رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت." بەرپرسێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، "ئێمە نووسراومان بۆ زانکۆکان کردووە، کە رێکارەکان تەواو بکەن هەر کاتێک تەواویان کرد، مامۆستایانی گرێبەست دەتوانن مووچەکانیان وەرگرن."
شەوی 2ـی کانوونی دووەم، وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچەی مانگی 11ـی بڵاویکردەوە کە لەماوەی چوار رۆژدا لە 5 بۆ 8ـی کانوونی دووەم، مووچەی مانگی 11ـی 2024ـی مووچەخۆران دابەش دەکرێت. بە پێی لیستەکە بڕیارە وەزارەتی پەروەردە سبەی سێشەممە مووچە وەربگرن.
رۆژی دووشەممە، 06ی کانوونی دووەمی2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "رۆژی پێنجشەممە 9-1-2025، مووچەی مانگی تشرینی دووەمی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت"
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت."
هاوکات د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە نووسراومان بۆ هەموو زانکۆکان ناردووە، کە لیستەکان ئامادەبکەن و هەموو رێکارەکان تەواوبکەن تاوەکو مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا بتوانن چەک وەربگرن."
بە گوتەی د. توانا نەجەف، "هەر کاتێک زانکۆکان مامەڵەکانیان تەواوکرد ئەوکاتە مامۆستایان دەتوانن بڕۆن و مووچەکانیان وەربگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ