رووداو - عەربەت
خاوەنکارەکانی ناوچەی پیشەسازیی عەربەت کێشەیان هەیە و داوای چارەسەرکردنیان دەکەن. خاوەن کارگەیەکی بۆیاخ دەڵێت، کێشەکان هێندە زۆرن، بە پەنجەی دەستیش فریاناکەویت بیانژمێریت.
خراپیی رێگەوبان و نەبوونی شەقامی گونجا و دیار، هۆکارە بۆ درەنگ گەیشتنی بەرهەمەکانیان بە بازار، چونکە رێگەی دیاریکراوی سەر نەخشە دروست نەکراوە و لە کۆڵانەکانی عەربەتیش رێگە بە هاتووچۆی بارهەڵگرەکان نادرێت.
سۆران کەمال، خاوەن کارگە دەڵێت، "رێگەکەمان بۆ چارەسەر نەکەن، کێشەکەمان چارەسەر نابێت، چونکە بە پینە و پەڕۆ چارەسەر نابێت، بۆیە دەبێت حکومەت هاوکار بێت، گەرنا ئیشەکانمان دەوەستێت، چونکە گوشارمان زۆر لەسەرە."
نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ناوچەی پیشەسازیی عەربەت گرفتی بۆ 42 کارگەی ناوچەکە دروستکردووە، جگە لە خراپیی رێگە، نەبوونی بنکەی تەندروستی، ئاگرکوژێنە، کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ، هەموو ئەو کارگانەی کە بەرهەمی ناوخۆی کوالێتی بەرز و گونجاو بەرهەم دەهێنن و هەناردەی بازاڕەکانی عێراق و جیهانی دەکەن، دووچاری گرفت کردووەتەوە.
عەبدولڕەحمان سابیر، خاوەن کارگە باس لەوە دەکات، "ئەوەی کردوومانە، هەمووی بە پارەی خۆمان بووە، حکومەت هاوکار نەبووە، داوامان کردووە تەنیا شۆفڵ بنێرن، ئەوی دیکە خۆمان دەیکەین، بەڵام نەیانناردووە."
ناوچەی پیشەسازیی عەربەت، لە دروستکردن و بنیاتنانی پرۆژەی نوێی وەبەرهێنانی سلێمانییە، تاوەکو ئێستا 42 کارگە لەوێ دەستیان بە کار کردووە و پرۆژەکە هێدی هێدی لە فراوانبووندایە.
بڕیارە لە داهاتوودا سەدان کۆمپانیا بەرهەمی کوردیی کوالێتی بەرز، کە کەرەستەی هەمەجۆرە، لە باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی بخەنە بازاڕەکانی کوردستان و جیهانەوە، بەڵام بە گوتەی خاوەن کۆمپانیاکان، گەر گرفتەکانیان چارەسەر نەکرێت ئەوە دووچاری داخستن دەبن، چونکە لایەنی پەیوەندیدار وەڵامێکی دڵخۆشکەری پێنەداونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ