کامیلی حاجی عەلی؛ تەنیا خۆی بەربژێر بوو و نەیتوانی ببێتە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی

06-02-2022
بەهرۆز فەرەیدوون
کامیلی حاجی عەلی، تاکە بەربژێر بۆ پۆستی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان
کامیلی حاجی عەلی، تاکە بەربژێر بۆ پۆستی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

دوانزەیەمین کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بەڕێوەچوو، تەنیا یەک بەربژێر بۆ پۆستی رابەری گشتی، 35 بەربژێر بۆ ئەنجوومەنی شوورا و 15 بەربژێر بۆ 9 مەڵبەند خۆیان بەربژێر کردبوو.
 
لە کۆی 631 ئەندامی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، 542 ئەندام دەنگیان دا. مونیرە عەبدولعەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، "رابەری گشتی کە هەموو تایبەتمەندییەکانیشی لەگەڵە، هەرچەندە بە یاسا و پەیڕەو و پرۆگرام بۆی هەبوو خۆی بەربژێر بکات، بەڵام ئەو خۆی خۆویستانە دەستبەرداری پۆستەکەی بووە".
 
دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، کامیلی حاجی عەلی تاکە بەربژێری بزووتنەوەکە نەیتوانی 50+1ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەوەش نەیتوانی ببێتە رابەری نوێی بزووتنەوەکە، تەنیا 265 دەنگی بەدەستهێنا، کە پێدەچوو ئەنجامەکەی بەدڵ نەبێت و هەر زوو هۆڵی کۆنگرەی بەجێهێشت.
 
بە دەنگی 277 ئەندامی کۆنگرە، کە دەنگیان نەدابوو بە كامیل حاجی عەلی؛ عیرفان عەبدولعەزیز بۆ ساڵی نۆیەم و بۆ جاری سێیەم بووەوە بە رابەری گشتیی بزووتنەوەکە، ئەگەرچی خۆیشی بەربژێر نەکردبوو.
 
ئاری عەبدوللەتیف، ئەندامی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوە کرد، "دەرچوون یان دەرنەچوونی کاندیدەکان، گۆڕانکاری لە ئامانج و ستراتیژ و گوتاری نێوخۆ و دەرەوەی حیزب دروستدەکات".
 
وەک دڵدانەوەیەکیش بەشی زۆری ئەندامانی کۆنگرە بڕیاریاندا پۆستێک بدەن بە کامیل حاجی عەلی، پۆستێک کە پێشتر نەبووە و هەر لە کۆنگرە دروستیانکرد، کە ئەویش سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامییە.
 
بە گوتەی عەبدوللەتیف عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامی، کۆمەڵێك خەڵک براونەتە نێو کۆنگرەوە "ئەسڵەن بەپێی پەیڕەو شمولی نەدەکردن، هەر چاییچییەکە مابوو بیهێنن".
 
ئەوانەی دەنگیان بە کامیلی حاجی عەلی نەدا، بە باوەشپێداکردن و ماچکردنی ئەملاولای عیرفان عەبدولعەزیز بۆ بوونی بە رابەر بۆ جاری سێیەم، هەر زوو پیرۆزباییان لێکرد.
 
عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی کامیلی حاجی عەلی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەویش پیاوێکی ماندووە لە حیزبەکە، خۆ ئێمە رازیمان نەبووە کە بچێتەوە لە ماڵی خۆی دابنیشێت، لەبەرئەوە حەزمان کرد وەکو رێزێک لە جەنابی کاک حاجی کامیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا بێت".
 
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 1987 دامەزراوە و دەیەوێت لە رێگەی ئەم کۆنگرەیەوە کارێک بکات کە ژمارەی هەوادارەکانی لەوەی ئێستا هەیە، زیاتر بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.