نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکرێت

06-02-2020
دیار کوردە @diyarkurda
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-
رووداو - هەولێر

جارێکی دیکە میونشن دەبێتە ناوەندی دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتی، سەرکردەکانی جیهان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئاسایشی میونشن کۆدەکاتەوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ـیش بەفەرمی بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کراوە.
 
لە کۆنفرانسەکەدا، بەدەر لە تاوتوێکردنی چەندین پرسی سەرەکی پەیوەست بە ئاسایشی جیهان، هاوکات بە دەیان دیدار و کۆبوونەوە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەدەچن.
 
ئەمساڵ 56ـەمین کۆنفرانسە ئەنجام بدرێت، کە لە 14 بۆ 16 شوبات لە شاری میونشن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. بڕیارە بەدەر لە کێشە بەردەوامەکانی ئاسایش، هاوکات باس لە نیگەرانییەکانی داهاتووش بکرێت، بەتایبەتیش کە تەکنەلۆژیا لە گەشەکردن بەردەوامە.
 
سەرنجی کۆنفرانسەکەی ئەم ساڵ زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە دەبێت: بەرگریکردن و سیاسەتی ئاسایش، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و هەڕەشەکانی تەکنەلۆژیا، ئاسایشی مرۆڤایەتی، ئابووری و سەرچاوەی ئاسایش و هەروەها ئاسایشی دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتان.
 
پێشتر نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی کردووە و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان کۆبووەتەوە.
 
لە ساڵی 2018 لە کاتێکدا هێشتا گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەردەوامبوون، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێک بەشداری لە کۆنفرانسی میونشن کرد و لەوێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێریان کرد.
 
ساڵانە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن راپۆرتێکی تایبەت بە پرسی ئاسایشی جیهانی ئامادە دەکات و راپۆرتەکە چەند رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە بڵاودەکرێتەوە، بڕیارە راپۆرتەکەی ئەمساڵیش رۆژی دووشەممەی داهاتوو (10-02-2020) بڵاوبکرێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە