وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: هەناردەکردنی نەوت لە بۆریی هەرێمی کوردستان و تورکیا راگیراوە

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی گواستنەوەی دەریایی (تریبەجا) دەڵێت، دوای رووداوی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، کارکردن لە بەندەری نەوتی جەیهان وەستاوە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش دەڵێت، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو بەندەرەوە راگیراوە.

تریبەجا دەڵێت، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر رەوشەکە ئەنجام دەدرێت بۆئەوەی بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە بدرێت.

کۆمپانیای بۆتاش کە سەرپەرشتیاری کاری تایبەت بە بۆرییەکانی نەوت و گازە لە تورکیا دەڵێت، هیچ زیانێک بە بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت نەگەیشتووە، بەڵام راییکردنی کارەکان لە بەندەرەکە کێشەی تێکەوتووە و وەستاوە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش بڵاویکردەوە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوت لە بۆریی هەرێم – توركیا راگیرا و بڕیارە دوای تەواوبوونی كارەكانی پشكنین، پرۆسەی هەناردەكردن دەست پێبكاتەوە."

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، "بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی توركیا و سووریای گرتەوە، بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتیی هەناردەكردنی نەوت و خۆپارێزی لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوت لە بۆریی هەرێمی کوردستان – توركیا راگیرا."

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری ماڕاشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.