قایمقامی دەربەندیخان: سەرۆکی پەرلەمان بەڵێنی داوە داواکارییەکانمان بە لایەنی پەیوەندیدار بگەیێنێت
رووداو - هەولێر
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، گردبوونەوەی هاونیشتمانییانی دەربەندیخان بۆ دابینکردنی ئاوی پاک و کارەبا بەردەوامە و سەرۆکی پەرلەمانیش پەیوەندی پێوەکردوون و بەڵێنی داوە هاوکاریان بێت و داواکارییەکانیان بە لایەنی پەیوەندیدار بگەیێنێت. یەکێک لە رێکخەرانی گردبوونەوەکەی دەربەندیخانیش دەڵێت، داوای سەرەکییان ئاو و کارەبایە و کەس بەدەم کێشەکەیانەوە نەچووە.
رۆژی چوارشەممە 1ی ئەم مانگە، بەشێک لە هاونیشتمانییانی دەربەندیخان لەنێو بازاڕی قەزاکە گردبوونەوە و داوای خزمەتگوزارییان بۆ شارەکەیان کرد، بەتایبەت دابینکردنی ئاوی پاک و کارەبا.
رۆژی دووشەممە 6-2-2023، سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تائێستا گردبوونەوەی هاونیشتمانیانی دەربەندیخان بەردەوامە و چادریان هەڵداوە و بەشەوانیش لە شەقامەکانن، داواکارییەکانیانیش لە دوو خاڵ کۆکردووەتەوە ئەویش دابینکردنی ئاوی پاک و کارەبایە.
سلێمان محەممەد گوتیشی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندی پێوەکردووە و پاڵپشتی خۆی بۆ داواکاریی هاونیشتمانییانی سنوورەکە دەربڕیوە و بەڵێنی داوە داواکارییەکانیان بە لایەنی پەیوەندیدار بگەیێنێت و ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرشتێک لە ئەستۆی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بێت ئامادەیە جێبەجێ بکات.
هاوکار قادر، یەکێک لەدەستەی راوێژکاری گردبوونەوانی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بەرپرسێکی دەرەوەی دەربەندیخان بەدەم داواکانمانەوە نەهاتووە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان تاوەکو بەدەممانەوە دێن."
بە گوتەی قایمقامی دەربەندیخان، ئەو سنوورە بەدەستی نەبوونی ئاوی پاکەوە دەناڵێنیت و دەڵێت:" لە ساڵی 2009ـەوە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاوی دەربەندیخان شیاوی خواردنەوە نییە، بۆ خۆمان ئێستا لە ماڵەوە ئاوی خواردنەوەمان نییە و دەبێت چەند کیلۆمەترێک ببڕین بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە ."
قایمقامی دەربەندیخان تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی پاکی دەربەندیخان بە چارەسەر دەزانێت و دەڵێت، ئەو پڕۆژەیە لە 2013ەوە بەردی بناخەی دانراوە و داوا دەکەن بە زووترین کات پارەی بۆ خەرجبکرێت بۆ ئەوەی دەستبەکارەکانی بکرێتەوە.