تەرمی ئەو گەنجە کوردەی لە لوبنان کوژرابوو گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ 

مانگی رابردوو تەرمی گەنجێکی شاری دهۆک لە لوبنان دۆزرایەوە کە دوای کوشتنی تەرمەکەیان سووتاندبوو، ئەمڕۆ تەرمەکەی گەڕێنرایەوە هەرێمی کوردستان و کەسوکاریشی دەڵێن، "یەک لە بکوژەکان ئامۆزای خۆمانە".
 
ئازاد ئەحمەد ئەترووشی، گەنجێکی تەمەن 42 ساڵی دانیشتووی شاری دهۆکە کە بەهۆی کێشەیەکی هۆزایەتی هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتبوو و لە دوبەی کۆمپانیایەکی بازرگانیی دانابوو، بەڵام وەکو خێزانەکەی باسی دەکەن، "بە فێڵ رایدەکێشن بۆ لوبنان و لەوێ بە حەوت کەس دەیکوژن."
 
رۆژی شەممە، 6ـی کانوونی دووەم، ئەرشەد ئەحمەد حەسەن برای ئازاد ئەحمەد ئەترووشی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دهۆک گوتی؛ "براکەمان لە لوبنان بەدەستی حەوت کەس کوژراوە، سەرەتا بە گولـلە لە سەریان داوە و دواتر تەرمەکەیان سووتاندووە و خستوویانەتە ژێر خاکەوە".
 
پۆلیسی لوبنان لە 28ـی کانوونی یەکەم تەرمی ئازاد ئەحمەد ئەترووشی دۆزییەوە و وەکو ئەرشەد ئەحمەدی برای ئاماژەی پێدەدات؛ تەرمەکەی تاوەکو دوێنێ لە نەخۆشخانەی بەیرووت بوو و ئەمڕۆ گەیشتەوە هەرێمی کوردستان، "ئەو کەسانەی لەپشت کوشتنی براکەمن بەڵگەی تەواومان لایە کە چواریان کوردی عێراقین و یەکێکیان ئامۆزای خۆمانە".
 
ئازاد ئەحمەد ئەترووشی گەنجێکی تەمەن 42 ساڵی دانیشتووی شاری دهۆکە و جەنازەکەی 28ـی مانگی رابردوو لە گوندی بقەعتوتە لە ناوچەی کەسرەوان لە لوبنان دۆزرایەوە و پێشتریش ماڵباتەکەی گوتبوویان؛ "لەلایەن ئامۆزایەکی خۆیەوە کوژراوە کە پارەی داوە بە چەند کەسێک بۆ ئەو کارە".
 
ئەرشەد ئەحمەد لەباری کێشەکەیان لەگەڵ ئامۆزاکانی گوتی؛ "ئێمە کێشەیەکی خێزانیمان لەگەڵ ماڵی مامم هەبووە، برایەکی ئەوان لە کێشەیەکدا کوژرابوو، مانگی شەشی ساڵی پار لە گەڕەکی نزارکێ دەمەقاڵە لەنێوان کوڕی مامەکانم و براکانم دروستبوو و تەقەیان لەیەک کردبوو، لەو شەڕەدا کوڕی مامێکم دەکوژرێت، دواتر بەپێی راپۆرتی دادپزیشکی دهۆک و لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە بابەتەکە قەزا و قەدەر بووە".
 
برای ئەو گەنجە کوژراوە دەشڵێت؛ "ئازاد دوای ئەو رووداوە چوو بۆ دوبەی و کۆمپانیایەکی دامەزراند، کەسێکی خەڵکی سلێمانی بە فێڵ براکەمی راکێشابوو بۆ لوبنان و دواتر هیچ هەواڵێکمان لێی نەبوو، دوای سێ مانگ گەڕانی پۆلیسی لوبنان، دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە و باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان، دواجار تەرمەکەمان دۆزییەوە".
 
ئەرشەد ئەحمەد حەسەن دەڵێت، "ئەوان بۆیان دەرکەوتووە دوو لە بکوژەکان هاووڵاتی تورکیان، یەکیان لوبنانییە و چواری خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە لوبنان سکاڵای یاساییان لەسەر هەر حەوت کەسەکە تۆمارکردووە و لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە."