رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە ئێوارەی رۆژی شەممە، 6-1-2024، بڵاویکردەوە، هێزی ئاسمانیی تورکیا 15 شوێنی تایبەت بە بەرپرس و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیان کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەو راگەیێندراوەیدا کە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەیکردووە کە ئەو هێرشانە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانیان، وەستاندنی هەڕەشەی ئەو رێکخراوانەی کە ئەنقەرە بە تیرۆرست ناویان دەبات کراون. هاوکات، تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان پشتئەستوور بە بڕگەی 51ی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە تایبەتە بە بابەتی بەرگری لەخۆکرن.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "رۆژی 6-1-2024 کاژێر 17:30 لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا لە باکووری عێراق؛ مەتین، گارە، خاکورک، قەندیل و ئاسۆس 15 پێگە بۆردوومانکران کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستی بەکاردەهێنران. ئەو شوێنانەی کرانە ئامانج وەکو ئەشکەوت، حەشارگە، کۆگا بوون و لە بەشێکیاندا بەرپرسانی رێکخراوەکەش هەبوون".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێداگریی لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان نیشانداوە و جەختی کردووەتەوە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا "خەڵکی سڤیلی بێتاوان، دۆستەکان، شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان بە هیچ جۆرێک زیانیان پێ ناگات."
رۆژانی 22 و 23ـی کانوونی یەکەمی 2023 گەریلا و سەربازانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. ئەوکاتە حکومەتی تورکیا کوژرانی 12 سەرباز و برینداربوونی 13ی دیکەی سوپای وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. هەروەها گیانلەدەستدانی 30 گەریلای پەکەکەشی راگەیاند، بەڵام پەکەکە گوتی، 36 سەربازی تورکیایان کوشتووە و دەستیشیان بەسەر 17 چەکی سەربازانی تورکیادا گرتووە.
ئەو شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18-4-2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان، بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە. وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی نزیکەی 850 گەریلا و کوژرانی نزیکەی 130 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی نزیکەی سێ هەزار سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی نزیکەی 400 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ