رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی ئەو پشکنینانەی بۆ بەربوومە کشتوکاڵییەکان لە عەلوەی کەلار کراوە، هەندێکیان خواردنیان گونجاو نییە و زیانی بۆ تەندروستی هەیە. ئەندازیارێکی خۆراک دەڵێت، خواردنی ئەو خۆراکانە دەبێتە هۆی شێرپەنجە و لەبارچوونی منداڵ. وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، بەدواداچوون دەکەن.
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کۆمپانیای پشکنینی نێو عەلوەی کەلار پێیداوین، ژمارەیەک بەرهەم هەن کە رێژەی نیتراتیان بەرزە و دەبێت لەنێو ببرێن".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کولەکە، پەتاتە و خەیار لەنێو عەلوەی کەلار دا پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە، رێژەی نیتراتیان بەرزە و بەکارهێنانیان مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاتر دەکات.
گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت: "دەبێت لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت ئەو بەرهەمانە لەنێوببەن. ساڵی رابردووش بەهەمان شێوە دوو تۆن بەروبووممان لەنێوبرد کە مادەی نیتراتیان زۆر بوو".
پشتیوان حەسەن، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ساڵی نوێ و هەبوونی چەند کێشەیەکی کارگێڕییەوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ دەرچوونێکمان نەبووە بۆ عەلوەی کەلار".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاسایی قایمقامی کەلارەوە، تاوەکو ئەمڕۆ فەرمان بۆ دەستبەکاربوونی لیژنە هاوبەشەکانی شارەکە دەرنەکراوە. سەرۆکی لیژنەکان دەڵێت، "لە نەبوونی لیژنەکانی ئێمەدا فەرمانگەکانی دیکە دەتوانن بچنە عەلوەی کەلار و لێکۆڵینەوە بکەن".
بەرهەمەکان لە ئێرانەوە هاوردە کراون. چالاکڤانانی گەرمیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناڕەزایی دەردەبڕن و داوا دەکەن، هەرچی زووە لایەنی پەیوەندیدار بەرهەمەکان لەنێو ببات.
ستار عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان گوتی: "لە ئێرانەوە هەر بارێک دێت دەبێ کۆمپانیایەک پشکنینی کیمیایی بۆ بکات، بەڵام کۆمپانیاکە نایکات و پشکنینی فیزیایی دەکات، کاتێک دەگاتە عەلوەی کەلار پشکنینی کیمیایی بۆ دەکرێت و دەردەکەوێت نەشیاوە، ئەوکاتە جگە لە مەترسییە تەندروستییەکان، بازرگانەکان و خاوەن بارهەڵگرەکان زیانی مادی دەکەن و ئەوەش ناڕەزایی ئەوانیشی لێکەوتووەتەوە".
زیانەکانی نیتراتی نێو خۆراک
لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک بە رووداوی راگەیاند، "رۆژانە مرۆڤ پێویستی بە مادەی نیترات هەیە بەجۆرێک بۆ هەر کیلۆگرامێکی کێشی جەستە، 3.7 میلیگرام نیترات ئاساییە کە لە نێو بەشێکی زۆر لە سەوزە و میوەکاندا هەیە، بەڵام ئەگەر رێژەکەی زۆر بێت و بە دەستکرد وەکو قڕکەر و پارێزەر بەکارهاتبن و ببێتە 2000 بۆ 9000 میلیگرام ئەوا زیانی دەبێت".
لەشکر حەمید گوتی، نیترات وەکو پەینی کیمیایی بۆ گەشە و زیادبوونی بەروبوومەکان بەکاردەهێندرێت، ئەگەر رێژەی زۆربوو ئەوا هۆکارە بۆ نەخۆشییە درێژخایێنەکان وەکو شێرپەنجە و تەنانەت لە خانمانی دووگیانیش ئەگەری لەبارچوونی کۆرپەلەکەیان زیاد دەکات.
ئەم مادەیە لە جەستەدا کارلێکدەکات و دەگۆڕێت بۆ نایترۆسامین Nitrosamine کە ئەم مادەیە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە زیاد دەکات.
کشتوکاڵی گەرمیان: کۆمپانیای نێو عەلوەی کەلار بەناوی ئێمەوە نووسراوی کردووە
گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، کۆمپانیایەک کە کاری پشکنینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵەوە پشتگیریی بۆ بەرهەمەکان کردووە و دروشمی ئەوانی بەکارهێناوە. ستار عەلی دەڵێت، "پشتگیریان بۆ بەرهەمی هاوردە کردووە و ناویان ناوە بەرهەمی خۆماڵی".
کۆمپانیاکە پشتگیری بۆ کۆمەڵێک بازرگان کردووە، کە شوتی و کاڵەکیان هاوردە کردووە و لەسەریان نووسیوە بەرهەمی خۆماڵی، لەبەرامبەردا بۆ هەر باهەڵگرێک 25 هەزار دیناریان وەرگرتووە.
گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت: "پێشنیازمان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە، ئەو کۆمپانیایە هەرچی پارەی وەرگرتووە بیداتەوە وەزارەت و بخرێتە خەزێنەی حکومەتەوە".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان خاوەنی کۆمپانیاکەی بانگهێشت کردووە و داوای لێکردووە چیدی بەناوی ئەوانەوە نووسراو نەکەن و خاوەنی کۆمپانیاکەش بەڵێنی داوە دووبارەی نەکەنەوە.
کشتوکاڵی گەرمیان بە نووسراوی ژمارەی 3764 لە 06-11-2024 وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە هەرێمی کوردستان لە کۆی کێشەکانی عەلوەی کەلار ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتەکە هیچ وەڵامێکی نووسراوەکەی نەداوەتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ: بەدواداچوون دەکەین
وەزارەتی کشتوکاڵ نووسراوەکەی لە کشتوکاڵی گەرمیانەوە پێگەیشتووە. هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتەکە دووشەممە 06-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەکان لەنێوان عەلوەی کەلار، کشتوکاڵی گەرمیان و وەزارەتەکەمان کارگێڕین و گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە".
هیوا عەلی گوتی، بە گوێرەی نووسراوەکەی کشتوکاڵی گەرمیان، رێکارەکانیان دەستپێکردووە و هەرچی پێویست بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەیگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ