ئەرمەنییە کریستیانەکانی کەرکووک جەژنیان کرد؛ 'ژمارەمان کەمی کردووە'
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 30 ماڵباتی کریستیانی ئەرمەنی لە کەرکووک ماون، چوونەتە کەنیسە و یادی جەژنەکەیان کردووەتەوە و یەکێکیان دەڵێت، لەدوای ساڵی 2000ـەوە ژمارەیان لە شارەکە کەمبووەتەوە.
ئەوادیس و هاوژینەکەی، یەکێکن لەو خێزانە ئەرمەنییە کریستیانانەی لە کەرکووک ماون. ئەم پیاوە تووند دەستی هاوژینەکەی گرتووە و بۆ بەشداریکردن لە جەژنی ئەرمنییەکان دەچنە کەنیسە و دەڵێت: "لە هەموو کەرکووک 74 ئەرمەنی ماون."
ئەوادیس هەمبەرسوو، دەڵێت: "ئێمە چوار کەسین، من و هاوژینەکەم و کوڕ و کچەکەم، ئێمە پەیوەستین بەم شارە و ماینەوە، بەڵام لەدوای 2000 ژمارەکە زۆر کەم بووە، بەجۆرێک ئێستا 30 بۆ 35 خێزان ماون."
رێوڕەسمی جەژنی ئەرمەنییەکان لە کەرکووک دوو کاژێری خایاند و نزیکەی 30 کەس ئامادەبوون، کە زۆرینەیان بەتەمەن بوون و دەڵێن، رێژەیەکی کەم گەنجی ئەرمەنی لە عێراق ماون.
هاروت کیرکۆڕ، مامۆستایەکی خانەنشین و ئەرمەنییەکی کەرکووکە و باس لەوەدەکات، کە "ئەو دۆخە سەختەی کەرکووک تێدا ژیا، وایکرد کریستیانەکان روو لە کۆچکردن بکەن، هەندێکیان چوونە هەولێر و هەندێکیان بۆ دەرەوەی وڵات، بەم هۆیەوە بەردەوام ئەوانەی لە کەنیسەکان دەبینرێن کەسانی بەتەمەنن."
نەتالیا عەبدولمەسیح، خوێندکارێکی ئەرمەنی دانیشتووی کەرکووکە: "منیش ئومێد دەکەم لە عێراق دەربچم، بەڵام دۆخم گونجاو نییە و ناتوانم، بەڵام ئەوانەی رۆیشتوون کاریگەریان لەسەرمان هەیە چونکە لەگەڵمان بوون و پێکەوە دەژیاین، بەڵام رۆیشتن و خوا سەرکەوتوویان بکات لە ژیان."
ئەنجیل گۆرگیس، هاونیشتیمانییەکی دیکەی ئەرمەنییە: "بەشێکیان بۆ خوێندن و لەدەست خراپی دۆخی ژیان رۆیشتن، نەبوونی دامەزراندن و کار، ناچاری کردن کۆچ بکەن، چونکە خێزان و منداڵیان هەبوون، ئەمانە هۆکار بوون ئەگینا لە عێراق خۆشتر نییە."
ئەرمەنییەکان لە کەرکووک قەشەیان نییە، بۆ ئەم جەژنە لە بەغداوە قەشەیان بۆ هێنرابوو.
کیبۆرکا شجیاڕا، قەشەی کەنیسەی ئەرمەنییەکان لە بەغدا لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت: "من لەبەغداوە هاتووم دوێنی و ئەمرۆ و سبەیش لێرە دەبم بۆ پیرۆزکردنی جەژن، ئێمە پێشتر لە عێراق ژمارەمان زۆر زیاتر بوو، کە نزیکەی 20 هەزار خێزانی ئەرمەنی دەبووین، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە نەماوە."
بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1987 ،540 خێزانی ئەرمەنی لە کەرکووک نیشتەجێ بوون، کە نزیکەی 2300 کەس بوون، کەنیسە و گۆڕستانی تایبەت بە خۆیان هەیە.