شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە دەچێتە بەغدا

رووداو دیجیتاڵ 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ شەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی مووچە دەچێتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان.
 
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بە‌غدا باس لە مووچە نەنێردراوەکانی 2023 و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکەن.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 03-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق لە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بەردەوام بێت تاوەکو کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چارەسەر دەکرێت، چونکە ناکرێت چاوەڕێ بکرێت تاوەکو یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی تائێستا دۆخەکە وەکو خۆیەتی و هەمان هۆکار ماوە کە سێ جار 700 ملیار دیناری پێ رەوانە کرا.
 
تائێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگ (10، 11 و 12)ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، چارەنووسی مووچەی ئەم ساڵیش تائێستا ناڕوونە. جەمال کۆچەر، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە، دەڵێت، "ئەمڕۆ نووسراوێکی فەرمی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و داوای لێدەکات بۆ ئەم مانگە 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات، چونکە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپدان."
 
سوودانی لیژنەیەکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بابەتی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان؛ لیژنەکە لە راوێژکارانی سەرۆکوەزیران و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان و شاندی هەرێمی کوردستان پێکدێت و جەمال کۆچەریش ئەندامە لەو لیژنەیە؛ بەڵام وەکو جەمال کۆچەر باسی دەکات، بەهۆی سەرقاڵبوون بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە لیژنەکەیان هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە، دوو جار هەوڵی کۆبوونەوەش دراوە، بەڵام دواخراوە.
 
هەروەها دەشڵێت، "ئەگەر حکومەت هەمواری یاسای بودجە پەسند بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات، ئەگەر هەموو کارەکانیش بە خێرایی لە پەرلەمان بەڕێوەبچن، پەسندکردنی هەموارەکە لە پەرلەمان بە خوێندنەوەی یەکەم و دووەم و پەسندکردنی، نزیکەی 15 رۆژی پێویستە."