سەرۆکی پارتێکی تورکیا دژی دیدارەکانی ئیمراڵی دەوەستێتەوە؛ 'لەباری دەبەین'
رووداو دیجیتاڵ
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر رایگەیاند، لە دژی دیدار و کۆبوونەوەکانی تایبەت بە پرسی کورد دەوەستنەوە و بە مەبەستی لەباربردنی ئەو هەوڵانەی ئێستا لە رۆژی 9-1-2025ــەوە دەست بە گردبوونەوە دەکەن.
رۆژی 1-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بە تەوقەکردنێک زەمینەسازیی بۆ قۆناخێکی نوێی پرسی کورد رەخساند، لەو کاتەوە پارتی زافەر کە هیچ کورسییەکی لە پەرلەماندا نییە، لە دژی پرۆسەکە وەستاوەتەوە.
ئومیت ئۆزداغ رۆژی یەکشەممە 5-1-2025 بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەو پرۆسەیە لەبار دەبەین. لە شارە جیاوازەکانی ئەنادۆڵدا میتینگی 'لێبووردن بۆ بکوژانی سەربازانمان نییە' سازدەکەین. نەوەک تەنیا لە پارێزگاکان، بەڵکو لە شارۆچکەکانیش میتینگ سازدەکەین".
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەرێنیی پارتەکانی دیکە بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی، ئومیت ئۆزداغ گوتی: "ئێمە لە هیچ کوێیەکی پرۆسەکەدا نین. ئێمە دژی پرۆسەکەین و ئەمەشمان بە روونی گوتووە. چونکە ئەم پرۆسەیە گەلی تورک رووسوور دەکات و شەرەفی دەوڵەتی تورک دەشکێنێت. جاری پێشووش 2011-2015 گوتیان هەموو کارێکی راست و دروست دەکەن و دەستیان پێکرد. بەڵام ئەنجامەکەی شەهیدبوونی 744 لە برایانی جەندرمە و هێزی تایبەتی بوو لە شەڕی خەندەق".
دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی پرۆسەی چارەسەری (2013)
رۆژی 30-9-2013 رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو لە گوتارێکدا 'پاکێجی دیموکراسی'ی راگەیاند کە لە 63 بڕگە پێکهاتبوو و كۆمەڵێك چاكسازی و گۆڕانكاری لەخۆگرتبوو كە بۆ كورد گرنگ بوون. سەرەکیترینیان پرسی خوێندن بوو بە زمانی دایک کە لەو بارەیەوە ئەردۆغان رایگەیاند: لە خوێندنگە تایبەتییەکان رێگە بە زمانی جیاواز دەدرێت بۆ خوێندن، ئەو یاسایە هەڵدەوەشێنرێتەوە کە رێگری لە خوێندن بە زمانی دایک دەکات. هەروەها هەر پارت و لایەنێک دەتوانێت بە زمانی خۆی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات.
ئەو هەنگاوەی ئەردۆغان لە مێژووی کۆماری تورکیادا یەکەمین هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرۆسەی چارەسەریی بەدواداهات. ئەوکات حکومەتی تورکیا و قەندیل بە نێوەندگیریی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ دەکرد. بەڵام دواجار نەگەیشتنە یەکدی و لە قۆناخی دۆڵمەباخچە پرۆسەی ئاشتی لەبارچوو. سەبارەت بە لەبارچوونی پرۆسەکە ئاکپارتی و دەم پارتی (هەدەپەی ئەوکات) یەکدی تۆمەتبار دەکەن.
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: بەردەممان واڵاکردن، بەڵام نزیک نەکەوتنەوە
لەکاتی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژە لە گۆڕەپانی مەولانا لە شاری کۆنیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 17-12-2018 گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "ئێمە گوتمان پرسی چارەسەری و بەردەمی ئەوانمان کردەوە، کەچی نزیکنەکەوتنەوە، بەڵام جارێکی دیکە چاوەڕێی پرۆسەی چارەسەری مەکەن، ئەو کارە تێپەڕی و چوو".
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دروستبوو و تاوەکو نیسانی 2016 بەردەوام بوو. بەرپرسانی باڵای ئاکپارتی لە سەرووی هەموویانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی پارتەکە و سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند کە شتێک بە ناوی کێشەی کورد نەماوە و هەموو کێشەکانیان چارەسەرکردوون، بەڵام هێشتا روونیان نەکردووەتەوە کەی و چۆن ئەو کارەیان کردووە.
دەرفەتێکی هەنووکەیی بۆ دانوستاندن لەبارەی پرسی کورد (2024)
شاندی دەم پارتی لەسەر دەستپێشخەری و پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دەستی بە هەنگاوەکانی زەمینەسازیی دانوستاندن لە پرسی کورد کردووە.
شاندی دەم پارتی دوای ئەوەی رۆژی 28-12-2024، لە ئیمراڵی دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سازکرد، بڕیاری دا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکاندا کۆببێتەوە. هەر بەگوێرەی پلانەکە، دوای دیدار لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، ئینجا لەگەڵ رێکخراوەکاندا کۆدەبێتەوە و بیروڕایان لەگەڵدا ئاڵوگۆڕ دەکات.
باخچەلی رۆژی 31-12-2024، سەبارەت بە دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان گوتی: "بەشێوەیەکی گشتی، بەشێک لەو دیدارە کە لە میدیادا بڵاوکراوەتەوە، جگە لەوەی هیوای دیموکراسی، برایەتیی تورک و کوردی بەهێزکردووە، بووەتە دەستپێکێکی خێردار. ئیدی پێویستە بابەتەکە لە گوتەوە بۆ کردار بگۆڕدرێت و قۆناخ بە قۆناخیش پێشهاتەکان رابگەیێندرێن".
شاندەکەی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، سڕی سورەییا ئۆندەر و ئەحمەد تورک پێکهاتوون، بڕیارە دوای دیداری لەگەڵ پارتە سیاسی و رێکخراوەکان، رۆژی 10ی کانونی دووەم دووبارە سەردانی ئیمراڵی بکاتەوە.