رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە تەممووزی 2014وە بەشێکی خانەنشینانی پێش ساڵی 2014 مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرگرت. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی دوێنێ مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرگرت، قەرەبووی چوار مانگی رابردووشیان وەرگرتووە، کە زیاتر بووە لە دوو ملیۆن دینار.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 06-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ خانەنشینانی پێش ساڵی 2014 لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەڵەبجە، کۆیە و پشدەر بۆ یەکەم جار مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرگرت."
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان گوتی، ئەوانەی دوێنێ مووچەیان بۆ یەکەمجار بە هاوتاکراوی وەرگرت، قەرەبووی چوار مانگی رابردووشیان وەرگرتووە کە بۆیان هاوتا نەکرابوو.
سادق شێخ عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرەتا هەڵەبجە، کۆیە و پشدەر مووچەی هاوتاکراویان وەرگرتووە، چونکە خانەنشینییان کەمە و دواتر تەواوی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کە ساڵانی پێش 2014 خانەنشین بوون، مووچەکەیان هاوتا دەکرێت."
تەممووزی ساڵی رابردوو مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق کرا، بەڵام تەنیا ئەو خانەنشینانەی گرتەوە کە دوای ساڵی 2014 خانەنشین بوون. سادق شێخ عوسمان دەڵێت، "دوای ئەوەی سەردانی بەغدا و لایەنی پەیوەندیدارمان کرد، ئاشکرا بوو خانەنشینانی پێش 2014ش دەبێت مووچەیان هاوتا بکرێت و جێبەجێ بکرێت."
ئەوانەی دوێنێ بۆ یەکەمجار مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرگرت، بە گوتەی گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، "ئەوانە بوون کە مووچەیان زیاتر بوو لە 500 هەزار دینار."
بەگوێرەی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینار بوو، دوای هاوتاکردن لانیکەم بووە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار، بەشێکیشیان بووە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.
سادق شێخ عوسمان دەڵێت، "ئەوانەی تاوەکو دوێنێ مووچەکەیان 918 هەزار دینار بوو، دوێنێ بە هاوتاکراوی نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار دیناریان وەرگرتووە، هەروەها بۆ چوار مانگی رابردووش بۆ هەر مانگێک 500 هەزار دینار قەرەبوویان وەرگرتووە، چونکە پێشتر کە هاوتاش نەکرابوو مووچەکەیان 100 هەزار دینار زیادیکردبوو."
ئەو خانەنشینانەی هەرێمی کوردستان پێش هاوتاکردنی مووچەکانیان لە تەممووزی 2024 مووچەکەیان 220 هەزار دینار بوو، زیادیکرد بۆ 500 هەزار دینار و 100 هەزار دیناری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتووە لە عێراق.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، تاوەکو ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازی مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرنەگرتووە.
21-07-2024 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ