تەقینەوەی بۆمب ئەفسەرێک و سێ پێشمەرگەی زێرەڤانی بریندار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ لە کاتی مەشقدا، "بۆمبێکی بچووک" لە فەرماندەیی زێرەڤانی لە هەولێر دەتەقێتەوە و بەهۆیەوە ئەفسەرێک و سێ پێشمەرگە بریندار دەبن.
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە هەولێر لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارەکەوە زانیاری دەستکەوتووە و دەڵێت، "رووداوەکە لە کاژێر 1:30 بۆ 2:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، لە فەرماندەیی زێرەڤانی لە هەولێر و لە کاتی مەشق و راهێنان بووە؛ بەپێی قسەی پزیشکەکان، برینەکانیان سووکن و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە".
بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رەنجە جەمال کردووە، رووداوەکە بەم شێوەیە بووە، "یەکەی ئەندازەی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی زێرەڤانی خەریکی مەشق بوون، لەو کاتەدا بۆمبێکی بچووک کە راهێنانیان لەسەر کردووە، بەردەبێتەوە سەر زەوی و دەتەقێتەوە".
بەپێی زانیارییەکان، برینی سیانیان تەنیا چەند ساچمەیەکن کە بەر جەستەیان کەوتوون، برینی ئەوی دیکەیان پێویستی بە چارەسەری زیاترە و نەشتەرگەرییەکی بچووکی بۆ کراوە.
پزیشکەکان بە رەنجە جەمالیان گوتووە، "رەنگە سبەی بتوانن بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان و تەندروستیان باشە".
لە رووداوێکی دیکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هەر ئەمڕۆ دووشەممە، پێشمەرگەیەک لە کاتی ئەرکی خۆی لە یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی ناحیەی کانی ماسێ لە سنووری قەزای ئامێدیی دهۆک، "مینێکی کۆنی چێندراو"ی پێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداوی گوت، رووداوەکە کاژێر 15:00 بووە. پێشمەرگەکە خەڵکی دەڤەری ئاکرێیە. تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکیی دهۆک کراوە.