بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4 پلەی رێختەر مەلەتیی باکووری کوردستانی هەژاند

06-01-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان روویدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا - ئافاد، بوومەلەرزەکە کاژێر 3:10 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 6-1-2024، روویداوە؛ لە شارۆچکەی مەلید-ی سەر بە پارێزگای مەلەتیی هەستیپێکراوە و گوڕەکەی 4 پلەی رێختەر بووە. 
 
شەوی رابردووش بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای بۆڵوی تورکیا بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر روویدا. هەروەها لە پارێزگای ئیزمیریش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر روویدا کە قووڵاییەکەی بە 9.18 کیلۆمەتر تۆمارکراوە. 
 
پسپۆران هۆشداری لەبارەی بوومەلەرزەی سەروو 7 پلە دەدەن
 
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە، 1-1-2024، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 لە پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان روویدا، ناجی گۆرور کە پرۆفیسۆر و شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانییە لە تورکیا، هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە. 
 
گۆرور لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "هاوڕێیان، لە سولەیمان ئوشاغیی پلەمور بوومەلەرزەیەکی 4.2 رێختەری روویدا. ئەم بوومەلەرزەیە لەسەر پلێتی یەدیسو روویداوە کە زۆرترین ترسمان لێی هەیە و زۆرترین سەرنجمان لەسەریەتی. ئەو پلێتە ئامادەی شکان و دروستکردنی بوومەلەرزەیەکی سەروو 7 پلەی [رێختەرییە]. من ماوەیەکە سەرنجم لەسەر تونجەلی و پلەمورە. تەنانەت ئەم بەیانییە باسمکرد. پێویستە سەرنجەکان بخرێنە سەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە و رێکاری پێویست بگیرێتەبەر. دەبێت وابکرێت، شارەکان بەرگەی بوومەلەرزە بگرن".
 
ناجی گۆرور ماوەی زیاتر لە شەش مانگە حکومەتی تورکیا لە مەترسییەکانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ئیستەنبووڵ ئاگادار دەکاتەوە. لەم ماوەیەشدا زیاتر ئاماژە بە شارەکانی باکووری کوردستان، بەتایبەتیش جۆلەمێرگ و دێرسیم دەکات.
 
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان لە مەرەش بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی تورکیا، بەهۆی هەردوو بوومەلەرزەکە زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".