پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.
 
حوسێن سپێهری، سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پلاندانان و گەشەپێدانی پارێزگاکە کە رۆژی یەکشەممە بە ئامادەبوونی رەزا رەحمانی پارێزگاری ورمێ بەڕێوەچوو، باسی کێشە ئابوورییەکانی ئەو پارێزگایەیکرد و رایگەیاند، یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەردەم گەشەپێدانی پارێزگاکە پرۆژە تەواونەکراوەکانن و گوتی، "860 پرۆژە لە سنووری پارێزگای ورمێ هەن و بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە 7 تریلیۆن تمەن (نزیکەی 87.5 ملیۆن دۆلار) پێویستە."
 
سپێهری هەروەها گوتی: "حکومەت دوو تریلیۆن تمەن (نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار) قەرزاری بەڵێندەرانە و پێویستە بەدواداچوون بۆ خەرجکردنی کارە پێشینەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگاکە بێت."
 
بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێ، 11 پرۆژەی نیشتمانیی گرنگ لە سنووری ئەو پارێزگایە هەن، کە بۆ جێبەجێکردنیان لانیکەم پێویستیان بە 15 تریلیۆن تمەن (نزیکەی 175 ملیۆن دۆلار) هەیە.
 
حوسێن سپێهری ئاماژەی بە داهاتی پارێزگاکە کردو  رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا حکومەت لە کانەکانی پارێزگای ورمێ زیاتر لە یەک تریلیۆن و 700 ملیار تمەن (نزیکەی 21.5 ملیۆن دۆلار) داهاتی هەبووە، کە 660 ملیار تمەنی (زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزار دۆلار) لە شەش مانگی رابردوودا بووە، بەڵام لەو بڕە پارەیە تەنیا 6 ملیار تمەنی کە دەکاتە نزیکەی 7.5 ملیۆن دۆلار، بۆ ئەو پارێزگایە تەرخان کراوە.