رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، پێشمەرگەیەک لە کاتی ئەرکی خۆی لە یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی ناحیەی کانی ماسێ، "مینێکی کۆنی چێندراو"ی پێیدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، "بەداخەوە ئەمڕۆ، 6ی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد ئەحمەد مستەفا، پێشمەرگەی فەوجی 1ی لیوای 4ی پیادە لە کاتی ئەرکی سەربازیی خۆی لە یەکێک لە خاڵە سەربازییەکان لە ناحیەی کانی ماسێ بەهۆی مینێکی کۆنی چێندراو شەهید بوو".
وەزارەتەکە دەشڵێت، "بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و کەسوکار و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی دەکەین. لە یەزدانی مەزن داواکارین سەبر و ئارامی بە ئێمە و ماڵبات و کەسوکاری ببەخشێت".
وەزارەتی پێشمەرگە زانیاریی زیاتری لەبارەی سروشتی رووداوەکە و بۆمبەکە بڵاونەکردووەتەوە.
ناحیەی کانی ماسێ دەکەوێتە قەزای ئامێدی لە پارێزگەی دهۆک.
لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداوی گوت، رووداوەکە کاژێر 15:00 بووە. پێشمەرگەکە خەڵکی دەڤەری ئاکرێیە. تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکیی دهۆک کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ