چەند بەرهەمێکی خۆراکی لە ئێرانەوە هێندراونەتە کەلار و داوای لەنێوبردنیان دەکرێت

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
هونەر حەمید
چەند بەرهەمێکی خۆراکی لە عەلوەی کەلار. وێنە: رووداو
چەند بەرهەمێکی خۆراکی لە عەلوەی کەلار. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - گەرمیان

کولەکە، پەتاتە و خەیاری هاوردەکراوی ئێران لە پەروێزخانەوە دەربازی هەرێمی کوردستان دەکرێن و بەرهەمەکان مادەی کیمیایی جۆری نیترات تێیاندا بەرزە، تاقیگەی کشتوکاڵی رێگە بە فرۆشتنیان نادەن.

ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، "لە سنوورەکانەوە داخڵ کراوە و کێشەی نەبووە، لە عەلوە پشکنینی بۆ کراوە و دەرچووە رێژەی زۆری نیتراتی تێدایە، ئەم چەند رۆژە لەبەر ئەوەی سەری ساڵە لیژنەکانی قایمقامیەت دەگۆڕێن، لیژنەکان لەوێ نەبوون، بۆیە ئەو چەند بارە دەرچووە نیتراتی تێدایە."
 
هەر بەرهەمێک بێتە عەلوەی کەلار، دەبێت پشکنینی کیمیایی لە تاقیگەی کشتوکاڵی بۆ بکرێت، بەرهەمەکان نێوخۆ بن یان هاوردەکراو.
 
محەممەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تاقیگەی کوالێتی کۆنترۆڵی گەرمیان ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە لە تاقیگەی کوالێتی کۆنتڕۆڵ بەردەوام ئەو بەرهەمانەی داخڵی عەلوە دەکرێن، پشکنینیان بۆ دەکەین."
 
دوای پشکنین و دڵنیابوونەوە لەو خۆراکانەی بۆ عەلوەی کەلار دێن، ئینجا رێگە دەدرێت بازرگانەکان بیانفرۆشن.
 
هونەر ئەحمەد، بازرگان باسی لەوە کرد، "لە دەروازە سنوورییەکە و لە عەلوەکەش پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئینجا دەدرێتە خەڵک بیخوات، ئەگەر نەشیاو بێت دەنووسرێت نەشیاوە."
 
سەباح عوسمان، بازرگان دەڵێت، "تەبعەن هی خۆمان باشترە و یەکسەر دەیهێننە بازاڕ، ئەوە نییە لەناو ئۆتۆمبێل بیت هەفتەیەک و لە وڵاتەکانەوە بێت، جیاوازیی هەیە."
 
زۆریی نیترات لەنێو خۆراک، شێرپەنجە و لەبارچوونی کۆرپەلە دروست دەکات. لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک دەڵێت، "بەداخەوە لە دەروازە سنوورییەکان پشکنینی پێویست بۆ سەوزە و میوەکان ناکرێت، جا ئەگەر بێتو بە قاچاخ بێت. رێژەی مادە کیمیاییەکان، بەتایبەتی نیتراتی تێدا بێت، کێشە بۆ مرۆڤ دروست دەکات."
 
بەپێی ئاماری تاقیگەی کشتوکاڵی لە عەلوەی کەلار، ساڵی پار 250 تۆن سەوزە و میوەی بەرهەمی ناوخۆ و دەرەوە هەرێمی کوردستان لە تاقیگە دەرنەچوون و رەتکراونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە