
 
حکومەتی چین رایگەیاند، تیمەکانی لە رۆژی سێشەممەوە لە تورکیا دەستیان کردووە بە کارکردن و بە بەهای 5.9 ملیۆن دۆلاریش یارمەتیی فریاگوزاری بۆ ئەو وڵاتە دەنێرێت، لە پاڵ تیمەکانی فریاکەوتن و پزیشکی. 
 
دێنگ بۆکینگ، جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی هاوئاهەنگیی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی چین بە میدیای وڵاتەکەی گوت، پەکین "پێداویستیی بەپەلەی بەهاناوەچوون" بۆ سووریا دەنێرێت، بەڵام روونی نەکردەوە کە بڕەکەی چەند دەبێت. 
 
بەریتانیا
 
جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی، وڵاتەکەی تیمێک کە لە 76 شارەزای گەڕان و بەهاناوەچوون پێکدێت، لەگەڵ کەلوپەل و سەگی گەڕان، دەنێرێتە تورکیا. 
 
بەریتانیا هەروەها تیمێکی فریاکەوتنی پزیشکی دەنێرێت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەن. 
 
رووسیا
 
ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیادا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، بەڵێنیدا کە ژمارەیەک تیمی رووسی بنێرێتە هەردوو وڵات بۆ یارمەتیدانی هەوڵە فریاگوزارییەکان. 
 
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە رایگەیاند، 300 سەرباز و ئەندامی سوپا کە لە سووریا جێگیرکراون، یارمەتیی دەرهێنان و فریاکەوتنی خەڵکی سووریا لە ژێر داروپەردووەکاندا دەدەن. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "تیمەکانمان لەوێن هەڵسەنگاندن بۆ پێداویستییەکان دەکەن و یارمەتی دابین دەکەن. ئێمە پشت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەستین بۆ ئەوەی یارمەتیی ئەو هەزاران خێزانە بدەین کە بەر کارەساتەکە کەوتوون کە ژمارەیەکی زۆریان پێشتریش پێویستییەکی گەورەیان بە یارمەتییە مرۆییەکان هەبوو لەو ناوچانەی کە گەیشتن پێیان سەختە."
 
نەتەوە یەگکرتووەکان هەروەها 25 ملیۆن دۆلاری بۆ هەوڵە مرۆییەکان لە تورکیا و سووریا تەرخانکرد. 
 
هیندستان
 
دوو تیمی هێزی نیشتمانیی وەڵامدانەوەی کارەساتی هیندستان کە لە 100 ئەندام و ژمارەیەک سەگی گەڕان پێکدێن، بە کەلوپەلی پێویستەوە دەنێردرێنە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە. 
 
هەروەها ژمارەیەک پزیشک و پەرستار بە چارەسەر و دەرمانی پێویستەوە ئامادەکراون بنێردرێنە سووریا و تورکیا. 
 
ئەڵمانیا
 
نانسی فیزەر، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند: "هەر یارمەتییەک لە توانادابێت دەنێرین" بۆ تورکیا. 
 
ئۆکراینا
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، وڵاتەکەی "ئامادەیە یارمەتیی پێویست" بۆ تورکیا دابین بکات "بۆ زاڵبوون بەسەر لێکەوتەکانی کارەساتەکە."
 
کیێڤ رۆژی سێشەممە گوتی، تیمێکی بەهاناوەچوون کە لە دەیان ئەندام پێکهاتووە، دەنێرێتە تورکیا.  
 
یۆنان
 
کریاکۆس میتساتۆکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنانی نەیاری مێژوویی تورکیا، کە پەیوەندییەکانیان لەسەر ژمارەیەک پرسی سنووری گرژییان تێکەوتووە، ئامادەیی دەربڕی کە "هەموو هێزێکی بەردەست" بخاتەگەڕ بۆ یارمەتیدانی دراوسێکەی. 
 
ئیسرائیل
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، رەزامەندیی لەسەر داواکارییەک بۆ ناردنی یارمەتی بۆ سووریا داوە، لە کاتێکدا کە سووریا وەکو وڵات دان بە ئیسرائیلدا نانێت.
 
بە گوتەی نەتەنیاهوو، لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە داواکارییەکەی پێگەییشتووە. بەرپرسێکی دیمەشق رەتیکردەوە داوای یارمەتییان کردبێت. نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتەکەی یارمەتیی مرۆیی بۆ تورکیاش دەنێرێت. 
 
وڵاتانی کەنداو
 
قەتەر رایگەیاند، 120 کارمەندی فریاکەوتن و بەهاناوەچوون، لەگەڵ نەخۆشخانەیەکی مەیدانی، یارمەتیی مرۆیی، چادر و ئاو دەنێرێت بۆ تورکیا.  
 
هاوکات ئیمارات رایگەیاند، بە بەهای نزیکەی 13.6 ملیۆن دۆلار یارمەتیی بۆ سووریا دەنێرێت، کە تیمێکی گەڕان و فریاکەوتن لەگەڵ کەلوپەلی فریاگوزاری لەخۆدەگرێت. 
 
ئیمارات بەڵێنیدا 100 ملیۆن دۆلار بەسەر زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە لە سووریا و تورکیادا دابەش بکات. 
 
ئێران
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە "یارمەتیی فریاگوزاریی بەپەلە بۆ ئەو دوو وڵاتە دۆستە" بنێرێت. 
 
هاوکات مانگی سووری ئێرانی رایگەیاند، شەش تیم دەنێرێتە ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەوە لە گەڕان و فریاکەوتندا هاوکار بن. 
 
جەزائیر
 
جەزائیر تیمێکی 89 کەسی و 17 تۆن پێداویستیی نارد بۆ تورکیا. هەروەها 115 تۆن خۆراک و پێداویستیی پزیشکی و چادری نارد بۆ سووریا. 
 
تونس
 
قەیس سعەید، سەرۆکی تونس فەرمانی کرد کە یارمەتیی مرۆیی بۆ تورکیا و سووریا بنێردرێت، لە نێویاندا 15 تۆن بەتانی و خۆراک.
 
تونس هەروەها بڕیاریدا کە تیمێکی خۆبەخش بنێرێتە سووریا. 
 
ژاپۆن
 
حکومەتی ژاپۆن، کە زووزوو بەدەست بوومەلەرزەوە دەناڵێنێت، بڕیاریداوە تیمێکی بەهاناوەچوون بنێرێتە تورکیا. 
 
نەرویج
 
نەرویج رایگەیاند، 13.5 ملیۆن یۆرۆ بە رێکخراوە مرۆییە ناحکومییەکان و ئاژانسە مرۆییەکان دەدات بۆ ئەوەی یارمەتیی زیانبەرکەوتووانی تورکیا و سووریا بدەن. 
 
ئیسپانیا
 
دوو فڕۆکە کە 91 کارمەندی فریاکەوتنیان هەڵگرتبوو، رۆژی سێشەممە گەیشتنە تورکیا. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، نەخۆشخانەیەکی گەڕۆک و 70 کەسی دیکە و دوو کەشتی سەربازیی لەگەڵ دوو کەشتیی سەربازی بۆ ئەوەی پشووی تێدا بدەن، بۆ تورکیا دەنێرێت. 
 
کەنەدا
 
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گوتی، 10 ملیۆن دۆلار هەروەها خۆراک، سووتەمەنی و چادر بۆ یارمەتیدانی تورکیا و سووریا دەنێرێت.

 

زیاتر بخوێنەوە

20:02

گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بۆ 4544 کەس بەرزبووەوە

ژمارەیەک هاووڵاتی لە هاتای. وێنە: AFP
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە چوار هەزار و 544 کەس، هەروەها 26 هەزار و 721 کەس بریندارن. 
 
ئافاد کاژێر 7:30ی ئێوارەی سێشەممە 7-2-2023 رایگەیاند: "ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش گەیشتە 4 هەزار و 544 کەس. 26 هەزار و 721 کەسیش بریندارن." 
 
هاوکات سولەیمان سۆیڵو، وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە 941 باڵەخانە و خانوو بە تەواوی رووخاون، ئەمە جگە لەو باڵەخانە و خانووانەی زیانیان بەرکەوتووە یانیش بەشێکیان رووخاوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.
 
بوومەلەرزەکە کاریگەری گەورەی لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو.
 
زیاتر بخوێنەوە

19:05

مەسرور بارزانی و مەولوود چاوشۆغڵو بە تەلەفۆن قسە دەکەن

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا قسەی کرد و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ فریاگوزاری و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 07-02-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد.
 
لە راگەیێندراوێکی حکومەتدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی و هەرێمی کوردستانی بۆ کەسوکاری قوربانییانی بوومەلەرزە، بە وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیاند و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە خواست."
 
مەسرور بارزانی "هەموو ئامادەییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ فریاگوزاری و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان دەربڕی."
 
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 6-2-2023، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە. 
 
 
ئۆرهان تەتەر، بەڕێوەبەری گشتیی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا، ناسراو بە ئافاد رایگەیاند، 5775 باڵەخانە رووخاون، ئێستاش 24 هەزار کەس خەریکی ئۆپەراسیۆنن بۆ رزگارکردنی لێقەوماوان.
 
ئەو رووبەرەی باکووری کوردستان و تورکیا کە بە بوومەلەرزەکە کاریگەر بوون، بە گوتەی تەتەر "110 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە". 
 
لە ساڵی 1939ـەوە ئەمە گەورەترین کارەساتی سرووشتییە کە لە رێگەی بوومەلەرزەوە روویدابێت لە تورکیا و باکووری کوردستان. تورکیاش بەو بۆنەیەوە حەوت رۆژ ماتەمینیی گشتیی راگەیاندووە.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەت لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی مەسرور بارزانی و مەولوود چاوشئۆغڵو:
 
ئەمڕۆ سێشەممە 2023/2/7 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان و مەولود چاووشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
 
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی و هەرێمی کوردستانی بۆ کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزە، بە وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیاند و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە خواست.
 
سەرۆکی حکومەت ، هەروەها هەموو ئامادەییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ فریاگوزاری و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان دەربڕی. وەزیری دەرەوەی تورکیا ، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ هاوخەمیی و هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

 

 
زیاتر بخوێنەوە

18:39

تەرمی پەرلەمانتارێکی تورکیا لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک دەرهێندرا

وێنەیەکی یەعقوب تاش

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی تورکیا لە سەمسووری باکووری کوردستان کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە کەوتبووە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاو، تەرمەکەی دەرهێندرا.

دوای بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان کە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند، هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە یەعقوب تاش، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاو ماوەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 7-2-2023، تەرمی یەعقوب تاش لەژێر داروپەردووی ئەو باڵەخانەیە دەرهێندرا کە تێیدا مابووەوە.

مەتین یاڤوز، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئایدن گوتی: "بە نیگەرانییەوە هەواڵی کۆچی دوایی پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئادیەمان (سەمسوور) یەعقوب تاشمان پێگەیشت. خودای گەورە لە پەرلەمانتارمان و تەواوی شەهیدانی ئەم بوومەلەرزەیە خۆش بێت و بە بەهەشتیان شاد بکات".

یەعقوب تاش رۆژێک بەر لە روودانی بوومەلەرزەکە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی باوکی سەرۆکی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە شارۆچکەی توت، سەردانی پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستانی کردبوو. 

تاش لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پرسەنامەی بڵاوکردبووەوە. 

بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 6-2-2023، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە. 

ئۆرهان تەتەر، بەڕێوەبەری گشتیی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا، ناسراو بە ئافاد رایگەیاند، 5775 باڵەخانە رووخاون، ئێستاش 24 هەزار کەس خەریکی ئۆپەراسیۆنن بۆ رزگارکردنی لێقەوماوان.

ئەو رووبەرەی باکووری کوردستان و تورکیا کە بە بوومەلەرزەکە کاریگەر بوون، بە گوتەی تەتەر "110 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە". 

لە ساڵی 1939ـەوە ئەمە گەورەترین کارەساتی سرووشتییە کە لە رێگەی بوومەلەرزەوە روویدابێت لە تورکیا و باکووری کوردستان. تورکیاش بەو بۆنەیەوە حەوت رۆژ ماتەمینیی گشتیی راگەیاندووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:35

بازرگانێكی کورد یەک ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکەی مەرەش

گەیاندنی هاوکاری بە خەڵکی مەرەش لە باکووری کوردستان. وێنە: AA

رووداو دیجیتاڵ

حەمدی ئوڵوکایا، بازرگانی ناسراوی کوردی باکووری کوردستان، بڕی یەک ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی مەرەش. 
 
حەمدی ئوڵوکایا ئەمڕۆ سێشەممە، حەوتی شوباتی 2023، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، یەک ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی مەرەش. 
 
حەمدی ئوڵوکایا لە پۆستێکدا نووسیویەتی: "داوا لە هەموو لایەک دەکەم پاڵپشتیی هەڵمەتی هاوکارییەکان بکەن بۆ بوومەلەرزەکەی تورکیا. من لە هەنگاوی یەکەمدا 1,000,000 دۆلاری ئەمریکی دەبەخشم. با پێکەوە هاوکاریی تورکیا بکەین".
 
حەمدی ئوڵوکایا ساڵی 1972 لە پارێزگای ئەرزینجانی باکووری کوردستان لە خێزانێکی کوردی ئاژەڵدار لەدایکبووە؛ ساڵی 2002 لەسەر پێشنیازی باوکی کارگەیەکی بچووکی بەرهەمهێنانی ماستی دامەزراند؛ لە 2005 دا لە نیویۆرک کارگەیەکی مایەپووچبووی کڕییەوە و کارای کردەوە و ساڵی 2011 ناسناوی ''مارکەی پاشای ماست'ـی لە تەواوی ئەمریکا پێدرا و لە 2020 دا بە پێنجەمین دەوڵەمەندی تورکیا دەستنیشانکرا. 
 
ئوڵوکایا ئەو کاتەی کۆبانێ بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە وێران بوو، دوو ملیۆن دۆلاری بەخشییە ئەو شارەی رۆژئاوای کوردستان، هەروەها هاوکاری بۆ لێقەوماوانی سووریا و عێراقیش ناردووە و کەمپەینیشی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری کردووە.

 

 
زیاتر بخوێنەوە

17:02

تورکیا 3 مانگ باری نائاسایی بۆ ناوچەکانی بوومەلەرزەکە راگەیاند

کارکردنی تیمەکان لە مەرەش. وێنە: AFP
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ ئەو 10 پارێزگایە راگەیاند کە بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەریان هەبووە. 
 
لە دووەم رۆژی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا باری نائاسایی راگەیاند. 
 
ئەردۆغان گوتی: "ئەو بوومەلەرزەیە کە کارەساتێکی زۆر گەورەیە و رووبەڕوومان بووەتەوە، پێویستی بە رێوشوێنی زۆر هەیە. 10 پارێزگای وڵاتەکەمان کە بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر هەبوون، بە ناوچەی کارەسات رادەگەیەنین. بە مەبەستی زەمینەسازی بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کاروباری تیمەکان و گەیاندنی هاوکاری، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی بڕگەی 119ی دەستوور پێیداوین، باری نائاسایی رادەگەیەنین. باری نائاسایی 10 پارێزگاکە دەگرێتەوە و ماوەی 3 مانگ دەخایەنێت." 
 
ئەردۆغان: 3549 کەس گیانیان لەدەستداوە
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن لە کارەکانیان بەردەوامن و گوتی: "نەک تەنیا لە مێژووی کۆماریماندا، بەڵکو دووچاری یەکێک لە گەورەترین کارەساتی ناوچەکە و جیهان بووینەتەوە. تەواوی کارمەند، ستاف، ئۆتۆمبیل و تواناکانی دەوڵەت دەستبەکار بوون و لە کارەکانیان بەردەوامن. ئێستا 53 هەزار و 317 کارمەندی گەڕان و فریاگوزاری لە باڵەخانە رووخاوەکاندا کاردەکەن. بێگومان پشتیوانییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەم ژمارەیە زیاتر دەکات. دابینکردنی گەرمکەرەوە و شوێنی حەوانەوە هەنگاو بە هەنگاو کاری زیاتری لەسەر دەکرێت." 
 
سەبارەت بە دوایین ئامارەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "تا ئێستا 3 هەزار و 549 گیانلەدەستدان هەیە؛ هەروەها 22 هەزار و 168 بریندارمان هەن. زیاتر لە 8 هەزار هاووڵاتیمان لە ژێر داروپەردوودا دەرهێناوە. ئەو رزگارکراوانەی بریندارن، دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی مێرسین، ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و پارێزگاکانی دیکە. ئەو پرسە نیشتمانییەی رامانگەیاندووە تا رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت. ئەو هۆتێلانەی ئێستا پشوویان بە چالاکییەکانیان داوە، بۆ حەواندنەوەی لێقەوماوان سوودیان لێ وەردەگیرێت. تەنیا لە ئەنتالیا ئێستا 50 هەزار بێد ئامادەن." 
 
ئەردۆغان: لەگەڵ 18 سەرۆک وڵات و سەرۆک حکومەت قسەمکردووە
 
سەبارەت بە هاوکاریی وڵاتان و ناوچەکان بۆ تورکیا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە 70 وڵات و 14 دامەزراوەی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری و کۆمەک نیشانداوە؛ گوتیشی لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ 18 سەرۆکی وڵات و سەرۆک حکومەتدا قسەی کردووە و سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە پەیوەندییان کردووە و نامەیان ناردووە، یانیش راگەیێندراویان لەمبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.
 
لە رۆژی بوومەلەرزەکەوە بەرپرسانی باڵای تورکیا لە زۆربەی لێدوانەکانیاندا باس لە بوونی هەواڵی نادروست دەکەن. ئەردۆغان گوتی: "لەکاتێکدا دەوڵەت و گەل دەستیان خستووەتە نێو دەستی یەکدی بۆ ئەوەی بەسەر ئەم کارەساتەدا زاڵ بین، لە نزیکەوە چاودێریی ئەو کەسانە دەکەین کە هەوڵدەدەن بە هەواڵی نادروست دووبەرەکی دروستبکەن و خەڵکەکەمان رووبەڕووی یەکدی بکەنەوە. رۆژی ئەوە نییە دەمەقاڵێ لەگەڵ ئەواندا بکەین، بەڵام کە رۆژی خۆی هات، ئەو لاپەڕانەیان بۆ هەڵدەدەینەوە. داواکارانی گشتیمان رێکاری پێویست بەرامبەر بەو کەسانە دەگرێتە بەر کە پشێوی لە نێو کۆمەڵگەدا دروستدەکەن." 
 
زیاتر بخوێنەوە

15:22

لە مەرەش دوای 31 کاژێر منداڵێکی تەمەن 15 مانگ رزگارکرا

لە مەرەش دوای 31 کاژێر منداڵێکی تەمەن 15 مانگ رزگارکرا
 
لە شاری مەرەشی باکووری کوردستان منداڵێکی تەمەن 15 مانگ دوای 31 کاژێر مانەوە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکدا، رزگارکرا. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی شوباتی 2023 لە گەڕەکی مەندەرەس منداڵێکی تەمەن 15 مانگ بە ناوی مریەم ئیشک لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی 10 نهۆمی رزگار کرا، کە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەهۆی بوومەلەرزە 7.7 پلەییەکەی مەڕەش، رووخابوو. 
 
دوای بیستنی دەنگی منداڵەکە لەلایەن تیمەکانی ئافاد هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی چڕکرانەوە. دوای ئەوەی مریەم ئیشک بە سەلامەتی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکە هێندرایە دەرەوە، بە ئامبوڵانس گەیێندرایە نەخۆشخانە. 
 
تیمەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی دایکی ئەو منداڵە کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکە ماوەتەوە. 

 

زیاتر بخوێنەوە

14:56

ئەردۆغان: 100 ملیار لیرەیان بۆ لێقەوماوان تەرخان کردووە

 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی گەیاندنی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە و رزگارکردنی خەڵک لە گوتارێکدا رایگەیاند، 100 ملیار لیرەیان بۆ لێقەوماوان تەرخان کردووە و "پێنج هەزار کارمەندی تەندروستیمان رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کردووە."
 
گرنگترین قسەکانی ئەردۆغان: 
 
- لە 54 ناوچە پەناگە بۆ لێقەوماوان ئامادەکراوە
- بەشێک لە فڕۆکەخانەکان تایبەتکراون بە هاوکاریی لێقەوماوان
- 1000 ئەمبۆڵانس رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کراون
- داوامانکردووە هەموو شارەوانییەکان ئامێرە پێویستەکانیان رەوانەی شوێنی رووداوەکان بکەن
- تاوەکو 20ـی ئەم مانگە قوتابخانەکان بە داخراوی دەمێننەوە
- قوتابخانەکان دەبنە پەناگە بۆ خەڵکی بێ ماڵ و لێقەوماو

 

 

زیاتر بخوێنەوە

12:05

یەكێتیی ئەوروپا: 27 تیمی بەهاناوەچوونمان بۆ تورکیا ناردووە

یەكێتیی ئەوروپا: 27 تیمی بەهاناوەچوونمان بۆ تورکیا ناردووە

یەکێتیی ئەوروپا رایدەگەیێنێت 27 تیمی گەڕان، رزگارکردن و پزیشکییان ناردووە بۆ ئەوەی هاوکاریی باکووری کوردستان و تورکیا بکەن.

رۆژی سێشەممە، 7ی شوباتی 2023، یانێز لێنارچیچ، کۆمیسیاری ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی قەیران لە تویتێکدا نووسی: "تاوەکو ئێستا ئێمە 27 تیمی گەڕان، رزگارکردن و پزیشکیمان لە 19 وڵاتی ئەوروپییەوە لە رێگەی میکانیزمی پاراستنی سڤیلی یەکێتیی ئەوروپا راسپاردووە بۆ ئەوەی یارمەتیی تورکیا بدەن لەدوای بوومەلەرزەکە."

کۆمیسیارەکەی یەكێتیی ئەوروپا دەشڵێت، بەیەکەوە، هەزار و 150 کارمەندی رزگارکردن و 70 سەگی گەڕانیان ناردووەتە تورکیا. 

پێشتر، لێنارچیچ رایگەیاند کە خێرایی لە وەڵامدانەوە و بەهاناوەچوون "گرنگە چونکە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی تائێستا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووە رووخاوەکاندا گیریان خواردووە." گوتیشی کە تیمەکانی بەهاناوەچوونیان "ئەوەندەی پێویست بکات بەردەوام دەبن لە کارکردن". 

رۆژی دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند کە سەروو 45 وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن. 

فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 3419. هەروەها 20 هەزار و 534 کەس برینداربوون. 8 هەزار کەسیش لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکان رزگارکراون. 

 

زیاتر بخوێنەوە

09:58

20 "چەکداری داعش" لە بەندیخانەیەکی عەفرین هەڵاتن

لانیکەم 20 بەندکراو لە گرتووخانەیەکی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لەدوای بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ـی شوبات رایانکردووە. گومان دەکرێت هەڵاتووەکان چەکدارانی پێشووی داعش بن.
 
گرتووخانەکە نزیکەی 2,000 بەندکراو لەخۆدەگرێت، بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان نزیکەی 1,300 کەس لەو بەندکراوانە ئەندام و چەکداری پێشووی داعشن.
 
بەرپرسێک لە گرتووخانەی راجۆ بە ئاژانسی فران پرێسی رایگەیاندووە "لەدوای بوومەلەرزەکە، راجۆ کەوتە بەر کاریگەرییەکەی و بەندکراوان دەستیان بە یاخیبوون کرد و چەند بەشێکی گرتووخانەکەیان کۆنتڕۆڵکرد". گوتیشی "نزیکەی 20 بەندکراو هەڵهاتوون.. کە وا بڕوادەکرێت چەکداری داعش بن". 
 
تەواوی شارۆچکەی راجۆ لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەڕێوەدەبرێت و گرتووخانەکەشی بە ''زیندانی رەش'' دەناسرێت. 
زیاتر بخوێنەوە

09:55

لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستداوە

ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزە لە سووریا بۆ نزیکەی هەزار و 500 کەسی تێپەڕاند
 
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەی 6ـی شوباتەوە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەزار و 500 کەسی تێپەڕاند. 
 
رۆژی سێشەممە، 7ـی شوباتی 2023، میدیای سووریا لەسەر زاری سەرچاوە تەندروستییەکان بڵاویانکردەوە کە ژمارەی گیانلەدەستدان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیشتووەتە هەزار و 504 کەس و سێ هەزار و 548 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
هاوکات، بەرگریی شارستانی سووریا رایگەیاند، تیمەکانیان بەردەوامن لە رزگارکردنی ئەو خەڵکەی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووە رووخاوەکان. 
 
سەرچاوە خۆجێیەکانیش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گەیشتووەتە هەزار و 580 کەس، بەڵام تائێستا لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، 7ـی شوباتی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەی 6ـی شوباتەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە دوو هەزار و 921 کەس.
 
ئافاد دەشڵێت، تائێستا سەروو 7 هەزار کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان رزگارکراون.
 
بەگوێرەی ئافاد، تائێستا سەروو 14 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بریندار بوونە.
 
لە تەواوی ناوچەکەدا، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، سەروو پێنج هەزار و 600 باڵەخانە و خانوو بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخاون. 
 
رۆژی دووشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەڕەشی باکووری کوردستانی هەژاند و زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

07:14

لە سەمسوور بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 پلەی رێختەر روویدا

رووداو
لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 پلەی رێختەر تۆمارکرا. 
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد رایگەیاند، کاژێر 06:13 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 7-2-2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 پلەی رێختەر لە پارێزگای سەمسووری تۆمارکراوە.
 
چەقی بوومەلەرزەکە شارۆچکەی گۆلباشی ـیە و لە قوڵایی 8.13 کیلۆمەتر روویداوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

07:08

تەندروستیی جیهانی: پێشبینی دەکەین 20 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستدابێت

باڵەخانەیەکی رووخاو لە دوای بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان. وێنە؛ Adem ALTAN / AFP
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیشتە چوار هەزار و 365 کەس و تەندروستیی جیهانیش پێشبینی دەکات 20 هەزار کەس گیانیان لەدەستدابێت، لەکاتێکدا هەڵمەتی رزگارکردن بەردەوامە.
 
لە تەواوی ناوچەکەدا، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، سەروو پێنج هەزار و 600 باڵەخانە و خانوو بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخاون.
 
رۆژی سێشەممە، 7ـی شوباتی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەی 6ـی شوباتەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 2 هەزار و 921 کەس. هەروەها تائێستا سەروو 7 هەزار کەس لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەکان رزگار کراون.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە سووریا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەزار و 444 کەس. بەوەش کۆی ژمارەی گیانلەدەستدان لە ناوچەکەدا دەگاتە 4 هەزار و 365 کەس. 
 
هاوکات، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی دەکەن تاوەکو 20 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستدابێت. 
 
کاترین سمۆڵوود، بەرپرسی باڵای فریاکەوتنی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "بەردەوام ئەگەری داڕووخانی زیاتر هەیە، بۆیە ئێمە بە زۆری پێشبینی ئەوە دەکەین ژمارەکان هەشت هێندە بەرزببنەوە.". 
 
 
بەگوێرەی ئافاد، تائێستا سەروو 14 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بریندار بوون و لە سووریاش لانیکەم 3 هەزار و 411 کەس بەهۆیەوە بریندار بوون. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 6-2-2023، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە. بوومەلەرزەکە بەجۆرێک گەورە بوو، تەنانەت لە گرینلاند هەستی پێکرا. 
 
لەدوای بوومەلەرزەکەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستی بە ناردنی هاوکاری بۆ ناوچەکە کرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سەروو 45 وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ پێشکێشکردنی هاوکاری پێیان دەربڕیوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

06:42

بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تائێستا چوار و هەزار و 365 کەس گیانیان لەدەستداوە

باڵەخانەیەکی رووخاو لە سووریا دوای بوومەلەرزە. وێنە؛ OMAR HAJ KADOUR / AFP
 
 
بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا گەیشتە چوار هەزار و 365 کەس. 
 
بە تەنیا لە باکووری کوردستان و تورکیا دوو هەزار و 921 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەزار و 444 کەس گیانیان لەدەستداوە. 
زیاتر بخوێنەوە

23:34

گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەوە 2300 کەسی تێپەڕاند

گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەوە 2300 کەسی تێپەڕاند
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد- دوایین ئامارەکانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە باکووری کوردستان و تورکیا دوو هەزار و 316 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات حه‌وت هه‌زار و 340 كه‌سیش به‌ زیندوویی له‌ژێر داروپه‌ردووی باڵەخانەکاندا ده‌رهێندراون.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:42

لە هەرێمی کوردستان چاوەڕێی روودانی بوومەلەرزەی وێرانکەر بکەین؟

ژمارەیەک لە دانیشتووانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر لەکاتی بوومەلەرزە لە ماڵەکانیان هاتوونەتەدەرەوە. وێنە: راوچی حەسەن - رووداو
 
بوومەلەرزەیەکی بەهێزی وێرانکەر لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، هەروەها تورکیا و سووریا ئەمڕۆ بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار کەس و رووخانی هەزاران خانوو و باڵەخانە، هەرچەندە لە هەرێمی کوردستانیش هەست بە بوومەلەرزەکە کرا، بەڵام دڵنیایی دەدرێت لەوەی هەرێمی کوردستان لەڕووی جیۆفیزیکییەوە دوورە لە بوومەلەرزەی هاوشێوە.
 
د. بەختیار قادر، پرۆفیسۆر لە بواری جیۆفیزیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێش روودانی هەر بوومەلەرزەیەک و دوای روودانی، بوومەلەرزەی بچووک روودەدەن کە پێیان دەگوترێت پێشلەرزە و پاشلەرزە. "لە راستیدا پێشلەرزەکان زۆر زۆرن، رۆژانە بە هەزاران دەبن، بۆیە زۆرجار هەرچەندە لە ئامێرەکانی دەستنیشانکردنی بوومەلەرزەوە هەستیان پێدەکرێت، بەڵام حساب ناکرێن."
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 6-2-2023 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7  پلەی رێختەر لە باکووری کوردستان روویدا کە رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریاشی هەژاند. ئەو بوومەەرزە بەهێزە بە بوومەلەرزەی وێرانکەر ناودەبرێت، کە بەهۆیەوە تائێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی دیکەش بریندار بوون. 
 
کاتژمێر 04:22ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر هەستی پێکرا، بەهەمان شێوە دوانیوەڕۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەست بە بوومەلەرزە کرا، ئەوەش تاڕادەیەک ترسی لای هاونیشتمانییان دروست کر، بەڵام د. بەختیار بەپێی زانستی جیۆفیزیکی، هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی هەرێمی کوردستان لە روودانی بوومەلەرزەی بەهێزی وێرانکەر دوورە.
 
د. بەختیار قادر، پرۆفیسۆر لە بواری جیۆفیزیا جەخت دەکاتەوە لەوەی کە "لە هەرێمی کوردستان لە 100 ساڵی رابردوودا بوومەلەرزە نەگەیشتووەتە 5.5 پلەی رێختەر، لەبەرئەوە ئەو پاشلەرزانەش کە ئێستا روودەدەن، لەو بڕوایەدام لە چوار بۆ 4.5 پلەی رێختەر بن و بوومەلەرزەی لەوە بەهێزتر روونەدات. واتا هەستیان پێدەکرێت، بەڵام زەرەر و زیانیان نابێت، تەنانەت لەوانەیە زۆر کەس هەر هەستی پێنەکات."
 
د. بەختیار ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پاشلەرزانەی روودەدەن، لە ناوچەیەکی فراوانی دەوروبەری چەقی بوومەلەرزەکە هەستیان پێدەکرێت، "وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەستمان پێکرد، بەڵام ئەو پاشلەرزانە هەرگیز لە بوومەلەرزە بەهێزەکە بەهێزتر نابن."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:36

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 1651 کەس

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 1651 کەس

 

فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاماری نوێی گیانلەدەستدان و بریندارانی بوومەلەرزەکەی راگەیاند و گوتی، تاوەکو ئێستا 1651 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 11 هەزار و 119 کەسیش برینداربوون. 

 
هاوکات خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، لە رێگەی سوپاوە هەوڵی دابینکردنی پێداویستییەکان دەدەن و لە زۆربەی ناوچەکان بە هەزاران سەرباز بۆ پێشکێشکردنی هاوکارییەکان ئامادەن.  

 

زیاتر بخوێنەوە

18:43

باکووری کوردستان و تورکیا؛ گیانلەدەستدان 1500ـی تێپەڕاند و ژمارەی برینداران لە 10 هەزار نزیکدەبێتەوە

باکووری کوردستان و تورکیا؛ گیانلەدەستدان 1500ـی تێپەڕاند و ژمارەی برینداران لە 10 هەزار نزیکدەبێتەوە
 
 
فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 1541 کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتە نۆ هەزار و 733 کەس.
 
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی ئەو باڵەخانانەی رووخاون سێ هەزار و 471 باڵەخانەن. هاوکات ئەمڕۆ 151 پاشلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:33

ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان بەرزبووەوە

 

ژمارەی گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە بۆ 1498 کەس بەرزبووەوە، هاوکات هەشت هەزار و 533 کەس بریندارن. 
زیاتر بخوێنەوە

17:27

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان: تیمی فریاگوزاری و پێداویستی پزیشکیمان بۆ تورکیا نارد

چەند ئەمبوڵانێکی وەزارەتی تەندروستی لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل. وێنە: رووداو
 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تیمەکانی فریاگوزاری، پزیشکی فریاکەوتن و ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی پسپۆڕ و کارمەندانی تەندروستی و ئەمبوڵانس لەگەڵ بڕێکی زۆری پێداویستی پزیشکی بەڕێککەوت بۆ تورکیا بەمەبەستی بەهاناوەچوون و پشتیوانی قوربانییانی بوومەلەرزەکە. 
 
وەک لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستییدا هاتووە، ناردنی تیمەکان لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە.
 
هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئامادەیی خۆمان بۆ هەموو هاوکارییەک بەپێی توانا دەربڕیوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە یەک پاکێج و بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران هاوکارییەکان دەگەیێنێتە تورکیا.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:19

ژمارەی گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بۆ 1121 کەس بەرزبووەوە

پاشماوە و داروپەردووی بوومەلەرزەکەی ئامەد. وێنە: AFP
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد- بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەوانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە هەزار و 121 کەس، هەروەها 7 هەزار و 634 کەسیش بریندارن. 
 
ئافاد، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 6-2-2023 ئامارەکانی خۆی نوێکردنەوە و رایگەیاند: "ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش گەیشتە 1121 کەس. 7 هەزار و 634 کەسیش بریندارن. هەر لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەدا 2834 خانوو و باڵەخانە رووخاون." 
 
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.
 
بوومەلەرزەکە کاریگەری گەورەی لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، 250 کەس لە هەرێمی عەفرین، 6 کەس لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی زۆرینە کوردنشینی حەلەب گیانیان لەدەستداوە. 
 
هەروەها هەر لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە 33 کەس، لە کۆبانێ 4 کەس و لە شەهبا 5 کەس برینداربوون. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش بوومەلەرزەیەکی دیکەی بەهێز مەرەشی گرتەوە. ئافاد لەو بارەوە بڵاویکردەوە، کاژێر 13:24 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شوباتی 2023 لە شارۆچکەی ئەلبیستان سەر بە پارێزگەی مەرەش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر لە قووڵایی 16.4 کیلۆمەتر تۆمارکرا.
 
بوومەلەرزەکە لە باشوور و رۆژئاوای کوردستانیش هەستی پێکرا.
 
زیاتر بخوێنەوە

16:53

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بوومەلەرزەکە: تیمەکەم راسپاردووە هەموو یارمەتییەکی پێویست دابینبکەن

 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا لە پەیامێکدا دەڵێت: "زۆر دڵگرانم بە گیانلەدەستدان و ئەو وێرانکارییەی بەهۆی بوومەلەرزە لە تورکیا و سووریا روویداوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: "تیمەکەم راسپاردووە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکیا بەردەوام لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە بکەن و هەموو یارمەتییەكی پێویست دابین بکەن."
 
تاوەکو ئێستا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا کە بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر بوو، گیانلەدەستدانی لانیکەم هەزار و 121کەس و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش لانیکەم 780 پشتڕاستکراوەتەوە. بوومەلەرزەکە، کە بە بەهێزترینی ئەم سەدەیە لە ناوچەکە دادەنرێت، کاژێر 4:17ی بەیانی بەکاتی هەولێر روویدا، کە چەقەکەی لە ناوچەی بازرجخی پارێزگەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو. 
 
پاشلەرزەکانی دوای بوومەلەرزەکە بەردەوام بوون. بەهێزترینیان 7.5 پلە بوو کە کاژێر 1:24ی دوای نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر پارێزگەی مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاندەوە

 

 

زیاتر بخوێنەوە

15:35

ژمارەی گیانلەدەستدان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بۆ 1014 کەس بەرزبووەوە

گەڕان و پشکنینی تیمە فریاگوزارییەکان لە ئامەد. وێنە: AFP

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە هەزار و 14 کەس و هێشتا ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی برینداران بەردەست نییە.
 
ئافاد ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 6-2-2023 بڵاویکردەوە: "ژمارەی گیانلەدەستداوانی بوومەلەرزەکەی مەرەش گەیشتە 1014 کەس. هەر لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەدا دوو هەزار و 824 خانوو و باڵەخانە رووخاون. تا ئێستا ئاماری ورد لەبارەی ژمارەی برینداران بەردەست نییە و ئاسان نییە بە وردی بزانرێت کە چەند کەس بریندارن." 
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.
 
بوومەلەرزەکە کاریگەری گەورەی لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو. بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، 250 کەس لە هەرێمی عەفرین، 6 کەس لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی زۆرینە کوردنشینی حەلەب گیانیان لەدەستداوە. 
 
هەروەها هەر لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە 33 کەس، لە کۆبانێ 4 کەس و لە شەهبا 5 کەس برینداربوون. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش بوومەلەرزەیەکی دیکەی بەهێز مەرەشی گرتەوە. ئافاد لەو بارەوە بڵاویکردەوە، کاژێر 13:24 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە شەشی شوباتی 2023 لە شارۆچکەی ئەلبیستان سەربە پارێزگەی مەڕەش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر لە قووڵایی 16.4 کیلۆمەتر تۆمارکرا.
 
بوومەلەرزەکە لە باشوور و رۆژئاوای کوردستانیش هەستی پێکرا. 
 
زیاتر بخوێنەوە

15:22

بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.5 پلەی رێختەر باکووری کوردستانی هەژاند

پاشماوەی پاش بوومەلەرزەی یەکەم لە شارێکی تورکیا. وێنە: AA
 
بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.5 پلەی رێختەر باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند و لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەستی پێکرا. ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکاش هۆشدارییەکی تووند دەدات.
 
رۆژی دووشەممە 6ی شووباتی 2023، کاژێر 13:24 بە کاتی هەولێر، ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.5 پلەی رێختەر "نێوەڕاستی تورکیای هەژاند."
 
ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەوروپاش بوومەلەرزەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، لە شاری ماڕاش روویداوە. ئاژانسەکە ئاماژە بەوەش دەکات، قووڵایی بوومەلەرزەکە 10 کیلۆمەتر بووە.
 
هاوکات ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە دیمەشق و شارەکانی دیکەی سووریا هەستی پێکراوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بوومەلەرزەکە لە بەشی زۆری رۆژئاوای کوردستانیش هەستی پێکراوە.
 
لە هەمان کاتدا، هاونیشتمانیانیش لە باشووری کوردستان هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە. ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بوومەلەرزەکە لە دهۆک، هەولێر و سلێمانی هەستی پێکراوە.
 
ئەم بوومەلەرزە دوای ئەوە هات بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای ماڕاشی لە باکووری کوردستان هەژاند کە زیانی گەورەی هەبوو.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 644 کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە و 1464 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لە باکووری کوردستان و تورکیاش 912 کەس گیانیان لەدەستدا و 5385ی دیکەش برینداربوون، ئەمەش بە گوێرەی گوتەی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.
 
ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکاش هۆشداری دەدات لەوەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا ژمارەی گیانلەدەستدان دەکرێت بگاتە 10,000 کەس.
 
زیاتر بخوێنەوە

15:13

ئاگرێکی گەورە دوای بوومەلەرزەکەی مەڕەش کەوتەوە

دوابەدوای ئاگرەکە، کۆمپانیای بۆتاش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە
 
لەگەڵ ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شووباتی 2023 کاژێر 04:17 خولەک لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان روویدا، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە. دوابەدوای ئاگرەکە، کۆمپانیای بۆتاش بۆ دابەشکردنی تۆڕی بۆرییەکانی نەوت و گازی سرووشتی کە سەر بە حکومەتی تورکیایە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
کۆمپانیای بۆتاش (کۆمپانیای نیشتمانیی گواستنەوەی پیترۆڵ)ی تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی زیانەکان کە بەر هێڵی گواستنەوەی گازی سرووشتیی مەرەش - دیلۆک کەوتووە، ناردنی گازی سرووشتیی بۆ دیلۆک، هاتای، مەڕەش و شارۆچکەکانی پازارجخ،  نارلی، بەسنی، گۆلباشی، نورداغی، ئیسلاحییە، رەیحانلی، کرکهان و حەسا راگیراوە.
 
بۆتاش دەڵێت، لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی گازی سرووشتی دەگاتەوە دەستی هاووڵاتییان. بوومەلەرزەکە هەروەها کاریگەریی لەسەر هێڵی گازی سرووشتی لە پارێزگای کیلیس هەبوو.
 
بۆتاش ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمە تەکنیکییەکان کۆنترۆڵ و دەستوەردانی پێویستیان لە ناوچەکە کردووە و لە ئەنجامی ئەو کۆنترۆڵانەی لەسەر بۆریی نەوتی خاو کراوە، هیچ زیانێک دەستنیشان نەکراوە.
 
لە بەیاننامەکەی بۆتاشدا هاتووە، "بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای مەڕەش روویدا، کە ناوەندەکەی شارۆچكەی پازارجخ بوو و لە پارێزگاکانی دەوروبەری هەستی پێکراوە. دەستبەجێ سەرجەم تیمەکان لەلایەن بۆتاشەوە ئاگادارکرانەوە، رێوشوێنی ئەمنیی پێویست گیرایەبەر و لێکۆڵینەوەکانی هەڵسەنگاندنی زیانەکان دەستیپێکرد. بۆ ئەو مەبەستە هەناردەی گازی سرووشتی وەستاوە، تیمەکانی تەکنیکی بۆتاش کۆنتڕۆڵ و کاری پێویست لە بوارەکەدا ئەنجام دەدەن. لێکۆڵینەوەی پێویست بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دابەشکردنی گازی سرووشتی لە ناوچەکە ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوون لە رۆیشتنی گاز بۆ هاووڵاتیانمان."
 
زیاتر بخوێنەوە

13:43

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: هەناردەکردنی نەوت لە بۆریی هەرێمی کوردستان و تورکیا راگیراوە

پاڵاوگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
 
ئاژانسی گواستنەوەی دەریایی (تریبەجا) دەڵێت، دوای رووداوی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، کارکردن لە بەندەری نەوتی جەیهان وەستاوە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش دەڵێت، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو بەندەرەوە راگیراوە.
 
تریبەجا دەڵێت، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر رەوشەکە ئەنجام دەدرێت بۆئەوەی بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە بدرێت.
 
کۆمپانیای بۆتاش کە سەرپەرشتیاری کاری تایبەت بە بۆرییەکانی نەوت و گازە لە تورکیا دەڵێت، هیچ زیانێک بە بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت نەگەیشتووە، بەڵام راییکردنی کارەکان لە بەندەرەکە کێشەی تێکەوتووە و وەستاوە.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش بڵاویکردەوە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوت لە بۆریی هەرێم – توركیا راگیرا و بڕیارە دوای تەواوبوونی كارەكانی پشكنین، پرۆسەی هەناردەكردن دەست پێبكاتەوە."
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، "بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی توركیا و سووریای گرتەوە، بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتیی هەناردەكردنی نەوت و خۆپارێزی لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوت لە بۆریی هەرێمی کوردستان – توركیا راگیرا."
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری ماڕاشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:17

لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا پشووی خوێندن راگەیێندرا

ناوچەیەکی تورکیا دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی بەیانیی ئەمڕۆ. وێنە: AA
 
لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ماوەی دوو هەفتە و لە شەش پارێزگای دیکەش بۆ ماوەی یەک هەفتە پشووی خوێندن راگەیێندرا.
 
مەحموود ئۆزەر، وەزیری پەروەردەی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شووباتی 2023 رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە تاوەکو دوو هەفتەی دیکە لە پارێزگاکانی ماڕاش، سەمسوور، مەڵەتی و هاتای پشووی خوێندن دەبێت.
 
وەزیری پەروەردەی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا، لە پارێزگاکانی ئامەد، دیلۆک، رووها و کیلیسی باکووری کوردستان و ئادانا و عوسمانییەی تورکیاش بۆ ماوەی یەک هەفتە قوتابخانەکان دادەخرێن.
 
راگرتنی خوێندن لەو پارێزگایانە دوای ئەوە هات، ئەم بەیانییە بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای ماڕاشی باکووری کوردستان روویدا.
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزە 7.4 پلەییەکەی ماڕاشی باکووری کوردستان رایگەیاند، 912 کەس گیانیان لەدەستداوە و 5385ی دیکەش برینداربوون.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شووباتی 2023 سەردانی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافادی لە ئەنقەرە کرد و رایگەیاند، بە هەموو دەزگاکانی دەوڵەتەوە کار بۆ رزگارکردنی هاووڵاتیان دەکەن، سوپای تورکیا لە ئامادەباشیدایە و بۆ رزگارکردن و یارمەتیدانی هاووڵاتییان 9000 کارمەندیان ناردووەتە ناوچەکە.
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 912 کەس گیانیان لەدەستداوە و 5385ی دیکەش بریندار بوون.
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، 2818 باڵەخانە رووخاون و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2470 کەس لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەکان رزگار کراون و لانیکەم 2000 کەسی دیکە ماون.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:01

ئەردۆغان: 912 کەس گیانیان لەدەستداوە و 5385ی دیکەش بریندارن

گەڕان بەدوای قوربانییانی بوومەلەرزەکە. وێنە: AA
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزە 7.4 پلەییەکەی ماڕاشی باکووری کوردستان رایگەیاند، تائێستا لە 10 پارێزگا 912 کەس گیانیان لەدەستداوە و 5385ی دیکەش بریندار بوون.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شووباتی 2023 سەردانی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافادی لە ئەنقەرە کرد و رایگەیاند، بە هەموو دەزگاکانی دەوڵەتەوە کار بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان دەکەن، سوپای تورکیا لە ئامادەباشیدایە و بۆ رزگارکردن و یارمەتیدانی هاووڵاتییان 900 کارمەندیان ناردووەتە ناوچەکە.
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 912 کەس گیانیان لەدەستداوە و 5385ی دیکەش بریندار بوون.
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، 2818 باڵەخانە رووخاون و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2470 کەس لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەکان رزگار کراون، لانیکەم 2000 کەسیش ماون لەژێر داروپەردوودا.
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری ماڕاشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:46

لە عەفرین 250 کەس بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستداوە

هەوڵدان بۆ رزگارکردنی هاونیشتمانیان لە عەفرین دوای بوومەلەرزە بەهێزەکە. وێنە: AFP
 
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان گەیشتە سەروو 250 کەس.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە نەخۆشخانەی عەفرین دەستی کەوتوون، ژمارەی ئەو کەسانەی لەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە سەروو 250 کەس.
 
زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دانیشتووی شارۆچکەی جندرێسی باشووری عەفرینن.
 
رووداو زانیویەتی، نزیکەی 80 باڵەخانە و خانوو لە شارۆچکەی جندرێس رووخاون و خەڵکی لە شەقامەکان دەمێننەوە و پێویستیان بە یارمەتییە.
 
لە شارۆچکەی شیێی عەفرینیش، دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و مزگەوتی گوندی سنارێی سەر بە شارۆچکەکەش رووخاوە.
 
لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی زۆرینە کوردنشینی حەلەبیش پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا 284 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 320 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:12

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری پێشکێش بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەکات

پاشماوەی دوای بوومەلەرزەکە لە ئامەدی باکووری کوردستان. وێنە: AFP
 
لەدوای بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کە بە شێوەیەکی سەرەکی باکوور و رۆژئاوای کوردستانی هەژاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەیی بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان و کەسوکاری قوربانییان دەردەبڕێت.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "دیمەنی تۆقێنەرمان لە تورکیا و سووریاوە پێدەگات لەدوای بوومەلەرزەیەک بە گوڕێکی پێشتر نەبیندراو."
 
سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتیشی، فەرەنسا ئامادەیە "هاوکاریی ئیمێرجێنسی" بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە بنێرێت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش لە تویتێکدا وێڕای سەرەخۆشی و هیوای چاکبوونەوەی برینداران، رایگەیاند، "بەریتانیا ئامادەیە بۆئەوەی بە هەر جۆرێک بێت هاوکاری پێشکێش بکات."
 
وەزارەتی باری لەناکاوی رووسیا دەڵێت، ئامادەن دوو فڕۆکە بنێرنە تورکیا بۆئەوەی لە هەڵمەتی رزگارکردندا هاوکارییان بکەن.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش لە تویتێکدا وێڕای سەرەخۆشی و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران، نووسیویەتی، "لەم کاتە سەختەدا ئێمە لەگەڵ گەلی تورکیا دەوەستین و ئامادەین هاوکاریی پێویست دابین بکەین بۆ دەربازبوون لە کاریگەرییەکانی کارەساتەکە."
 
لای خۆیەوە، ئەحمەد ئەبو ئەلغێت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پاڵپشتی و هاوکاریی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکەن لە بەرامبەر "ئەو کارەساتە مرۆییەی رووبەڕووی بووەتەوە."
 
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێت، لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی باکووری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەربڕی.
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا 284 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 320 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:57

یەکێتیی ئەوروپا دوو تیمی هاوکاریکردنی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەنێرێتە باکووری کوردستان و تورکیا

هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی قوربانیانی بوومەلەرزە لە عوسمانییەی تورکیا. وێنە: AA
 
یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، دەستیان بە ناردنی تیمی بەهاناوەچوون کردووە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا بۆئەوەی هاوکاری هەڵمەتی رزگارکردنی ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووە رووخاوەکان.
 
رۆژی دووشەممە 6ی شووباتی 2023، یانێز لێنارچیچ، کۆمیسیاری ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی قەیران لە تویتێکدا نووسی، "لەدوای بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییەی تورکیا، میکانیزمی پاراستنی سڤیلی یەكێتیی ئەوروپامان چالاککرد."
 
لێنارچیچ گوتیشی، ناوەندی هاوئاهەنگیی وەڵامدانەوەی ئیمێرجێنسیی یەکێتیی ئەوروپا هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا دەکات بۆئەوەی تیمەکانی رزگارکردن و بەهاناوەچوون بنێردرێنە تورکیا و باکووری کوردستان.
 
کۆمیسیارەکەی یەكێتیی ئەوروپا دەشڵێت، تیمەکانیان لە هۆڵەندا و رۆمانیاوە "بەڕێوەن" بۆئەوەی یارمەتی پێشکێش بکەن.
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی گشتی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆئەوەی یارمەتیدەربن لە رزگارکردن و بەهاناوەچوونی قوربانیانی بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا و یارمەتیدەر بن.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:19

لە باکووری کوردستان 250 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە

گەڕان بەدوای قوربانیانی بوومەلەرزەکە. وێنە: AA
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی لە پارێزگای ماڕاش روویدا و 10 پارێزگای گرتەوە، 284 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2323 کەسی دیکەیش بریندار بوون. 250 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە و 1998 لەوانەش برینداربوون لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان بوون.
 
بە گوتەی فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شووباتی 2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داتاکانی خستەڕوو، لە کۆی 10 پارێزگای تورکیا کە حەوتیان لە باکووری کوردستانن، کۆی گشتیی 284 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2323 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارانی حەوت پارێزگای باکووری کوردستان:
 
- لە ماڕاش 70 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 200ی دیکەش برینداربوون.
- لە سەمسوور 13 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 22ی دیکە برینداربوون و 100 باڵەخانە رووخاون.
- لە ئامەد 14 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 226ی دیکە برینداربوون و 20 باڵەخانە رووخاون.
- لە رووها 18 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 200ی دیکەش برینداربوون و 60 باڵەخانە رووخاون.
- لە دیلۆک 80 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 600ی دیکە برینداربوون و 581 باڵەخانە رووخاون.
- لە کیلیس 8 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 200ی دیکە برینداربوون و 50 باڵەخانە رووخاون.
- لە مەڵەتی 47 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 550ی دیکەش برینداربوون و 300 باڵەخانە رووخاون.
 
لە سێ پارێزگای تورکیا 34 کەس گیانیانلەدەستداوە و 325ی دیکەش برینداربوون.
 
ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارانی سێ پارێزگای تورکیا:
 
- لە عوسمانییە 20 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 200ی دیکەش برینداربوون و 83 باڵەخانە رووخاون.
- لە ئادانا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 118ی دیکە برینداربوون و 16 باڵەخانە رووخاون.
- لە هاتای 4 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 7ی دیکەش برینداربوون و 200 باڵەخانە رووخاون.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:02

بوومەلەرزەکە زیانی گیانی و ماددیی لە هەرێمی کوردستان نەبووە

ژمارەیەک هاونیشتمانی لەترسا لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی هەولێر هاتوونەتە دەرەوە. وێنە: راوچی حەسەن - رووداو
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک کە ناوەندەکەی باکووری کوردستان بوو، بەشێکی هەرێمی کوردستانیشی هەژاند. لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، "هیچ" زیانێکی گیانی و ماددییان تۆمار نەکردووە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 06-02-2023، کاژێر 04:17 بوومەلەرزەیەک باکووری کوردستانی هەژاند، چەقی بوومەلەرزەکە ناوچەی بازارجخی سەر بە پارێزگای ماڕاشی باکووری کوردستان بوو، بەڵام لە بەشێکی هەرێمی کوردستانیش هەستی پێکرا.
 
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای سێ خولەك لە بوومەلەرزەكەی شاری ماڕاش و کاژێر 04:20، لە "پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەستی پێكرا"، كە مەزەندە دەكرێت لە هەرێمی کوردستان پلەكە 4.7 پلە بە پێوەری رێختەر بووبێت.
 
لە هەولێر بوومەلەرزەکە بە تەواوی هەستی پێکرا و بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر و بەتایبەت دانیشتووانی کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان لە باڵەخانەکان هاتنە دەرەوە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خەڵکێکی زۆر هەستیان بە بوومەلەرزەکە کرد، بەتایبەت دانیشتووانی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون؛ سوپاس بۆ خودای گەورە، هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە."
 
هاوکات، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەولێر زیان نەبووە، ئەوەی هەبووە هەستکردن بووە بە بوومەلەرزەکە و بڵاوبوونەوەی ترس، کە بەهۆیەوە بەشێک لە خەڵک لە ماڵەکانیان هاتبوونە دەرەوە."
 
لە پارێزگای دهۆک بەگوێرەی ئەوەی هاوسنووری باکووری کوردستانە، بەهێزیی بوومەلەرزەکە بە تەواوی هەستی پێکراوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، لە سنوورەکەیان بەهۆی بەهێزیی بوومەلەرزەکەوە زۆرینەی خەڵک ماڵەکانیان چۆڵ کردووە و چوونەتە دەرەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 06-02-2023، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری ئێمە هیچ کەسێک پەیوەندیی نەکردووە کە بەهانایەوە بچین؛ ئەوەی هەبووە ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە، ئەگەرنا زیانی گیانی و ماددی نەبووە."
 
بوومەلەرزەکە لە سلێمانی هەستی پێنەکراوە. ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بوومەلەرزەکە لە سنووری سلێمانی هەستی پێنەکراوە بۆیە هیچ زیانێک نییە.
 
لە پارێزگای هەڵەبجەش هەست بە بوومەلەرزەکە نەکراوە. رائید زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئێمەوە دوور بووە و هیچ کاریگەرییەکی نەبووە."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 06-02-2023، کاژێر 04:17 بوومەلەرزەیەک باکووری کوردستانی هەژاند، چەقی بوومەلەرزەکە ناوچەی بازارجخی سەربە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بوو، بەڵام لە تەواوی باکووری کوردستان، بەشێکی باشوور و رۆژئاوای کوردستان هەستی پێکرا.
 
بەگوێرە ئامارە سەرەتاییەکان تاوەکو کاژێر 10:20 بە کاتی هەرێمی کوردستان، لە باکووری کوردستان و تورکیا هەزار و 710 باڵەخانە رووخاون؛ لە ئەنجامیدا 284 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2323 کەسیش برینداربوون.
 
هاوکات بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی سووریا، لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 245 کەس گیانیان لەدەستدا و 626 کەسیش برینداربوون.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:06

مەسرور بارزانی لەبارەی بوومەلەرزەکە: ئامادەین لە هەوڵەکانی رزگارکردندا هاوکاری بکەین

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە لە هەوڵەکانی رزگارکردنی ئەو کەسانەدا هاوکار بێت کە بەهۆی بوومەلەرزەوە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانەوە.
 
رۆژی دووشەممە 6ی شووباتی 2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا پەیامێکی لە تویتەر بڵاوکردەوە و نووسی، "بیر و هۆشمان لای خێزانی قوربانیان و بریندارانە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردووەوە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا زیانیان بەرکەوتووە."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە لە هەوڵەکانی رزگارکردندا هاوکار بێت."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی بوومەلەرزەوە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریاش دەیان باڵەخانە رووخاون و دەیان کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا گیریان خواردووە.
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری ماڕاشی هەژاندووە.
 
شارەکە دەکەوێتە باکووری کوردستان. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 237 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:05

سەرۆک بارزانی لەبارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە: خۆم بە هاوبەشی خەم و ئازاریان دەزانم

سەرۆک مەسعود بارزانی
 
 
سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا بڵاوکردەوە و دەڵێت، "خۆم بە هاوبەشی خەم و ئازاریان دەزانم."
 
لە تویتێکدا سەرۆک مەسعود بارزانی نووسیویەتی، "سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییەی تورکیا و سووریا دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەم و ئازاریان دەزانم. هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەم رووداوە دڵتەزێنە دەخوازم."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی بوومەلەرزەوە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریاش دەیان باڵەخانە رووخاون و دەیان کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا گیریان خواردووە.
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری ماڕاشی هەژاندووە.
 
شارەکە دەکەوێتە باکووری کوردستان. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 237 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:04

لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان، تورکیا و سووریا زیاتر لە 300 کەس بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستدا

رزگارکردنی منداڵێک لە ئەدەنەی تورکیا دوای بوومەلەرزە. وێنە: AA
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شووباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی پازاجخ سەر بە پارێزگای ماڕاشی باکووری کوردستان لە قووڵایی 7 کیلۆمەتر روویدا و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا سەتان کەس لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا گیانیان لەدەستداوە.
 
دوای ئەو بوومەلەرزەیە 66 پاشلەرزە تۆمارکران؛ سێ بوومەلەرزەیان لە سەرووی 6 پلەی رێختەر بوون و 8 بوومەلەرزش لە سەرووی 5 پلەی رێختەر بوون.
 
تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێک لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکە لە ماڕاش بڵاونەکراونەتەوە کە چەقی بوومەلەرزەکەیە.
 
عومەر فارووق جۆشکون، پارێزگاری ماڕاش دەڵێت، ناتوانرێت ژمارەی مردوو و بریندارەکان لەگەڵ باڵەخانە رووخاوەکان بخرێتەڕوو، بەڵام زیانەکانی زۆر گەورەن. سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیاش رایگەیاند، ناتوانن هیچ شتێکی ورد لەبارەی زیانەکان لەو پارێزگایە بڵێن.
 
لە شارۆچکەی پازاجخ سەر بە پارێزگای ماڕاش تائێستا لەلایەن خەڵکی شارەکەوە 3 کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک هێندراونەتە دەرەوە.
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد لە کاژێر 06:30 خولەک بڵاویکردەوە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە 7 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و 440 کەسی دیکەش بریندارن. پارێزگاکان بریتین لە ماڕاش، دیلۆک، رووها، ئامەد، سەمسوور، مەڵەتی و ئادانا.
 
بەرپرسانی ئافاد هۆشداری دەدەنە خەڵکی کە نەچنە نێو ماڵەکانەوە. عەلی ئیحسان سوو، پارێزگاری ئامەد لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکەی  رایگەیاند، 6 باڵەخانە رووخاون، 6 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 79ی دیکەش بریندارن.
 
خولوسی شاهین، پارێزگاری مەڵەتیش گوتی، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە مەڵەتی 23 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 420ی دیکەش بریندارن، تەرمی 3 کەس لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکان دەرهێندراون، هەروەها 140 باڵەخانە رووخاون لە نێویاندا مزگەوتی گەورەی شاری مەڵەتی.
 
ساڵح ئایهان، پارێزگاری رووهاش رایگەیاند، لە رووها 17 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 30ی دیکەش بریندارن. لە پارێزگاری دیلۆکیش کۆی گشتی 531 باڵەخانە رووخاون.
 
ئەردینچ یڵماز، پارێزگاری عوسمانییەی تورکیاش رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 65 باڵەخانە رووخاون و 5 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بارەگای یەکە سەربازەکانیان لە پارێزگاکانی ماڕاش، مەڵەتی، دیلۆک، ئامەد، کیلیس، ئادانا، هاتای و عوسمانییە بەهۆی ئەو بوومەلەرزانەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ روویاندا زیانیان بەرکەوتووە.
 
کەرەم کنک، سەرۆکی مانگی سووری تورکیاش گوتی، خوێن رەوانەی ناوچەی بوومەلەرزەکە دەکەن و داوا لە هاووڵاتيیان دەکەن بۆ پێداویستیی زیاتر خوێن ببەخشن.
 
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 237 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە
 
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 237 کەس.
 
رۆژی دووشەممە 6ـی شوباتی 2023، وەزارەتی تەندروستیی سووریا بڵاویکردەوە، بەهۆی بوومەلەرزەوە لانیکەم 237 کەس گیانیان لەدەستداوە و 639 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لە پارێزگاکانی حەلەب، لازقیە، حەما و تەرتووس بوون. 
 
مەحموود زنبووعە، پارێزگاری حەما دەڵێت، تەنیا لە حەما 9 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسی دیکە برینداربوون.
 
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا باس لەوە دەکات، تەنیا لە پارێزگای لازقیەی رۆژئاوای وڵاتەکە، 42 کەس گیانیان لەدەستداوە و 220 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
دوای بوومەلەرزەکە، ئاژانسی هەواڵی سووریا رایگەیاند، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەک دەکات بۆ ئەوەی تاوتوێی زیانەکانی بوومەلەرزەکە بکەن کە لەو وڵاتەدا بە گوڕی 6.4 پلەی رێکختەر روویدا.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:39

لە عەفرین تائێستا 51 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە

پاشماوەی بوومەلەرزەکە لە ناوچەیەکی سووریا
 
 
بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییەوە، تائێستا سەتان کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، لەو ژمارەیەش 51 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە عەفرینن.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی سووریا کە 6ی شووباتی 2023 بڵاویکردوونەتەوە، تاوەکو ئێستا 237 کەس لە بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە و 639 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لە پارێزگاکانی حەلەب، لازقیە، حەما و تەرتووس بوون. 
 
مەحموود زنبووعە، پارێزگاری حەما دەڵێت، تەنیا لە حەما 9 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسی دیکە برینداربوون.
 
ئاژانسی فەرمی هەواڵی سووریا باس لەوە دەکات، تەنیا لە پارێزگای لازقیەی رۆژئاوای وڵاتەکە، 42 کەس گیانیان لەدەستداوە و 220 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
دوای بوومەلەرزەکە، ئاژانسی هەواڵی سووریا رایگەیاند، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەک دەکات بۆئەوەی تاوتوێی زیانەکانی بوومەلەرزەکە بکەن کە لەو وڵاتەدا بە گوڕی 6.4 پلەی رێکختەر روویدا.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:38

کۆشکی سپی: لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵین بۆئەوەی هاوکارییان بکەین

پاشماوەی بوومەلەرزەکە لە مەڕەشی باکووری کوردستان. وێنە: AA
 
کۆشکی سپی دەڵێت، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵن بۆئەوەی هاوکاریی لێقەوماوان بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
رۆژی دووشەممە 6ی شووباتی 2023 کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریاوە "زۆر نیگەران بووە. ئامادەین هەر هاوکارییەکیان پێ بگەیێنین."
 
کۆشکی سپی دەشڵێت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاژانسی ئەمریکای بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی USAID و هاوبەشەکانی دیکەی فیدراڵی راسپاردووە بۆئەوەی هاوکاریی ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
لای خۆیەوە جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی سووریا و تورکیاوە زۆر نیگەران بووە." دەشڵێت، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵە و ئامادەیی ئەمریکای پێ راگەیاندوون کە "هەر هاوکارییەکیان پێویست بوو پێیان بگەیێنین."
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە بە هاوئاهەنگیی تورکیا چاودێریی دۆخەکە بکەین."
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری مەڕەشی هەژاندووە.
 
شاری مەڕەش دەکەوێتە باکووری کوردستان؛ بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 117 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:06

ئافاد: لە 10 پارێزگادا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و 440 کەسیش بریندارن

پاشماوەی بوومەلەرزەکە لە ناوچەیەکی باکووری کوردستان. وێنە: AA
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا، 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و 440 کەسی دیکەش بریندارن.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 06-02-2023 بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر باکووری کوردستانی هەژاند و لە باشووری کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە هەستی پێکرا.
 
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا 76 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە، چەندین کەسیش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون.
 
بوومەلەرزەکە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش زیانی گیانی و ماددیی لێکەوتووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان تائێستا 99 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 330 کەسیش بریندارن.
 
زیاتر بخوێنەوە

07:37

نێچیرڤان بارزانی: بیر و نزاکانم لەلای ئەوانەن بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان دەڵێت، بیر و نزاکانم لەلای ئەوانەن بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە. 
 
دوای بوومەلەرزەکەی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 6-2-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، "بیر و نزاکانم لەلای ئەوانەن بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە. سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم."
 
دوای کاژێر 4:00ی بەیانیی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر باکووری کوردستانی هەژاند و لە باشووری کوردستان و چەندین وڵاتی ناوچەکە هەستی پێکرا. تاوەکو ئێستا دەیان کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

07:35

لە سووریا لانیکەم 62 کەس بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستدا

لە سووریا لانیکەم 62 کەس بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستدا

زیانە گیانییەکانی بوومەلەزرەکەی سووریا لە بەرزبوونەوەدان، بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان تائێستا 62 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسیش بریندارن.
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی شوباتی 2023، میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی سووریاوە، لانیکەم 62 کەس لە ئیدلیب، حەلەب و حەما گیانیان لەدەستداوە و 200 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
سەرچاوە تەندروستییەکان لە حەلەب باس لەوە دەکەن، تەنیا لەو شارەدا 16 کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەرپرسانی سووریا دەڵێن، لە ساڵی 1995 ـەوە بوومەلەرزەی بەو گوڕە رووینەداوە.
 
بەگوێرەی میدیای سووریا، لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، لانیکەم 20 باڵەخانە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە یان رووخاون.
 
لە شاری ئیدلیبی باکووری سووریا، ژمارەیەک باڵەخانە رووخان. لە شاری حەمای رۆژئاوای سووریاش، باڵەخانەیەکی هەشت نهۆمی رووخاوە.
 
کاژێر 4:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەکاتی هەولێر، ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر و لە قووڵایی 17.9 کیلۆمەتر شاری دیلۆکی باکووری کوردستانی هەژاندووە. 15 خولەک دوای بوومەلەرزەکە، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.7 پلەی رێختەر روویداوە. 
 
بەگوێرەی ئاژانسە ئەمریکییەکە، گوڕی بوومەلەرزەکە لە باشووری کوردستانیش 4.7 پلەی رێختەر بووە، کە بەشێوەیەکی بەرچاو هەستی پێکرا و بووە هۆی شڵەژانی خەڵکی. هاوکات، ئاژانسەکە دەشڵێت: لە ئێران، قوبرس و یۆنانیش هەست بە بوومەلەرزەکە کراوە.
 
تاوەکو ئێستا دەیان باڵەخانە لە باکووری کوردستان، تورکیا و سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخاون. بەگوێرەی بەرپرسانی تورکیا، تاوەکو ئێستا پێنج کەس لە پارێزگای ئۆسمانییە و 10 کەسیش لە رووها گیانیان لەدەستداوە. 

 
زیاتر بخوێنەوە

15:15

بوومەلەرزە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا؛ گیانلەدەستدان 33 هەزاری تێپەڕاند

وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر باکووری کوردستانی هەژاند و لە باشووری کوردستان و چەندین وڵاتی ناوچەکە هەستی پێکرا، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تائێستا 51 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە، چەندین کەسیش لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون.
 
بەپێی سەنتەری ئەمریکی بۆ بوومەلەرزەزانی، چەقی بوومەلەرزەکە باکووری کوردستان بووە بە قوڵایی 24.1 کیلۆمەتر. لە دوای ئەو بوومەلەرزەیەوە، چەندین پاشلەرزەی دیکە لە شارەکانی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستان هەستی پێکراوە. بوومەلەرزەکە لە عێراق، سووریا، لوبنان، ئیسرائیل و میسر هەستیپێکراوە.
 
دەزگای رووداوەکان و باری لە ناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد رایگەیاند، سێ بوومەلەرزە تۆمارکراون، بوومەلەرزەی یەکەم لە شاری مەڕەشی باکووری کوردستان لە کاژێر 4:17ی خولەکی بەرەبەیان بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر روویداو.
 
ئافاد راشیگەیاند، دوای ئەوە دوو بوومەلەرزەی دیکە لە دیلۆکی باکووری کوردستان بە گوڕی 6.4 پلە و 6.5 پلەی رێختەر روویانداوە.
 
ساڵح ئایهان، پارێزگاری رووها رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 30ی دیکەش بریندارن. 

 

خولوسی شاهین، پارێزگاری مەڵەتی، رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان 140 باڵەخانە رووخاون، نزیکەی 100 باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە. بەهۆیەوە 23 کەس گیانیان لەدەستداوە و 420 کەس بریندارن.
 
عەلی ئیحسان سوو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند، شەش باڵەخانە رووخاون، بەو هۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و 79 کەسیش بریندارن.
 
هەروەها ئەردینچ یڵماز، پارێزگاری عوسمانییەی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 65 باڵەخانە رووخاون و پێنج هاووڵاتی گیانیانلەدەستداوە. 
 
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی زیانی گیانی و مادییەکان لە پارێزگای گومگوم رایگەیاند، ناتوانین هیچ شتێکی روون لەبارەی زیانەکان لەو پارێزگایە بڵێین، بەڵام گوتی زیانی گیانیمان هەیە. 
 
سولەیمان سۆیلو هەروەها گوتی: "دوای بوومەلەرزە 7.4 پلەییەکە، 22 بومەلەرزەی دیکە روویداوە کە گەورەترینیان 6.6 بووە."

 

 
وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای بوومەلەرزەکە رایگەیاند، سەردانی هەموو ئەو ناوچانە دەکەن، کە بەر بوومەلەرزە کەوتوون، تاوەکو ئێستا شەش بوومەلەرزە روویانداوە، کە گوڕەکەیان لە سەروو شەش پلەی رێختەرەوە بووە. 
 
بەرپرسانی ئافاد هۆشداری دەدەنە خەڵک، کە نەچنە نێو ماڵەکانیانەوە.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، یەکە پەیوەندیدارەکانمان بەهاوئاهەنگی لەگەڵ ئافاد لە ئامادەباشییدان.

 

زیاتر بخوێنەوە