رووداو - زاخۆ
لەگەڵ دەستپێکردنی رۆژێکی نوێ و زەنگی کەنیسە، ئەرمەنە ئۆرتۆدۆکسەکان لە زاخۆ و دهۆک رێوڕەسمی "جەژنی بوون"یان بەڕێوەبرد. بە نزا و نوێژ داوای لێخۆشبوون لە گوناهەکانیان و ساڵێکی پڕ خێر و بەرەکەتیان کرد.
لەبارەی گرنگیی جەژنەکەوە ئاراس ئیشخان، کریستیانی ئۆرتۆدۆکس دەڵێت، "گرنگیی ئەم جەژنە لەوەیە چۆن کاتێک مەسیح هاتە دنیا و خوای گەورە دای، ئێمەش بەم شێوەیە روحی خۆمان ئامادە دەکەین بۆئەوەی هەر هەڵەیەکمان هەبێت، لەگەڵ لەدایکبوونی مەسیح، ئێمەش لەدایک ببین."
ئاڤاک ئەرمەنێکی ئۆرتۆدۆکسییە و لەڕێی مۆبایلەوە جەژنە پیرۆزە لە خوشکەکەی دەکات کە 20 ساڵە لە ئەڵمانیایە، ئەو بە بنەچە خەڵکی باکووری کوردستانە، بەڵام بەڵام چوار نەوەی ئەوان لە کۆمەڵکوژییەکی ساڵی 1915ەوە لە زاخۆ ماون.
ئاڤاک موسێس ئازاد، هاووڵاتیی ئەرمەنی دەڵێت، خوشکەکەی لە ئەڵمانیایە و جەژنە پیرۆزە لە یەکدی دەکەن، بەرەبەیان دەچنە کەنیسە و دواتریش دەچنە ماڵی کەسوکاریان و جەژنە پیرۆزە لەیەکدی دەکەن، خواردنی "پاچە" دەکەن کە خواردنێکی تایبەتە و چیرۆکێکیان لەگەڵیدا هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە باپیری لە ساڵی 1915 هاتووەتە زاخۆ و نازانن بە ئەرمەنی قسە بکەن، هەندێکیان کەمێک دەزانن بەڵام 90%ی ئەرمەنەکان لە سنووری دهۆک نازانن بە ئەرمەنی بدوێن.
لە پارێزگای دهۆک سێ کەنیسەی ئەرمەن هەن، کۆنترینیان لە زاخۆیە، کەمتر لە ساڵێکە کاری نۆژەنکردنەوەی تەواو بووە و و دوای نۆژەنکردنەوەی یەکەم نوێژی جەژنی تێدا کرا.
داوود هۆهان، نوێنەری ئەرمەنەکان لە زاخۆ دەڵێت، ئەمە یەکەمین جەژنە نوێژی جەژن لەو کەنیسەی زاخۆ دەکرێت، "هەمیشە لە کوردستان جەژنی خۆمان لە کەشوهەوایەکی ئارامدا دەگێڕین. دوای ئەوەی زاخۆ بووە ئیدارەی سەربەخۆ، ئەرمەنەکان خاوەنی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرن، هەموو دامودەزگایەکی حکومەت ئەرمەنەکان تێیدا دەوام دەکەن. ئێمە لە زاخۆ قوتابخانەی ئەرمەنیمان هەیە بۆ فێربوونی زمانی ئەرمەنی."
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 254 خێزانی ئەرمەنی هەن، ژمارەیان دەگاتە 1350 کەس، ماوەی 110 ساڵە ژیانی خۆیان بەسەردەبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ