رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، مقاوەمەی ئیسلامی بە هەڵە بارەگای پێشمەرگەی کردووەتە ئامانج. دەشڵێت، "ئامانجی یەکەم و کۆتایی تەنیا هێزی داگیرکاری ئەمریکایە".
ئەمڕۆ شەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2024، محەممەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە کەرکووک میوانی بوڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. باسی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە کرد و گوتی، "دڵنیام لەوەی بە ئامانجکردنی بارەگای پێشمەرگە بە هەڵە کراوە. ئامانجی یەکەم و کۆتایی تەنیا هێزی داگیرکاری ئەمریکایە. هیچ کاتێک هێزەکانی مقاوەمە لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە چالاکی نەبووە و نابێتە ئامانجیان".
کاژێر 11:45ـی رۆژی شەممە 30-12-2023 بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام لە پارێزگای هەولێر، بەڵام جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق "داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر دەستپێبکەن و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە."
دوای کوژرانی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بەناوی ئەبوو تەقوا لە بۆردوومانێکی هێزەکانی ئەمریکا لە بەغدا لە رۆژی 4ی ئەم مانگەدا، دەنگی ناڕەزایی لە نێو شیعەکاندا بەرزبووەتەوە و داوا دەکەن هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بکشێنەوە.
بەرپرسەکەی رێکخراوی بەدر دەڵێت، "مقاوەمەی عێراقی لە سەرەتای 2003وە هەمان بۆچوونی هەبووە و ئەمریکای بە هێزی داگیرکەر زانیووە و بەمشێوەیەش رەفتار و مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. ئەوان بە بڕیار و راسپاردەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نەهاتوون، بەڵکو خۆیان بڕیاری داگیرکردنی عێراقیان دا. هەروەها ئەمریکا لە خەمی قوربانییەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفال و کۆمەڵکوژییە جیاوازەکانی نەجەف و کەربەلا و پێکهاتەکانی دیکە نەبووە، بەڵکو تەنیا بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هاتووە."
داواکاریی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن شیعەکانەوە لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئەوان لەسەر داوای حکومەتی عێراق و بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هاتوون، ئێستاش ئەرکەکەیان لە شەڕکردنەوە گۆڕدراوە بۆ راوێژ و مەشقدان بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان.
محەممەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە کەرکووک، دەڵێت، "راستە حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەمریکا لە بواری مەشق و راهێنان و راوێژی سەربازی، رێککەوتنی کردووە، بەڵام ئەمریکییەکان بە پێچەوانەی رێککەوتنەکە رەفتار دەکەن. چەندین بنکەی سەربازیی و سەربازگەیان لە عێراق هەن و نزیکەی پێنج هەزار سەربازی شەڕکەریان بە فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و تانک و زریپۆش و تەکنۆلۆژیای سەربازیی هەیە."
محەممەد مەهدی بەیاتی ئاماژەی بەوەدا کە "ئەمریکا هیچ کاتێک هاوکاریی عێراقی نەکردووە و هەمیشە خۆی سەپاندووە، تەنانەت داهاتی نەوتە فرۆشراوەکانی عێراقیش دەچێتە بانکەکانی ئەمریکا و لەوێ دەستیان بەسەردا دەگیرێت".
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی بەدر پێیوایە، ئەگەر ئەمریکاش نەبێت، هێزەکانی عێراق دەتوانن رووبەڕووی مەترسییەکانی تیرۆر ببنەوە.
بەیاتی دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پێشمەرگەشەوە خاوەنی زیاتر لە 750 هەزار سەرباز دەبن و دەتوانن سنوورەکانیان بپارێزن و یاسا بسەپێنن و پارێزگاری لە ئاسایشی وڵات بکەن". گوتیشی، "ئەگەر پەرلەمان داوای کشانەوەی ئەو هێزانە بکات، ئایا ئەمریکا رێز لە ئیرادەی گەلی عێراق و سەروەری عێراق دەگرێت؟ بۆیە سەرۆکوەزیران فەرمانیکرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی دانوستاندنکار لەگەڵ ئەمریکا و پێیان رادەگەیێنن کە دوای کۆتاییهاتنی پشووی پەرلەمان، نوێنەرانی گەل بۆ دەرکردنی ئەم هێزانە، دەنگ بە یاسایەک دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ