رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لەو پارێزگایە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 9 کەسیش بریندار بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2025 حەمیدڕەزا عەبدولمەلیکی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی جۆری سەمەند و بارهەڵگرێک لە رێگەی نێوان دیواندەرە-سنە پێکیاندادا، دوای ئەوەی لە رووداوەکە ئاگادار کراینەوە، تیمەکانی پۆلیس لەگەڵ تیمەکانی فریاکەوتنمان بۆ شوێنی رووداوەکە نارد."
بەڕێوەبەری پۆلیسی سنە ئاماژەی بەوەش کرد، "لە رووداوەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە هەرسێکیان سەرنشینی ئۆتۆمبێلە سەمەندەکە بوون."
بە گوتەی عەبدولمەلیکی، لە رووداوێکی دیکەدا کە دەرەنگانی شەوی رابردوو لە رێگەی نێوان شارەکانی سەقز-دیواندەرە روویداوە، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پیجۆ 405 پێکیاندا داوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای سنە ئەوەشی خستەڕوو، "لەو رووداوەشدا هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستداوە و 9 کەسی دیکە بریندار بوون، کە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەی سەقز گوێزراونەتەوە."
رۆژی 30-12-2024 بەهزاد غەزەنفەری، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە هەشت مانگدا 365 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار زیادیکردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پار لە هەمان ماوەدا 326 کەس لە پارێزگای سنە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ