پۆلیسی هەولێر: کەسێکمان دەستگیرکرد بە ناوی وەرگرتنی ڤیزاوە فێڵی لە خەڵک کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارێکی بە رەچەڵەک عەرەبیان دەستگیرکردووە، کە بە ناوی وەرگرتنی ڤیزاوە فێڵی لە خەڵک کردووە. گوتەبێژەی بەڕێوبەرایەتییەکەش دەڵێت، "پێشەکی 4000 هەزار 5000 دۆلاری لە هەر کەسێک وەرگرتووە، کە بەڵێنی وەرگرتنی ڤیزای پێداوە، دواتر خۆی ونکردووە."
 
رۆژی دووشەممە، 06ی کانوونی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "تۆمەتبارەکە بە شێوەی گرووپ کاری کردووە بۆ خەڵەتاندن و فێڵکردن لە خەڵک لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە، بە بیانووی ئەوەی گوایە ڤیزایان بۆ وەردەگرێت و دەیانباتە ئەمەریکا."
 
لە راگەیێندراوەکدا هاتووە: "تۆمەتبار وا خۆی نیشانداوە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆنسووڵخانە ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی عێراق هەیە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "دوای تۆمارکردنی سکاڵا، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر زانیارییان بەدەستهێنا و دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕ کرد، توانرا تۆمەتبار دەستگیربکرێت و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادان، رادەستی دادگا کرا."
 
کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تۆمەتبارەکە خۆی بە بەڵێندەر ناساندووە وێنەی خۆی لە وڵاتانی دەرەوە بە هاووڵاتیان نیشانداوە، داوای نزیکەی 7000 بۆ 8000 دۆلاری لێکردوون بۆ ئەوەی ڤیزایان بۆ وەربگرێت، بەشێک لە پارەکەی وەک پێشەکی وەرگرتووە و دواتر خۆی ونکردووە."
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "ئەو کەسە لە کاتی وەرگرتنی پارە لە کەسێک دەستگیرکرا و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە."
 
ئەو تۆمەتبارە بە رەچەڵەک عەرەبە و ناوی (س. م. ف)، لەدایکبووی ساڵی 1995 و خێزاندارە و دانیشتووی بەغدایە.
 
کارزان ساڵح گوتی: "ئەوانەی فێڵیان لێ کراوە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بکەن و بە خستنەڕووی بەڵگەکانیان سکاڵا تۆمار بکەن".