بەفر رێگەی هاتووچۆی 681 گوندی لە باکووری کوردستان گرتووە

06-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێگەی هاتووچۆی نێوان 681 گوند لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان بەهۆی بەفربارینەوە گیراوە. 
 
لە 48 کاژێری رابردوودا شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین پارێزگاکانی وان، جۆلەمێرگ، مووش و بەدلیس لە باکووری کوردستان گرتووەتەوە. بەهۆیەوە رێگەی هاتووچۆی نێوان 681 گوند، یەکەی نیشتەجێبوون، کێڵگە و ئاوایی بەتەواوی داخراون. 
 
شەپۆڵی بەفربارین لە دوو رۆژی رابردوودا کە بەشی رۆژهەڵاتی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە. داخرانی رێگەکانی نێوان گوندەکانیش مەترسی بۆ سەر گیانی خەڵکی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەمەش تیمی شارەوانییەکان و رێگەوبان لە هەوڵی کردنەوەی رێگەکاندا بەردەوام کاردەکەن. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی، لە 48 کاژێری رابردوودا 55 سم بەفر لە پارێزگای مووش، 50 سم لە پارێزگای وان، 40 سم لە جۆلەمێرگ و بەدلیس باریوەن.
 
هەروەها پلەی گەرما لەم چوار پارێزگایەی باکووری کوردستاندا لە نێوان 6-8 پلە دابەزیوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە