رووداو - شنگال
بەئامادەبونی سەتان کەس لە کەسوکاری کۆمەڵکوژکراوانی کوردانی ئێزدی لە گوند کۆچو روفاتی 104 قوربانیانیی ئەو گوندە بە خاک سپێردران. نادیە مورادیش کە لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار بوو دەڵێت هێشتا بەتەواوەتی ئارامی نەگەڕاوەتەوە شنگال.
برایەکی نادیە مورادیش لەنێو روفاتەکاندا بوو و ئەویش بە فرمێسک و گریانەوە پێشوازیی لە تەرمەکان کرد.
نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا کچ و ژنی ئێزدی بێسەروشوێنن. بەتەواوەتی ئارامی نەگەڕاوەتەوە شنگال. ماوەیەک لەمەوپێش هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەنگاوێکیان بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ شنگال نا، بەڵام پێویستی بە هەنگاوی کردەییە بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بگەڕێنەوە."
لە رێوڕەسمەکەدا کە چەندین گوتار لەلایەن هەریەک لە نوێنەری سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری یونامییەوە پێشکەش کران. یونامی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دووپات کردەوە.
کەریم خان، سەرۆکی تیمی یونامی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە عێراق بە رووداوی گوت: "لە قۆناخی یەکدا ئەنجامی پشکنینی 104 روفات دەرچوون و ناویان راگەیێندراوە. بڕیارە ماوەیەکی دیکە ئەنجامی پشکنینی ئەوانەی ماون دەربچێت و بگەڕێنرێنەوە شنگال و کۆچۆ"
تەلال هەسکانى، رێکخەری رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی روفاتەکانی گوندی کۆچۆ دەڵێت: "ماوەیەکی زۆر بوو ئامادەکاریمان بۆ ئەو روفاتانە دەکرد. ئەم 104ە گەیشتن و هەر کاتێکیش ئەنجامی دی ئێن ئەیی ئەوانی دیکە دەرچوو، دەگەڕێنرێنەوە."
3ـی ئابی 2014 داعش پەلاماری شنگالی دا، نزیکەی شەش هەزار و 500 کەس کەوتنە دەستی داعش، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەس رزگار کراون، بەڵام هێشتا جارەنووسی نزیکەی سێ هەزار کەس دیار نییە.
تاوەکو ئێستا 80 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، 20 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ