رێگە بە جێگری پارێزگاری کەرکووک نادرێت بەشداری لە پرسەیەکدا بکات
رووداو دیجیتاڵ
رێگری لە جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک کرا، کە بەشداری پرسەیەک بکات و دەمەقاڵێ دروست دەبێت.
دووشەممە 06-01-2025 لە شاری کەرکووک، رێگری لە یاوز حەمید، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک کرا، بەشداری لە پرسەی کەسێک بە ناوی قاسم قەزانچی بکات.
پرسەی کەسەکە لە مزگەوتی کەرکووک بووە لە نزیک باڵەخانەی پێشووی پارێزگای کەرکووک.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، دەنگی تەقە دەبیسترێت، پاڵپاڵێن و بەریەککەوتن بەدەست دروستبووە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، "هەردوولا سکاڵایان تۆمارکردووە. لەسەر رووداوەکە پۆلیس دۆسیەی کردووەتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رووداوەکە بۆ ناکۆکی نێو تورکمانەکان دەگەڕێتەوە، کە یاوز حەمید لەسەر پشکی تورکمان پۆستی جێگری پارێزگاری وەرگرتووە، بەرەی تورکمانی عێراقی بە "خیانەتکار" تۆمەتباری دەکەن.
لە دیمەنێکی ڤیدیۆیی دا، محەممەد سەمعان، ئەندامی بەرەی تورکمانی لەو کاتەدا دەردەکەوێت و دەڵێت: "تۆ کەرکووکت فرۆشت، هەڵوێستی ئێمەت لە دادگە لاوازکرد".
رۆژی 14-10-2024، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی سەروەری و بەرەی تورکمانی عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پێنج ئەندامەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سێ ئەندامی عەرەب و کۆتای کریستیان بەشدار بوون و تێیدا یاوز حەمید، کە تورکمانێکی سوننەی کەرکووکە، بە جێگری پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرا.
دواتر بەرەی تورکمانی عێراقی لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە کەسیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردبێت و یاوز حەمیدیان لەنێو ریزەکانی دەرکرد.
رۆژی 10ـی ئابی 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 ئەندام پێکهاتووە. دوو ئەندامەکەی پارتی و سێی عەرەب و دوو ئەندامەکەی تورکمان، تاوەکو ئێستا بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردووە، چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی سکاڵای دادگەی کارگێڕیی دەکەن کە لەسەر دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگار لە دادگاکە تۆماریان کردووە.