سێنتکۆم: سەربازێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
سێنتکۆم دەڵێت، لە هەفتەیەکدا چەندین هێرشیان کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی داعش لە عێراق و سووریا، "چەند جارێک داعش وەڵامی هێزەکانیان داوە، لە ئەنجامدا سەربازێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کوژرا و دووانی دیکە لە عێراق بریندار بوون".
 
رۆژی دووشەممە 06-01-2025، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کە سەر بە سوپای ئەمریکایە رایگەیاند: "لە 30-12-2024 تاوەکو 06-01-2025 هێزەکانی سێنتکۆم و هێزە هاوبەشەکان لە عێراق و سووریا چەند جارێک پێگەکانی داعشیان کردنە ئامانج".
 
سوپای ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکانی عێراق لە لایەن سێنتکۆم و هێزە عێراقییەکان لە زنجیرە چیای حەمرین، بۆ سەر چەند پێگەیەکی ناسراوی داعش کران.
 
سێنتکۆم لەبارەی زیانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە رایگەیاند: "لە عێراق چەند جارێک داعش وەڵامی هێزەکانیان دایەوە و لە ئەنجامدا، سەربازێکی هێزەکانی هاوپەیمانی کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون. سەربازەکان خەڵکی وڵاتی جیاواز بوون. هیچ زیانی گیانی و مادی بەر هێزە ئەمریکییەکان نەگەیشت".
 
هێزەکە ئەوەشی راگەیاند، لە هێرشەکان فڕۆکەکانی F15 و F16 بەکارهاتوون.
 
هەرچی لەبارەی سووریایە، سێنتکۆم رایگەیاند: "هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە لە لایەن سێنتکۆمەوە رێگەیان پێدرا، لە نێوان 2 و 3ـی کانوونی دووەم لە نزیک دێرەزوور ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی داعش ئەنجامدا و سەرکردەیەکیان گرت".
 
مایکل ئێریک کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لەم جۆرانە بۆ گوشارکردن لە داعش گرنگن، هەروەها بۆ ئەوەی رێگەیان لێبگیرێت سوود و قازانج لەو دۆخەی ناوچەکە وەرنەگرن کە بەخێرایی لە گۆڕانکاریدایە. ئامانجی بەزاندنی داعش هەوڵێکی جیهانییە و دەکەوێتە سەر هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان".