کچە یاریزانێکی ئەمریکی لە چۆمان خلیسکێنەی سەر بەفر دەکات

06-02-2021
بەختیار قادر
بەختیار قادر
لە قەزای چۆمان لە پێنج ساڵدا ژمارەیەک گەنج فێری خلیسکێنەی سەر بەفر بوون
لە قەزای چۆمان لە پێنج ساڵدا ژمارەیەک گەنج فێری خلیسکێنەی سەر بەفر بوون
نیشانەکردن خلیسکێنەی سەر بەفر یاری چۆمان بەفر
A+ A-
 
رووداو - چۆمان

چیاکانی چۆمان و باڵەکایەتی بەفرێکی زۆر گرتوونی، ناوچەکە جوانییەکی زۆر تایبەتی هەیە. کچێکی ئەمریکی بە ناوی ئاشلی هاریس چەند ساڵێکە خۆی و کۆمەڵێک گەنج دەباتە بەرزایی چیاکانی چۆمان و خلیسکێنەی سەر بەفریان پێ دەکات.
 
ئاشلی هاریس دەڵێت: "بۆ خلیسکێنەی سەر بەفر هاتووینەتە کوردستان. ئەوەیش ساڵی دووەمە دێینە ئێرە، چونکە بە راستی شوێنێکی سەرەنجراکێشە. هەروەک دەبینیت ناوچەیەکی شاخاوییە. بۆیە پێم وایە شوێنێکی تایبەتە بۆ خلیسکێنە و دەتوانیت هاوڕێی زۆریش ببینیت. بە راستی ئێرە جوانە، شاخەکانی سەرەنجراکێشن و بەفرەکەیشی دیمەنێکی جوانی پێ بەخشیوە."
 
لە قەزای چۆمان لە پێنج ساڵدا ژمارەیەک گەنج فێری خلیسکێنەی سەر بەفر بوون، رۆژانە بۆ راهێنان دەچنە چیاکانی پڕژە و خلیسکێنە دەکەن. لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا کچە یاریزانێکی ئەمریکی هارکاری گەنجەکانی چۆمان بووە.
 
ئاشلی هاریس ساڵی 2015 بە مەبەستی کۆمەکیی کوردانی ئێزدی هاتووەتە باشووری کوردستان و بە شاخەکانی باڵەکایەتی ئاشنا بووە. پێنج ساڵە بۆ خلیسکێنەی سەر بەفر دێتە پڕژەی چۆمان، ژمارەیەک گەنجی  فێری سکی کردووە
 
خلیسکێنەی سەر بەفر یارییەکی سەرکێشیی نوێیە لە باشووری کوردستان، بە راهێنانی زۆریش ترست لێی دەشکێت و لێی رادێیت، کەرەستەو پێداویستییەکانیشی گرانبەهان.
 
زۆسک حەمەد، یاریزانی خلیسکێنەی سەر بەفرە و دەڵێت: "یاریزانە بیانییەکان ساڵانە دێنە لای ئێمە، چونکە گرووپی شاخەوانیمان هەبوو. دوای راهێنانی زۆر و پەیداکردنی پێداویستییەکانی خلیسکێنە فێر بووین و لێی راهاتووین. ئێستا ناڵێم وەک ئەوان، بەڵام دەتوانین کام شاخ بەرزە خلیسکێنەی تێدا بکەین."
 
چیا و کوێستانەکان و رێژەی بەفربارینی ساڵانەی کوردستان بۆ خلیسکێنەی سەربەفر شیاون. ئارەزوومەندانی یارییەکەیش کەم نین.
 
ئێستا لە چۆمان 12 یاریزان هەن و بەردەوام راهێنان دەکەن و چاک چیا و دۆڵە ئەستەمەکان تێپەڕ دەکەن.
 
هەڵگۆرد چۆمانی، یاریزانی خلیسکێنەی سەر بەفرە و دەڵێت: "ئێستا چۆمان تیمێکی تایبەت بە خلیسکێنەی سەر بەفری هەیە. لەگەڵ وەرزی بەفربارینیشدا بەردەوام سەرقاڵی مەشقین بۆ ئەوەی توانامان باشتر بکەین."
 
ئەو وڵاتانەی سرووشت و ژینگەی خۆرسکانە بنەمای کەرتی گەشتیاریی زستانەی بۆ فەراهەم کردوون، بۆ ئەوەی سرووشت و بنەما بەهێزەکەیان بناسێنن، گرنگی بە خلیسکێنەی سەر بەفر دەدەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە