رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار، چوار زانای بواری جیۆلۆجی و بوومەلەرزەزانی کۆکن لەسەر ئەوەی "بوومەلەرزەیەکی زۆر بەهێز" لە جۆلەمێرگ-ی باکووری کوردستان روودەدات و پێکەوە هۆشداری دەدەن.
بەهۆی نزیکبوونەوەی ساڵیادی بوومەلەرزەکانی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023، کە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای گرتەوە، هەریەک لە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد ئۆڤگون ئەرجان، پرۆفیسۆر دکتۆر ناجی گۆرور، پرۆفیسۆر دکتۆر ئۆکان تویسوز و پرۆفیسۆر دکتۆر دۆغان پەرینچەک، کە شارەزای بواری کەشناسین، هەڵسەنگاندنیان بۆ نەخشەی نوێی هێڵی بوومەلەرزەکان کردووە. هەر چوار زانا بەنێوبانگەکەی تورکیا، کۆک بوون لەسەر ئەوەی جۆلەمێرگ-ی باکووری کوردستان لە چاوەڕوانیی "بوومەلەرزەیەکی زۆر بەهێزە،" کە رەنگە لە سەرووی حەوت پلەی رێختەر بێت؛ بۆ ئەمەش هۆشدارییان بڵاوکردەوە.
ئەم زانایانە باسیان لەوە کرد، تورکیا وڵاتی بوومەلەرزەکانە و جگە لە بەهێزکردنی ژێرخانی یەکەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی خۆڕاگر، هیچ چانسێکی دیکەیان نییە، نموونەی ژاپۆنیشیان وەبیرهێنایەوە لە دروستکردنی باڵەخانەی تۆکمە کە توانای خۆڕاگریی بەرامبەر بوومەلەرزەکان، نزیکەی 11 پلەی رێختەرە، کە وێرانترینیانە.
بەرەبەیانی رۆژی 1ی کانوونی دووەمی 2024، سێ بوومەلەرزەی یەک لەدوای یەک بە گوڕی 4.4 و 3.5 و 4.5 پلەی رێختەر لە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان روویاندا. سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد) رایگەیاند، بوومەلەرزەکان بە قووڵایی 7.27 کیلۆمەتر تۆمار کراون.
لەبارەی هەر سێ بوومەلەرزەکەی جۆلەمێرگ، چوار بوومەلەرزەزانەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی نەخشە و هێڵکاریی نوێی بوومەلەرزەکان لە تورکیا گۆڕاون و هەندێک هێڵکاریی نوێ زیاد بوون و بەشێکیشان چالاک بوون.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد ئۆڤگون ئەرجان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "زۆرجار لەگەڵ هاوکارە بەڕێزەکانم لەبارەی جموجووڵی بوومەلەرزەکان و نەخشەکانیان و کاریگەری و هێزەکانیان و ئەگەری روودانیان ناکۆک بووین، بەڵام ئەمجارە هەر چوارمان کۆکین لەسەر ئەوەی بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی نزیکەی حەوت پلەی رێختەر لە جۆلەمێرگ روودەدات."
ئەرجان راشیگەیاند، هۆشدارییەکەیان دووپاتکردەوە و پێداگرن لەسەر ئەوەی تورکیا وڵاتی بوومەلەرزەکانە و دەبێت حکومەت هەموو هەوڵێک بدات بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی بوومەلەرزەکان، ئەویش لە رێگەی دروستکردنەوەی باڵەخانەی خۆڕاگر و بەرزکردنی ستاندەرد و کوالێتیی باڵەخانەکان و سوود وەرگرتن لە بوومەلەرزەکانی مەرەش، کە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەس بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ