رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، ئاوی کۆگاکراو لە هەرێمی کوردستان لە هەر سێ بەنداوە گەورەکە زیادیکردووە. بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک دەڵێت، "راستە بارانی کەمتر لە پار باریوە، بەڵام بە شێوەیەکی رێکخراو ئاومان کۆگا کردووە و نەمانهێشتووە بەفیڕۆ بچێت."
هەرچەندە بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو، لە بەشێکی هەرێمی کوردستان بارانی کەمتر باریوە، بەڵام ئاوی کۆگاکراو نزیکەی یەک ملیار مەتر سێجا زیادیکردووە.
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەگوێرەی ئاماری بەنداوەکان بۆ رووداو، ئێستا زیاتر لە 30%ی بەنداوەکە ئاوی تێدایە و بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، زیاتر لە 500 هەزار مەتر سێجا زیادیکردووە.
هەروەها بەنداوی دەربەندیخان کە توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا نزیکەی 50%ی ئاوی تێدایە و بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو، نزیکەی 200 هەزار مەتر سێجا زیادیکردووە.
سێیەم بەنداوی هەرێمی کوردستان بەنداوی دهۆکە و توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "40 ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکەدا هەیە و دوو هێندەی هەمان کاتی ساڵی رابردووە."
لەبارەی هۆکاری زیادبوونی ئاوی کۆگاکراو لە کاتێکدا بارانی کەمتر باریوە، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک گوتی، "باران زۆر کەمتر لە پار باریوە، بەڵام پار ئاوی باشمان کۆگا کرد، هەروەها بە شێوەیەکی رێکخراو کاروباری پەیوەندیدار بە ئاومان بەڕێوەبرد و نەمانهێشت بەفیڕۆ بچێت، چی بۆ خواردنەوە بێت یان چاندن، بۆیە ئێستا ئاوی زۆر باشترمان کۆگا کردووە لە ساڵانی پێشتر."
جگە لەو بەنداوانە، ژمارەیەکی دیکە بەنداو و گۆم لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و زۆرینەیان بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو ئاوی زیاتریان تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ