کۆنگرەی 16ی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەستی بەکارەکانی کرد

رووداو- کۆیە

پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 6-2-2016، 16-یەمین کۆنگرەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری کۆیەی باشووری کوردستان دەستی بەکارەکانی کرد.

رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەکە بە ئاشکرا و بە بەشداریی دەزگاکانی راگەیاندن بوو.

هەڵبژاردنی سکرتێری نوێ، یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی 16-یەمین کۆنگرەی حیزبی دیموکراتی کوردستان-حدک دەبێت. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حدک بڕیاریداوە کە چیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە نەپاڵێوێتەوە.

حیزبی دیموکرات هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرەی خۆی دەبەستێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە، سکرتێر ناتوانێت زیاتر لە دوو خولی چوارساڵە، خۆی بۆ ئەو پۆستە بپاڵێوێت.

پرسی یەکگرتنەوەی هەردوو دیموکراتەکە، یەکێک لە تەوەرە گەرمەکانی کۆنگرەی 16ی حدک دەبێت، کە لەدوای کۆنگرەی 13ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران-حدکا لە 6-12-2006 بەشێک لە ئەندامانی رێبەری و کۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبە جیابوونەوە و حیزبی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراند.

لەدوای ئەو جیابوونەوەیە، هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان بەجیا کۆنگرەکانی 14 و 15یان بەستووە.

لەکاتی جیابوونەوەیانەوە تا نزیکەی 6 ساڵ هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەنێوان ئەو دوو لایەنەی حیزبی دیموکرات نەبوو، تاوەکو لە 8-8-2012 یەکەمین دانیشتنی فەرمیان لە كۆنسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر ئەنجامدا و دوای ئەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی فەرمی و نهێنی بەڕێوەچوون کە پێکهێنانی شاندی دانوستاندکاری هاوبەشی لێکەتەوە.

بەڵام لەدوای نزیکەی 4 ساڵ گفتوگۆ و کۆبوونەوەی هاوبەش، تاوەکو ئێستا لەسەر چۆنیەتی یەکگرتنەوەیان رێکنەکەوتوون.

حیزبی دیموکرات لە ساڵی 1945 لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە و "پێشەوا" قازی محەممەد وەکو یەکەمین سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا.

ئەو حیزبە تاوەکو ئێستا 3 جار ( لە كۆنگرەکانی 4، 8 و 13) رووبەڕووی پارچەبوون بووەتەوە و دواتر وەك یەكگرتنەوە یان گەڕانەوەی كەسەكان، ریزەكانی یەكخستووەتەوە.