رووداو - سلێمانی
كۆمپانیای ئاسیاسیڵ بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی، بەهۆی قەیرانی دارایی نرخی پەیوەندیكردنی بەڕێژەی 50% كەمكردەوە و بۆ هێزەكانی پێشمەرگەش پەیوەندییەكانی دەكات بە خۆڕایی.
فاروقی مەلا مستەفا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی گرووپی کۆمپانیاکانی فاروق لە پەیامێكی ڤیدیۆیی حەوت خولەكیدا كەمكردنەوەی نرخی پەیوەندییەكانی راگەیاند.
لە پەیامەكەیدا، فاروقی مەلا مستەفا، كە بەبۆنەی یادی 15 ساڵەی دامەزراندنی كۆمپانیای ئاسیاسێل پێشكەشیكرد، رایگەیاند " لە سەرتاسەری كوردستان نرخی پەیوەندیكردن لە ئاسیاسێڵەوە بەڕێژەی 50% دادەشكێنین". گوتیشی "لەمەودا پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ پێشمەرگە بەخۆڕاییە".
بە ئاماژەدان بە هەوڵەكانی لە بواری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، فاروقی مەلا مستەفا رایگەیاند "ئاسیاسێڵ قازانجی گەورەی كردووە، بەڵام توانیومانە خزمەتی گەورەی كوردستان و خەڵكەكەی پێبكەین".
فاروقی مەلا مستەفا ئاماژەی بەوەشكر دوو كارگەی زەبەلاحی چیمەنتۆیان دروستكردووە، كە دەتوانن رۆژانە شەش ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەرهەم بهێنن. جگە لەو دوو كارگەیەش توانیویانە كارگەی نوێی ئەلەمنیۆم، ئاسن، دەرمان دروست بكەن. هاوكات نەخۆشخانەی پێشكەتوویان دروستكردووە.
ئەو سەرمایەدارەی كوردستان راشیگەیاند "هیچ پارەیەكم لە دەرەوەی كوردستان بۆ وەبەرهێنان وەگەڕنەخستووە و سەرجەم سەرمایەكەم لەنێو كوردستان لەكاردایە".
فاروقی مەلا مستەفا هەروەها گوتی، لە گرووپی كۆمپانیاكانیان زیاتر لە 50 هەزار كەس كارمەندن و سوودمەندبوون لە هەلی كار. گوتیشی "جگە لە كاری خێرخوازی و هاوكاری خوێندكاران بۆ خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان و خوێندنی باڵا، ملیۆنەها دۆلاریان بە زانكۆكان بەخشیوە".
كۆمپانیای ئاسیاسێل لە مانگی شوباتی 2001 لەلایەن فاروقی مەلا مستەفا دامەزرێنرا. بەگوێرەی زانیارە بڵاوكراوەكانی ماڵپەڕی ئاسیاسێل، كۆمپانیاكە نزیکەی 10 ملیۆن بەشداربووی هەیە و، خزمەتگوزارییەكانی كۆمپانیاكە گەیشتوونەتە 97%ی دانیشتووانی عێراق، کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیكەی 34 ملیۆن كەسە.
لەبارەی بازاڕی مۆبایل لە عێراق ئاسیاسێڵ دەڵێت "خاوەنی لە 43% ی بازاڕە لە بەشداربووانی مۆبایلدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ