رێگەوبانی هەولێر: پار 96 پڕۆژەمان جێبەجێ کردوون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری چاککردنەوەی پاراستنی رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، پار 96 پرۆژە لە سێکتەری رێگەوبان بە گوژمەی زیاتر لە 35 ملیار و 500 ملیۆن دینار جێبەجێکراون. دەشڵێت، نزیکەی 95٪ی رێگەوبانەکانی پارێزگای هەولێر پێویستیان بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەیە.
 
عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، رۆژی دووشەممە، لە پۆدکاستی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان چاککردنەوە، پاراستن، پرد و تۆنێلەکان، راماڵینی بەفر و رێگرییە لە لافاو. بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەشیان پشت بە سێ جۆر بودجە دەبەستن، ئەوانیش؛ بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و داهاتی وێستگەکانی کێش.
 
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر ئاماژەی بەوەدا لەو 96 پڕۆژەیەی ساڵی رابردوو جێبەجێ کراون، لەوانە 29 پرۆژە بە گوژمەی 9 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا، 30 پرۆژە بە گوژمەی 19 ملیار و 800 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، هەروەها 37 پڕۆژەش بە گوژمەی ملیارێک و 211 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی وێستگەکانی کێش.
 
لەبارەی جۆری پڕۆژەکان کە جێبەجێیان کردوون، عیماد محەممەد دەڵێت، ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی ساڵی رابردوو جێبەجێکراون بەگوێرەی ریزبەندی و گرنگی جێبەجێکراون، هەروەها گرنگی بە رێگەی گوندەکان دراوە.
 
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر ئاماژەی بە دۆخی رێگەوبانەکانی هەولێر کرد و گوتی: "لە کۆی نزیکەی شەش هەزار کیلۆمەتر رێگە لە سنووری پارێزگاکەدا نزیکەی 5500 کیلۆمەتری پێویستی بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەیە، کە دەکاتە 95٪ی رێگەکان". گوتیشی: "لە باشترین دۆخدا ساڵانە 80 ملیار دینارمان پێویستە بۆ ئەوەی رێگەکانمان گرفتیان نەبێت، بەڵام نزیکەی 10 ساڵ زیاترە رێگەوبانی نوێ دروستنەکراوە."
 
یەكێک لەو رێگایانەی کە بەشی زۆری تێکچووە، رێگەکانی بالیسان - شکارتە و هیران - مامەجەلکەن. عیماد محەممەد گوتی: "ئەو دوو رێگەیە ستانداردێکی باش و گونجاو دروست دەکرێن، ئێستا نۆژەنکردنەوەی رێگەی هیران - مامەجەلکە بە درێژایی 25 کیلۆمەتر، 75٪ی تەواوکراوە، نزیکەی 70٪ رێگەکە قیرکراوە و بەهۆی نەبوونی نەختینە و کەشوهەواوە راگیراوە. رێگەی بالیسان - شکارتە، چینێک قیرکراوە و خەڵک بەکاری دەهێنێت، بەڵام چینێکی دیکە قیرماوە و بەهۆی نەبوونی نەختینەوە تەواو نەکراوە، چاوەڕێین بەهار قیربکرێت".
 
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، چاککردنەوەی رێگەی نێوان شارەکان و دەرەوەی شارەکانە، عیماد محەممەد گوتی: "لە رێگەکانی دەرەوەی شار و هەروەها رێگەی هەولێر - کەسنەزان - گۆمەسپان، بەشێوەی بەردەوام کارمان لێکردووە و هەوڵمانداوە چاڵ و چۆڵییەکانی چاک بکەینەوە.
 
بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، کارگەیەکی بەکارهێنانەوە (ریسایکلین)ـی قیر لە هەولێر دامەزراوە؛ قیری هەڵکەندراوی شەقامەکان دەکاتەوە بە کەرەستەی سەرەتایی قیر و جارێکی دیکە بەکاردەهێنرێتەوە. بەڕێوەبەری چاککردنەوەی رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، "ئەو کارگەیە زۆر پێشکەوتووە، زۆرینەی ئەو قیرەی بەکارمانهێناوە لەو کارگەیە بەرهەمهێنراوە".