گالەری

 
وێنە: ناسر عەلی - رووداو
 
ئەمڕۆ شەممە ئەو 104 رووفاتەی کوردانی ئێزدیی کە لە پشکنینی دی ئێن ئەی لە بەغدا ناسێنراونەتەوە، لە رێوڕەسمێکی فەرمی و فراوان لە گوندی کۆچۆ بەخاکدەسپێردرێن. ئەو شوێنەی کە رووفاتەکانی تێدا بەخاکدەسپێردرێن پێش ساڵی 2014 شوێنی ئاهەنگگێڕان بوو.
 
لە هێرشەکەی داعش خەڵکی گوندی کۆچۆ زۆریان لێ کوژران و رفێنران. پشکنینی دی ئێن ئەی-یان بۆکراوە و سەرجەمیان ناسراونەتەوە و خەڵکی گوندی کۆچۆن، بەڵام لە شوێنی جیاواز لە گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە.
 
هەریەک لە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، نوێنەرایەتیی وڵاتان، رێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکانی تایبەتمەند بە جینۆساید، کەسوکاری قوربانیانی شەڕی داعش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و کەسوکاری قوربانییەکانی گوندی کۆچۆ  ئامادە بن.
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە  72 گۆڕ لە ناوچەی شنگال دۆزراونەتەوە، لەوانە کاری هەڵدانەوە و کردنەوەی 16 گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆچۆ تەواوکراوە. لە كۆی 325 رووفات 62 رووفات ناسراونەتەوە و 325 رووفاتیش نێردراون بۆ بەغدا بۆ ناسينەوەی ناسنامەيان. لە کۆی ئەو 325 رووفاتە 104یان گەڕێندرانەوە شنگال و ئەمڕۆ بەخاکدسپێردرێن.